سەرەکی » راپۆرت » کڕیارانی سەوزە و میوە داوای بەرهەمی ناوخۆ دەکەن

کڕیارانی سەوزە و میوە داوای بەرهەمی ناوخۆ دەکەن

راپۆرتی/ سەباح شوکر

بەهۆی پڕنەکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بە سەوزە و میوەی خۆماڵی، بەشێكی زۆر لەو سەوزە و میوانەی رۆژانە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جیاوازەکان بەكاریدەهێنن لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەكرێن، جگە لەوەی پارە و سەرمایەیەکی زۆر بە فیڕۆدەچێت، هاوكات وەک کڕیاران ئاماژەی بۆ دەکەن بەشێك لەو بەرهەمانە خراپ بوون و ئەو تام و چێژەشی نییە كە لە بەرهەمەکانی ناوخۆدا هەیە.

هاووڵاتیان و فرۆشیارانی سەوزە و میوە داوا دەكەن حكومەت گرنگی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆ بدات بە هاوکاریکردنی جوتیاران و دابینکردنی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و پێدانی بنەتۆ و کەرەستە کیمیاییەکان و دەرمانی قڕکردنی مێرووەکان بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ.

سەوزە و میوەکان تام و بۆنیان نەماوە
مام عوسمان لە بازاڕی سەوزە و میوە خەریکی کڕینی پرتەقاڵ و خەیار بوو باسی لەوەکرد ساڵانی رابردوو سەوزە و میوەکان تام و بۆنیان جیاواز بوو و ئەگەر بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕ دەست بکەوتایە بەرهەمی دەرەکی نەدەکڕی و وتی، جاران بۆنی خەیار و پرتەقاڵ رۆژە رێیەک دەڕۆشت ئەوە جگە لە تامە خۆشەکەیان، بەڵام ئەو بەرهەمانەی ئێستا لە بازاڕدا هەن تام و بۆنەکەی جارانیان نەماوە.

فاتمەش ژنێکی بەتەمەن بوو گلەیی لەوە هەبوو میوەکان تامی میوەی ساڵانی رابردوویان نەماوە و وتی، کە منداڵ بووە و باوکی پرتەقاڵی بۆ کڕیون زۆر بەتام بووە و بۆنیشی زۆر خۆش بووە هەر بۆیە توێکڵە پرتەقاڵەکانیان کردووە بە ملوانکەو لە ملیان کردووە.

كەریم مستەفا فرۆشیاری سەوزە و میوەیە لە بازاڕی حەیدەر بەقاڵ لە نزیک پردی سەیداوەی شاری هەولێر و هاوکات سەرپەرشتیاری بازاڕەکەشە بە كوردستانی نوێی راگەیاند، زۆربەی ئەو بەرهەمانەی لەو بازاڕەدا دەفرۆشرێن لە وڵاتەكانی توركیا و ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، هەروەها هەندێك لەو بەرهەمانە بەتایبەتی پڕتەقاڵ و سێو و خورما و ئەنەناس و هەندێكی تریان لەبەرئەوەی تا دەگاتە ئێرە چەند رۆژێکی پێ دەچێت بەشێك لەتام و چێژەكەیان لەدەست دەدەن.

وتیشی، جگە لەوە بەشێک لە سەوزەو میوەکان بەهۆی ئەوەی پێشتر ماوەیەکی زۆر لە بەڕاد هەڵدەگیرێن پاشان دەنێردرێن بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەش وا دەکات کۆن ببن و بەشێکیشیان خراپ ببن.

بەشێک لە بەرهەمە هاوردەکان نرخیان هەرزانە
هەر لەو بازاڕەدا فرۆشیارێكی تر چەندین جۆری جیاواز سەوزە و میوەی لەسەر عەرەبانە داناوە بۆ فرۆشتن و وتی، بەشێک لە بەرهەمەکانی دەرەوە هەرزان دەکەون و هاووڵاتیان بەباشی دەیکڕن، بەڵام تام و بۆنەکەیان ناگاتە بەرهەمی ناوخۆ ئەوانەی بە خاك و ئاو و هەوای كوردستان بەرهەمدەهێنرێن.

