سەرەکی » مانشێت » ٢٤ چەپکە نێرگزی انصات پێشکەش بە رۆحی مام

٢٤ چەپکە نێرگزی انصات پێشکەش بە رۆحی مام

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پیرۆزبایی یادی بیست و چوار ساڵەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی الانصات المركزی لەستافی رۆژانەكە دەكات و لەبارەی دۆخی یەكێتیش رایدەگەیەنێت: دڵسۆزی و خەمخۆری یەكێتییەكان بۆ ئێستا و ئایندەی یەكێتی و گرنگی سەرخستنی هەوڵەكانی بەستنی كۆنگرە مایەی خۆشحاڵییە.
رۆژی 12/3/2018، لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد لە ستاف و كادرانی الانصات المركزی و لە دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای كوردستان و ئاڕاستەی سیاسەتی یەكێتی بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و رۆڵی الانصات المركزی وەك رۆژانەیەكی هەواڵی و شیكاریی گفتوگۆی لەسەركرا.
لەو دیدارەدا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وێڕایی دەربڕینی پیرۆزبایی بۆ یادی بیست و چوار ساڵەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی الانصات المركزی، رۆڵی كادران و ستافەكەی لە گەیاندنی راستییەكان و بەردەوامیدان بەو رۆژانە هەواڵییە بەرزنرخاند و ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەركی راستەقینەی رۆژنامەنووس و میدیاكار، خستنەڕووی راستییەكانە بۆ هاوڵاتیان، ئەو ئەرك و بنەما پیشەییەش رەنگدانەوەی هەبووە لەكاری رۆژانەی الانصات المركزی، بۆیە لەئێستادا بەیەكێك لە كەناڵە گرنگەكانی راگەیاندن و شانازییەكی پڕ لەبایەخی یەكێتی ئەژمار دەكرێت.


لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد باسی گرنگی یەكخستنی ریزەكانی یەكێتی و بەردەوامی هەنگاوەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەم كرد و راشیگەیاند: دڵسۆزی و خەمخۆری یەكێتییەكان بۆ ئێستا و ئایندەی یەكێتی و گرنگی سەرخستنی هەوڵەكانی بەستنی كۆنگرەی نوێبوونەوەو گەشەپێدانی یەكێتی مایەی خۆشحاڵییە و هەرئەوەشە كە زامنی چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكان و بنەبڕكردنیان دەبێت.
لەلایەن خۆیانەوە، سەرنووسەر و كادرانی الانصات المركزی بیروڕای خۆیان بۆ هەستیاری قۆناغەكە خستەڕوو و سوپاسی پێشوازی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد-یان كرد، كە هەمیشە هاوكار و پشتیوانی الانصات المركزی و راگەیاندنە پیشەییەكانی تر بووە، هاوكات هەوڵی جددی بۆچارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیانداوە بەهەمان خەمخۆریی خۆی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی ئێستای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
دواتر، بەیاوەری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كادرانی الانصات المركزی سەردانی ئارامگەی سەرۆك مام جەلال-یان كرد و بیست و چوار چەپكە نێرگزیان وەك وەفادارییەك پێشكەشكردو بەڵێنیان بەڕۆحی پاكی سەرۆك مام جەلال دا، كە هەمیشە لەئاستی ئەو متمانەیەی ئەودابن بۆ خزمەتی یەكێتیی نیشتمانیی و كوردستان و برەوی زیاتر بە الانصات المركزی بدەن.
الانصات المركزی رۆژانەیەكی هەواڵی و شیكارییە، یەكەم ژمارەی لە12ی3ی1994 دەرچووە و مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەریدەكات، سەرۆك مام جەلال خوێنەری بەردەوامی ئەو رۆژانەیە بووە.

print

 7 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*