سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » ئەمانەت و ئەخلاق لە قسەکردن و لێدواندا

ئەمانەت و ئەخلاق لە قسەکردن و لێدواندا

یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان تاکی کورد لەگەڵ تاکی وڵاتێکی یاسا سەروەردا ئەوەیە کە ئەوان کاتێک قسەیەک دەکەن(بەڕەسمی) بەبێ بەڵگە نایکەن و هەوڵی ترش و خوێ کردنی نادەن، رێگە نادەن بە خۆیان بۆ چەند سەعاتێک یان رۆژێک لە رێگەی بوختانەوە کۆمەڵگەکەیان بشڵەقێنن بۆ مەرامێکی کەسێتیی یان سیاسی.

ئەوەش کە خەڵکی ئاسایی جیا دەکاتەوە لە کەسانی بەرپرس و سیاسەتمەدار و ناودارەکانی ناو کۆمەڵگە، ئەوەیە کە ئەوان بە خێرێ دەبێت ببنە پێشڕەوی کۆمەڵگە بۆ بنیاتنانی سیستمێکی تەندروست، ئەمەش بەم شێوەیە دروست نابێت ئەگەر دوو شتی سەرەکی تێدا رەچاو نەکرێت پێش ئەوەی وەک هەڵوێست دەریبڕێت، ئەویش ئەخلاق و ئەمانەتە.

ئەخلاقی سیاسیی بریتییە لە پابەند بوون بە بەڵێنەکان، نەشکاندنی مەرجەکان، خیانەت نەکردن، رێزگرتن لە بەرامبەر و رێکەوتننامەکان، خەنجەر لێنەدان لە پشتەوە لەکاتی هودنەدا، دەرنەچوون لە بازنەی سیاسەتی نێودەوڵەتی پێشکەوتووانە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، هەڵسوکەوتکردن بەپێی ئەو سیستمە حزبییەی کە هەوڵی بۆ دەدات و لای حزبەکەی چەسپیوە.

ئەمانەت ئەوەیە، کە کەسێک بە ئەمانەتەوە قسە بکات و هیچ چەواشەکارییەک یان ناشرینکردن(جنێو بە کەس و خێزانی کەسەکە) و هەڵبەستنی بوختان و لێدوانی ناڕاست چ بە ژمارە یان بە کات و رووداو لە لێدوان و قسەکانیدا نەبێت.

هەندێک دێن و لێدوانێکی دژ وەک پەرچەکردار دەدەن و هەرچی بە دەمیاندا هات هەڵیدەڕێژن، ئەم لێدوانە چەواشەکارییە رەنگە رووداوی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە تا ئەوکاتەی بۆیان دەردەکەوێت راست نییە و تەنها چەواشەکارییە.

پەرلەمانتارێک دێت و گوایە شتێکی نوێ ئاشکرا دەکات، بەڵام کە بەڵگەکەی دەستی دەخوێنێتەوە، بە بەروارەکەیدا 18 مانگی تێپەڕاندووە و ئەو شتەش کە ئەو باسی لێوە دەکات، نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە خەڵک دەجووڵێنێت و وتم و وتی لێدەکەوێتەوە، کەسەکان لە دژی یەک هەڵدەستنەوە، لەوانەی دەزانن لێدوانەکە ناڕاستە و لەوانەش کە هەمیشە لە دەرگای خۆشباوەڕیی دەدەن و دەکەونە بازرگانیکردن بەو لێدوانە بێسەروبەرەیەوە.

ئەوانەی کە بە ئەخلاقەوە قسە دەکەن، هەمیشە لەو مینبەرانەوە دەیکەن کە پابەندی ئەخلاق و ئەمانەتن و دەهۆڵ لێدەری کەسێکی هەڵتۆقیو نین، ئەم جۆرە مینبەرانەش لای ئەو گێرەشێوێن و خۆشباوەڕانەوە نە تەماشا دەکرێت نە گوێی لێ دەگیرێت، لێرەوە خەڵکی گێرەشێوێن تا دێت زۆرتر دەبن و هەڵدەکشێن، بەمەش کۆمەڵگە بەرەو ناتەندروست تر دەڕوات و دواتریش دەبێت هەر ئەوانە باجەکەی بدەن کە بەم جۆرە رەفتار دەکەن.

رەفتاری لەو جۆرانە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو کۆمەڵایەتیشە و ئەو ئەخلاقە بۆیان دەبێتە کارەکتەری خۆیان و لە مامەڵەیاندا لەگەڵ دەوروبەری خۆیان و تەنانەت لە ناو خێزانەکەشیاندا رەنگ دەداتەوە، لای ئەوان هەموو شت واتا پارە و بەرژەوەندیی، لای ئەوان واتا هەرچی هەیە بیخەرە کار تا بەرژەوەندییەکانی خۆت بپارێزیت و پارەی زۆرتر بەدەست بهێنیت، لای کەسی بەرژەوەندیخواز شەرم نییە چی بڵێت و چۆنی بڵێت و سەرەلەقێ بۆ کێ بکات، هەروەک بەلاشییەوە ئاسانە لە ساتێکدا چەندین درۆ بکات و راستییەکان بشارێتەوە.

لاوازبوونی هەستی نیشتمانیی و نەتەوەیی لای تاکەکانی کۆمەڵگە لە رێگەی کارە ناشیرینەکانی حکومڕانیی هەرێمەوە لە 30 ساڵی رابردوودا، بووە هۆکاری خۆشکردنی زەمینەیەک کە هەلپەرست و تاکی نانیشتمانیی تێیدا تەراتێن بکەن و هەر رۆژە لە ژێر ناوێکدا و لەناو گروپێکدا هەزاران کەس لە خۆیان کۆبکەنەوە و لە رێگەی شتنەوەی مێشکیانەوە خواستەکانی خۆیان بەدەست بێنن، ئەگەرچی کاتییش بێت، دواجاریش ئیفلاسیان پێدەکەن و خۆشیان لەو سەروەت و سامانە دەخۆن کە بەدەستیان هێنا.

کەسانێک دروست بوون لەم کۆمەڵگەیەدا پەنا بۆ هەموو شتێک دەبەن، ئەگەرچی خۆشیان دەزانن کە ناڕاستە و نەخۆشییە، بەڵام بەردەوام دەبن لەسەر ئەو رەوتە هاوشێوەی سەدامی دیکتاتۆر، کە دەیووت: «هەموو شت لە پێناوی سەرکەوتنی جەنگی قادسییەدا»، ئیتر هەموو شت واتا هەموو رەفتارێک لە خزمەتی قادسییەدا بێت ئەگەر شەرەف و کەسایەتی و ئەخلاقیشی تێدا نەبێت.

 276 جار بینراوە