سەرەکی » وتار » ئیرەیی وەک؛ زەنگێکی مەترسی

هەگبەی ژن

ئیرەیی وەک؛ زەنگێکی مەترسی

کنێر عەبدوڵڵا

ئیرەییبردنی مرۆڤەکان بە یەکتری، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، یەکێکە لەو خەسڵەتە مرۆییانەی لە کۆمەڵدا هەیە و هەمیشە جێی گفتوگۆی پەیوەندییە مرۆییەکانە کە سنووری جوگرافی، رەگەزی، ئایدیۆلۆجی، کۆمەڵایەتی و فکری دەبەزێنێت بەڵام، وێڕای بوونی وەک خەسڵەتێکی سروشتی، پرسیارێک دەهێنێتە ئاراوە بەوەی ئایا پەیوەندی لەناو دەبات یان دەیپارێزێت؟

بەگشتی، ئیرەیی؛ بەوە پێناسە دەکرێت کە کاردانەوەیەکی سۆزدارییە بۆ هەستەکان، بەو واتایە دێت کە خاوەن شتێکم و پێموایە کەسێکی دیکە دەیەوێت یان هەوڵدەدات کە بەدەستیبهێنێت، وەک هەر چەمکێکی دیکەش دوو دیوی جیاوازی لەخۆگرتووە؛ ئەرێنی و نەرێنی.

لە کۆمەڵدا، تێڕوانینی جیاواز سەبارەت بەم چەمکە هەیە؛ زۆرێک لە مرۆڤەکان تەنها لە نێوان ژناندا چری دەکەنەوە، یان پەی بە ئیرەیی خۆیان نابەن و قسەی لەبارەوە ناکەن، لەبەر ئەوەی، خودی هەستپێکردنی بە هاوشێوەی تابۆکان دادەنرێت، هەندێک پێیوایە؛ بۆ پاراستنی پەیوەندیی نێوان دوو کەس پێویستە و بێبوونی ئیرەیی هەست بەکەمتەرخەمی و پەراوێزی و بێبایەخی دەکرێت، ئیدی؛ ئەو دوو کەسە لە هەر جۆرێکی
پەیوەندیدا بن.

هەندێک لە توێژینەوەکان؛ ئاماژە بە بوونی ئیرەیی یەکسان دەکەن لای پیاوان و ژنان، لە کاتێکدا؛ دەشێت ئیرەیی پیاوان مەترسیدارتر بێت، بە نموونە؛ لە هەندێ وڵاتی رۆژئاوا %50 تا %70ی ئەو ژنە پێگەیشتووانەی دەکوژرێن، لەسەر دەستی مێردەکانیان یان هاوڕێیەکی نزیکیان روودەدات لە کاتێکدا؛ تەنها %3 ئەو پیاوانەی کوژراون بەدەستی ژنەکانیانن، بۆیە؛ ئیرەیی لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا دەشێت هێزێکی کارەبایی بەرهەمهێن یان روخێنەر بێت، چونکە پەیپێبردن ئازاربەخش و روخێنەرە کە دەرئەنجام کوشتن، دابڕان، شەڕ و ئاژاوە، جیابوونەوەی لێدەکەوێتەوە و هەمیشە وا لە مرۆڤەکان دەکات بە بەردەوامی هەست بە ونبوون و لەدەستدانی ئەوەی هەیەتی بیکات.

هەستکردن بە ئیرەیی، لە یەکێکەوە بۆ ئەویتر دەگۆڕێت، هەروەک؛ چۆن جۆر و هۆکارەکانی لە گۆڕاندایە، لە مرۆڤدا گرێدراوی چەندین هەستی جیای ئاڵۆزە کە دەبێتە هۆی نائارامی و بێزاربوون، کە ئەوەش چەندین هۆکاری تری هەیە، لەوانە؛ ترس، دڵەڕاوکێ، گومان، لەدەستدانی ئەویتر، نائاسایش، بێمتمانەیی، هەڕەشە، غەریزەی بەربەرەکانی لای مرۆڤەکان، کەمبایەخی، کەمتەرخەمی، لەدەستدانی لایەنی سۆزداری، بێباوەڕیی مرۆڤ بەخۆی، هەستکردن بەکەموکوڕی، بەراوردکردنی خود بەوانیتر و ئیرەییبردن پێیان.

بۆ دەربازبوون؛ پێویستە مرۆڤ لە هەوڵی زاڵبووندا بێت بەسەر ئەو هەستەدا، دیاریکردنی هۆکارەکەی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی دەربازبوون لێی، گەڕان بەدوای بابەت و خاڵە هاوبەش و خەسڵەتە باشەکانی ئەویتردا، دۆزینەوەی ئامراز و گرتنەبەری رێگەی جیاواز، لەوانە هاوکاریی پزیشکی دەروونی بەتایبەت ئەو کاتەی مرۆڤ درک بە هەستێکی وەڕسی و بێزاری و زیادەڕۆیی دەکات بەبێ بوونی هۆشمەندی، بەوەش ئاسەواری نەرێنی دەخاتە سەر ژیانی، تەرکیز خستنەسەر کەسایەتی خود و شانازیکردن بەو خەسڵەتە ئەرێنییانەی هەڵگرێتی بەمەبەستی؛ پاراستن و گەشەکردن، بەشێوەیەک لەوانیتر نزیکی بکاتەوە و بۆشاییەکانی پڕبکاتەوە بەئامانجی، تیشکخستنەسەر رێز و خۆشەویستی خۆی و چێژوەرگرتن لە کاتەکانی، بەمەبەستی؛ زامنکردنی تەرکیز خستنەسەر ئەوانەی هەست بە ئیرەییبوونیان دەکات.

 142 جار بینراوە