سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » نیوتن و پێوانەی ژیریی ژن

نیوتن و پێوانەی ژیریی ژن

هیوادارم ناونیشانەكە چەواشەتان نەكات، بە دیاریكراوی باس لە ژن و بیركردنەوە و روانینی ناكەم، بەڵكو تەنیا سەرچاوەیە بۆ دیاردەیەكی دیکەی ژیانی رۆژانەمان، ئەویش ژن بێ‌ یان پیاو!
یەكێ‌ لەو دیاردانەی، كە زیانی زیاتر بە ژیانی رۆژانەمان دەگەیەنێ‌، بیرنەكردنەوەمانە لە شێوازە ئیجابیەكانی ژیانمان كە چۆن بیپارێزین و گەشەی پێبدەین، یان هیچ نەبێ‌ نەیەڵین بە ئاڕاستەیەكدا بڕوات سنوور تێپەرێنێ‌ لە چوارچێوە دەرچێ‌، لە دوای ئەو لە سنوور دەرچوونەوە دێت كە هەمووجار ئاسان نابێت، ئەو سنوور شكاندنە گرێ بدرێتەوە و پێشینان گوتوویانە : مەحالە دەستی شكاو، وەك وەختی بەر شكاندنیلێ بێتەوە. لەڕووی ژیانی كۆمەڵایەتییەوە بەگشتی، چاكترین هەڵبژاردە بۆ ئەوەی تووشی دەست شكاندن و لە سنوور دەرچوونی سەخت نەبین، دانانی بەرنامەیە كە بەهیواوە روانینە سبەینێی ژیانمان دەست پێبكات و باوەڕمان بەوە بێ‌ هەموو جار، لەبەرەنگاریی كێشەدا لەوانەیە عەقڵ میوان نەبێ‌! كە جام لێی رژا، پاك كۆناكرێتەوە.
دەگێڕنەوە جارێكیان بە رێكەوت و لە ئاهەنگێكی رێز لێناندا، ژنێ‌ لە تەنیشت زانای تیۆریی كشانی نیوتن دادەنیشێ و لێی دەپرسێ: جەنابی نیوتن چۆن توانیت بەم تیورە زانستییە گەورەیە بگەیت؟ لەوەڵامدا پێی گوت: خانمەكەم هەر زۆر ئاسان بوو، رۆژانە بەشێكی زووری وەختی خۆم بە بیركردنەوە لەم دیاردە غەریبە بەسەر دەبرد: چی وا دەكات شتی بەرز بكەوێتە خوارەوە بۆ سەر دەرز؟ بەمجۆرە خانمەكەم بیركردنەوە تاقە هوبوو بە ئەنجامی گەیاندم، خانمەكە پێی گوت: دەی من وەختێكی زۆر زۆری خۆم بە بیركردنەوە بەسەر دەبەم و بەهیچ نەگەیشتم! نیوتن لێی پرسی: بیر لەچی دەكەیتەوە خانمەكەم؟ وەڵامی دایەوە: بیر لە مێردەكەم دەكەمەوە كە تەڵاقی دام! نیوتن لێی پرسی : جا بیرت لە مێردەكەت دەكردەوە بەر لەوەی تەڵاقت بدات یان دوای قەومانی تەڵاق؟
خانمەكە وەڵامی دایەوە: بێگومان دوای تەڵاق! لێرەدا زانای گەورە وتی: خانمەكەم ئەگەر بیركردنەوەت لە مێردەكەت و هاوسەریی ژیانتان بەر لە روودانی تەڵاقەكە بووایە ئیستا تۆ دەتتوانی تیورییەكی كێشانی كاریگەرتر لە تیورەكەی من بدۆزیتەوە!

• دوا قسە
رۆژێ‌ رووی ئەزەل ئەتدۆزێتەوە
بێ‌ كەڵەشێریش رۆژ ئەبێتەوە
بەڵێ‌ بەرسیلە ئەبێ‌ بە حەڵوا
بەڵام عومریشت بەتاڵی ئەروا
تا نەبارێنێ‌ باغ گەشكە ناكا
تا نەگارێنێ‌ مر هێلكە ناكا
پیرەمێرد

 256 جار بینراوە