سەرەکی » زانست » چیرۆكی بە وەفایی سەگەكان

چیرۆكی بە وەفایی سەگەكان

تارا شێخ عوسمان

سەگ لەو گیانلەبەرانەیە كە بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ مرۆڤدا هەبووە و هەمیشە وەك سیمبولی ئەمەك و وەفاداری بۆ خاوەنەكەی ناسراوە و لەم رووەشەوە چەندین رووداوی راستەقینە هەیە كە راستی ئەو خەسڵەتە دەسەلمێنێت كە دراوەتە پاڵ سەگەكان لەوانەش:

چیرۆكی ( كانیلۆ)
كانیلۆ سەگێكی ئاسایی بووە و لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ خاوەنەكەی لە یەكێك لە شارەكانی ئیسپانیا ژیاوە، دوای ئەوەی خاوەنەكەی نەخۆش دەكەوێت و هەفتانە سەردانی پزیشك دەكات (كانیلۆ) هاوڕێیەتی دەكات و لە بەردەرگای نەخۆشخانەكە چاوەروانی دەكات، تا ئەو كاتەی خاوەنەكەی لە یەكێك لە سەردانەكانیدا كۆچی دوایی دەكات، هەرچەندە كەسێكی نزیكی خاوەنەكەی پاش هەوڵێكی زۆر دەیباتەوە ماڵی خۆیان، بەڵام (كانیلۆ) ماوەی دوانزە ساڵ رۆژانە دەچێتە بەردەم نەخۆشخانەكە و بۆ چەند سەعاتێك چاوەڕوان دەوەستێت بەو نیازەی جارێكی تر خاوەنەكەی ببینێتەوە و. بەوەش كانیلۆ بووە نمونەی وەفا لەو شارەدا.

بۆبی هاورێی ماڵ و گۆڕ
بۆبی سەگێكی جوانكیلە بووە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا لە شاری ئەدنبرەی سكۆتلەندا ژیاوە زۆربەی كاتەكانی لەگەڵ خاوەنەكەی بەسەر بردوە كە پۆلیس بووە، دوای ئەوەی خاوەنەكەی دەمرێت، بۆبی ماوەی (14)ساڵ لەسەر گۆڕی خاوەنەكەی بووە و بۆ ساتێكیش جێی نەهێشتووە تا ئەو كاتەی مردار دەبێتەوە، لەپاش ئەو رووداوە وەك رێزگرتن لە ئەمەكداری سەگەكە پەیكەرێك لە نزیك ئەو گۆڕستانە بۆ بۆبی دروست دەكرێت كە خۆی و خاوەنەكەی تێیدا نێژراون.

5 سال لەسەر گۆڕی خاوەنەكەی
چیرۆكی (كولی) هاوشێوەی چیرۆكی (بۆبی)یە، كولی سەگێكی یەكێك لە شارەكانی ئەرژەنتینە، دوای ئەوەی خاوەنەكەی دەمرێت ئەو سەگە ماوەی 5 ساڵ بێ جووڵە لەسەر گۆڕی خاوەنەكەی دەمێنێتەوە، لە ماوەی ئەو پێنج ساڵە دا خێزان و كەسوكاری خاوەنەكەی هەوڵی زۆر دەدەن سەگەكە لەو شوێنە دوور بخەنەوە، بەڵام بۆبی بە وەفا نەیتوانیوە خاوەنەكەی جێبهێڵێت.

چیرۆكی فیدۆو
فیدۆو لە ساڵی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەگەڵ خاوەنەكەی ژیاوە كە ناوی لویجی بووە و دارتاش بووە، لویجی رۆژانە چووەتە وێستگەی شەمەندەفەر بۆ ئەوەی بڕواتە سەر كارەكەی و فیدۆوش دوای كەوتووە و لەوێ چاوەروانی بووە تا ئێوارە گەڕاوەتەوە لە ساڵی 1983دا خاوەنەكەی دەمرێت، بەڵام فیدۆو وەك ئەوەی بڕوای بەوە نەبێت كە خاوەنەكەی مردووە بۆ چەند ساڵێك هەموو بەیانییەك دەچێتە وێستگەی شەمەندەفەرەكە تا ئێوارە چاوەڕیی خاوەنەكەی دەكات، دوای چەند ساڵێك سەگەكەش مردار دەبێتەوە.

گاوچۆ
گاوچۆ سەگی پیاوێكی خەڵكی ئۆرۆگوای بووە و بە سومبولی بەهێزیی پەیوەندی نێوان سەگ و مرۆڤ دادەنرێت، ئەم سەگە بەردەوام لەگەڵ خاوەنەكەیدا بووە، كتوپڕ خاوەنەكەی نەخۆش دەكەوێت و دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، سەگەكەی ملی رێ دەگرێت و خاوەنەكەی لەو نەخۆشخانەیە دەدۆزێتەوە كە ( 50) كیلۆمەتر لە ماڵەكەیەوە دوور بووە، بەڵام كاتێك دەگاتە نەخۆشخانەكە خاوەنەكەی مردووە، ئەو سەگە ماوەی مانگێك لەسەر گۆڕی خاوەنەكەی دەمێنێتەوە دواتر وەك بڵێی لە تاو خەمی لەدەستدانی خاوەنەكەی، مردار دەبێتەوە.

سەرچاوە: DW

 116 جار بینراوە