سەرەکی » مانشێت » كۆتایی فەتح

كۆتایی فەتح

مەحمود عەبدوڵڵا

ئەگەر ناوی خودا بخەیتە پاڵ جەنگێكەوەو بیدۆڕێنیت ئەوا مانای چی دەگەیەنێت؟ ئەردۆغان و هاوبیرەكانی بەناوی خوداوە هێرشیانكردە سەر عەفرین بۆئەوەی بڵێن خودامان لەپشتەو ئەیبەینەوە! بەڵام جارێ ئەوا زیاتر لە پەنجا رۆژە عەفرین بەرگریی دەكات لە جەنگێك كە «خودای ئاكەپە و داعش و هاوبیرەكانیان پشتیوانە» لەو جەنگەدا نەک خودای موسڵمانان!
دەنا چۆن دەبێت خودایەك كە بە چەند شەوو رۆژێك دنیای دروستكردووە، بەزیاتر لە پەنجا رۆژ نەتوانێت عەفرین بخاتە دەستی شوێنکەوتەکانییەوە؟، کەوابێت ئەوان خودای خۆیان لە دژایەتی کورددا دەبیننەوەو خوداش هی هەمووانە
سەركەوتنی عەفرین كلیلێك دەبێت بۆ كردنەوەی ئەو قفڵەی لە مێشكی خەڵك دراوە، لەلایەن ئەردۆغان و قەرەزاوی و هاوشێوەكانیان، شكستی ئەردۆگان هەر شكستی سەربازی نابێت، بەڵكو شكستێكی گەورەی ئایدیۆلۆژیش دەبێت. بۆیە تەواوی دۆگماتیك و كۆنەپەرستان هاربوون و دەترسن گرێ كوێرەی بێ هەست و ڕۆحكردنی تاكی رۆژهەڵاتی بكرێتەوە، ئەمە دەبێتە سەرەتای هۆشیاربوونەوەی ویژدانی تاك و لەو خەوە قووڵە رزگاری دەبێت، ئیتر پیلانگێڕانی عەقڵ فڕێ دەدرێتە زبڵدانی مێژووەوە.
ئەمە جەنگی بەدر نییە، جەنگی گوڵاڵە نییە، كە ئیمپراتۆریەتێكی داڕزاوی لەبەردەمدا بێت، ئەوە جەنگی ئاینیی سێیەمە لەگەڵ ئاینی چوارەم*.
جەنگاوەرانی رێگای ئازادی و ئاشتی و برایەتی گەلان، لەبەردەم «خەلیفە» وەستاون، لە بەردەم سورەتی فەتح-ی ئەردۆغانیدا سوڕەتی ئازادیی و ژن و ژیان وەستاون، ئێرە دووڕیانی تاریكی و ڕووناكی، عەقڵانیەت و دۆگماتیزم، دیموكراسی و فاشیزمه.
ئەم جەنگە هەرچەندە جەنگێكی نابەرابەرە، هەرچەندە خەلیفە لەجیاتی شیر و تیر پێشكەوتووترین چەك و تەكنەلۆژیای جەنگیی پێیە، بەڵام بە دواكەوتووترین هزرەوە رووبەڕوی شۆڕشێك بوونەتەوە كە هاوتای نییە لەئیرادەو مرۆڤایەتیدا.
بەڵێ شۆڕشێك كە بانگەوازی ئازادیی و هەستانەوە سەرپێی گەلە بەدبەختەكانی رۆژهەڵاتی ناوین دەكات، نەعرەتەی شۆڕش زراوی سوڵتانەكان و پیاوە فێڵبازو بێویژدانەكانی بردووە.
بۆئەوەی رۆژهەڵاتی ناوین ژیانێك بژی شایستەی ژیان، دەبێت لەیستۆكی سوڵتانە خوێنمژو واعیزەكانی كۆتایی پێ بێت، دەبێت مێشكی تاك بكرێتەوە تا دەست و دڵ و چاو و گوێچكەی بەڕووی داهێنان و خۆشەویستی و جوانی و ئاوازی ژیاندا بكرێتەوە. بە باوەڕی من سەركەوتنی عەفرین لێدانێكی گەورە دەبێت لەو دۆگماتیزمەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیەو ئەو قفڵە دەكاتەوە كە بەناوی خوداوە لە مێشكی مرۆڤەكان دراوە.
سەر كەوتنی عەفرین دەبێتە پاژنەی ئاشێلی بەناو پیاوەكانی خوداو قفڵێك لەو فەتحە ئەردۆغانییە دەدرێت و كۆتایی دێت.ئیتر ئەو بەهەشتەی سوڵتانەكان و دۆزەخی چەوساوەكان شوێن بۆیەكتر چۆڵ دەكەن.
دەبێت بزانین ئەوانەی جەنگ دەبەنەوە بەهێزەكانن، نەك ئەوانەی گوایە خوایان لەگەڵە. قەرەزاویش وتویەتی كە خودا پشتیوانی ئەردۆگانە، گەلۆ لە شەڕی عەرەب ـ ئیسرائیلیش واتان دەوت، لێ ئیسرائیل سەركەوت!
مرۆڤی هۆشیار تێدەگات كە خودا نە لەگەڵ جەنگەو نە بەشداریی هیچ جەنگێكیش دەکات.
*مەبەست لە و كۆمەڵگە نوێیەیە كە ئۆجالان تیۆریزەی كردووە ئۆجەلان دەڵێت»سەرم سوڕما كەوتیان تۆ خەریكی دروستكردنێو ئاینێكی نوێیت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*