سەرەکی » وتار » محەمەد كەریم » داركونكەرە

فلاش فیکشن یان ساتەچیرۆک

داركونكەرە

(40)

خۆشت نازانیت بۆچی لەوەتەی دوو گوێچكەت روواوە ئەوەندە رقت لە باڵندەیە؟ راستە چەند جارێك كاتێ ژوانت لەگەڵ كچێكی جوانكیلەدا هەبووە، جوان خۆت گۆڕیوە، بەرلەوەی بگەیتە لای كچە، ریقنەیەكیان كردۆتە پشت ملتەوە و ژوانەكەیان لێتێكداویت و رەنجەكەیان كردوویت بە رەنجەكەی فەرهاد! بەڵام ئەوە ناكاتە ئەوەی خۆت بكەیتە دوژمنی باوەكوشتەی هەرچی تەیر و تورە، تەنانەت گۆشتەكەشیان وەكو گۆشتی سەگ، لە خۆت حەرام بكەیت، ماوەیەكی زۆرە خوویەكی سەیرت پەیدا كردووە، دەچیت لە بازاڕی باڵندان، بولبولێك، فنسێك، خورماخۆرەیەك، ریشۆڵەیەك، باڕەكەوێك … دەكڕیت و هیچی نادەیتێ، هەتا لە قەفەزەكەیدا مردار دەبێتەوە، هەندێ جار، بەرلەوەی مردار ببنەوە، گوێ لە دەنگیان دەگریت، بە ئاستەم جووكەیەكیان لێوە دێت، كەچی پێیان پێدەكەنیت و قاقا لێدەدەیت.

ئێستا لەناو بازاڕی باڵندەكاندایت، ورد ورد سەیر دەكەیت، داركونكەرەیەك سەرنجت رادەكێشێت، بەبێ هیچ خۆگیركردن و سەودا و مامەڵەیەك دەیكڕیت. دەیبەیتە ماڵەوە چەند رۆژێك هەر وا سەیری سەر و فەساڵی دەكەیت و دەنكە جۆیەكیشی نیشان نادەی. ئاخری لە قەفەزەكەی دەریدەهێنیت و لەو ناوەدا بەرەڵای دەكەیت. دڵنیای لە ژوورەكەتدا نە دەنكە گەنمێك نە پەنچكە نانێكی دەستناكەوێت. داریشی تیا نییە، دەگ دەگ دایبگرێتەوە، هەتا كونی دەكات، بۆ ئەوەی كرمە وشكەیەكی دەستبكەوێ و چیكڵدانەی خاڵیی پێ گەرم بكاتەوە. ئەوەندە سەیری هەڵبەز و دابەزی دەكەیت، چاوت رێشكە و پێشكە دەكات. لەسەر دۆشەكەڵە كۆنەكەت رادەكشێیت، دەتەوێ چاوێك گەرم بكەیت. خەو دەتباتەوە. خەون دەبینیت لە ئاوێنەدا سەیری خۆت دەكەیت. هەست دەكەیت سەر و سەكوتت لە شێتێكی پەتەڕی دەچێت. هێندە نازانی وەك ئەوەی گوللەیەك لە چاوی راستت بدرێت، ئازار بە دڵت دەگات، رادەچڵەكیت و پەلەقاژەیەك دەكەیت، لەقەیەك لە پەنجەرەكەی خوار قاچت دەدەیت، شووشەكەی هاڕە دەكات.

داركونكەرەی تاین كە لە برسا هار بووە، دوای ئەوەی ریزێك دەنووك لە چاوی راستت دەدات و كوێرت دەكات. لە شووشەی پەنجەرە شكاوەكەوە فرتەی بۆ دەكات. تەنانەت فریای ئەوەش ناكەویت بیگریت و ملی هەڵپچوڕقێنیت.

 241 جار بینراوە