باسی لەوەشکرد، بەشێک لە هاووڵاتیان بەرهەمێکی جوانیان دەوێت و بەلایانەوە گرنگ نییە بەرهەمەکە هی ناوخۆیە یان دەرەکی.

لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەشی پێداویستی ناوخۆ پڕ ناکاتەوە هاوکات کەرتی کشتوکاڵیش بەو رادەیە پێش نەکەوتووە کە سەرجەم جۆرەکانی سەوزە و میوە لە هەموو وەرزەکاندا دەست بکەوێت، بۆیە بە ناچاری دەبێت لە دەرەوەی وڵات جۆرە جیاوازەکانی سەوزە و میوە بهێنرێتە هەرێم و خواستی هاووڵاتیانی لەسەرە.

هاووڵاتیان هەموو وەرزەکان بەرهەمیان دەوێت
هاووڵاتیانیش بەلایانەوە گرنگە لە هەر چوار وەرزەکەدا هەموو جۆرەکانی سەوزە و میوەیان دەست بکەوێت و لەیلا باسی لەوەکرد، ساڵانی رابردوو میوە و سەوزەکان تەنها وەرزی پێگەیشتنیان لەبازاڕ دا هەبوون هەربۆیە بەشێکیان لێ وشک دەکردنەوە و هەڵیان دەگرتن بۆ ئەو وەرزەی دەست نەدەکەوت.

بەشێک لە هاووڵاتیان گلەیی لەوە دەکەن مووچەخۆری و دامەزراندن وایان لە جوتیاران كرد بەردەوام نەبن لە كاری كشتوكاڵی و ئەو کەرتە لە جیاتی پێشکەوتن بەرەو دواوە هەنگاو بنێت.

ئارام عومەر یەکێکە لەو کاسبکارانەی ماوەی چەند ساڵێکە لە عەلوەی هەولێر کاردەکات وتی، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشیارانی سەوزە و میوەی گەڕەک و ناوچەکانی تری هەولێر کە سەردانیان دەکەن داوای بەرهەمی ناوخۆ دەکەن، بەڵام لەبەر کەمی هەموویان بەریان ناکەوێت و بە ناچاری بەرهەمی دەرەکی دەبەن بۆ فرۆشتن.

پاڵپشتی حکومەت کەمە بۆ جوتیاران
خەلیل محەمەد جوتیار لە دەشتی هەولێر وتی، خاک و ئاو و هەوای کوردستان لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی زۆربەی سەوزە و میوەکان، بەڵام ئەوە بەتەنیا بە جوتیارێک ناکرێ کە خۆی توانای دارایی کەمە، بۆیە بەبێ پاڵپشتی حکومەت جوتیار ناتوانێت پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدات.

وتیشی: ئەگەر پاڵپشتی حکومەت هەبێت و هانی گەنجان بدرێت بۆ کاری کشتوکاڵی بەشێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە، ئەوا دەتوانرێ لە چوار وەرزی ساڵ خاوەنی بەرهەمی خۆمان بین و تەنانەت هاوردەی دەرەوەشی بکەین، بۆیە ئەگەر هاوکاری حکومەت هەبێت، ئێمە دڵنیاین کڕیاران پێشوازی لە بەرهەمەکانمان دەکەن.

ئەو جوتیارە پێشنیازی ئەوەشیکرد، گرنگی زیاتر بەساردکەرەوە بدرێت، بۆئەوەی بتوانرێ بەرهەمی کشتوکاڵی لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر هەڵبگیرێت، بەتایبەتی دەبینین لە وەرزی بەهار و هاوین جوتیارانی هەرێم رێژەیەکی زۆر بەرهەمی ناوخۆیمان هەیە، بەڵام بەهۆی کەمی ساردکەرەوەکان یان گرانی نرخی هەڵگرتنی، جوتیاران زەرەرمەند دەبن و زیانی زۆریش بە کەرتی کشتوکاڵی دەکەوێت.

 306 جار بینراوە