سەرەکی » راپۆرت » خەساندنی کیمیایی وەک سزایەک بۆ تاوانی لاقەکردن

خەساندنی کیمیایی وەک سزایەک بۆ تاوانی لاقەکردن

ئامادەکردنی: دڵان سامان

تاوانی لاقەکردن یەکێکە لەو تاوانانەی لە زۆربەی وڵاتاندا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، بۆیە دەبینین لە یاساکانی هەندێک وڵاتدا سزای زۆر توندیان بۆ داناوە بۆ رێگریکردن لەو تاوانە و کەمکردنەوەی، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا تا ئێستا یاسایەکی روون و گونجاو نییە بۆ ئەو تاوانە، یاخود ئەگەر تاوانبار قوربانییەکە مارە بکات لە سزا رزگاری دەبێت.

چەند ساڵێکە لە هەندێک وڵاتدا سزایەکی نوێ بۆ ئەو تاوانبارانە جێبەجێ دەکرێت، وەک وڵاتانی کۆریای باشوور و پۆڵەندا و کۆماری چیک و هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا و…هتد، لەم دواییانەشدا لە پاکستان دان بەو سزایەدا نراو چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەویش سزای خەساندنی کیمیاییە بۆ ئەو تاوانبارانەی تاوانی لاقەکردن دەکەن.

هەندێک دژی ئەم سزایە دەوەستنەوە، بە هۆکاری ئەوەی نامرۆڤانەیە و کاریگەرییە لاوەکییەکانی لەسەر تەندروستی زۆرە وەکو فشەڵبوونی ئێسک و نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان و خەمۆکی و کەمخوێنی، بەڵام هەندێکی دیکە پاڵپشتی لێدەکەن و بە سزایەکی گونجاوی دادەنێن، بەو پێیەی ئەگەر تاوانبار کاتی سزاکەی تەواوکرد و لە زیندان بەربوو توانای ئەوەی نابێت جارێکی دیکە ئەو تاوانە دووبارە بکاتەوە.

خەساندنی کیمیایی چییە؟
خەساندنی کیمیایی بریتییە لەوەی هەندێک دەرمانی تایبەت دەدرێت بەو کەسە بە درێژایی سێ بۆ پێنج ساڵ بەشێوەیەک توانا سێکسییەکانی و حەز و ئارەزووەکانی کەم دەبێتەوە، ئەو کەسانەی پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە دەکەن، بۆ ئەوەیە چیتر تاوانبار نەتوانێت ئەو تاوانە دووبارە بکاتەوە، بەتایبەتی ئەو تاوانبارانەی ئەو تاوانە بەرامبەر منداڵان دەکەن.

ئەو تەکنیکە وادەکات تاوانبار پاڵنەرە سێکسییەکانی بوەستێت و نەتوانێت دووبارە ئەو تاوانە بکات و جیاوازییەکەی لەگەڵ خەساندن بە نەشتەرگەری ئەوەیە کاریگەرییەکەی کاتییە و لە رێی هەندێک دەرمانەوە دەکرێت، بەڵام لە نەشتەرگەرییدا کاریگەرییەکەی بەردەوامە و بەشێک لەو ئەندامانە لادەبرێن، ئەم تەکنیکە لە وڵاتانی وەکو سوید و دانیمارک و کەنەدا و وڵاتە ئەسکەندەنافییەکان تاقیکراوەتەوە، ئامارەکان دەریدەخەن گەڕانەوەی تاوانبارانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بۆ ئەو تاوانە بە رێژەی 5-40 % کەم دەکات.

حکومەتی پاکستان ئەو یاسایەی کردە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەوەی دادوەر بۆی هەیە ئەو سزایە بسەپێنێت بەسەر ئەو تاوانبارانەی چەندین جار ئەو تاوانەیان کردووە یان ئەوانەی لە تاوانی لاقەکردنی بەکۆمەڵدا بەشدار بوون، لەگەڵ ئەو تاوانبارانەی تاوانی گێچەڵی سێکسی بەرامبەر منداڵان دەکەن، پێشتر لە ساڵی 2020 دا سزای لە سێدارەدان یان زیندانیی هەتا هەتایی بۆ ئەو تاوانە لەو وڵاتەدا دانرا کاتێک لە رووداوێکدا بە کۆمەڵ دایکێک بە بەرچاوی منداڵەکانییەوە لەسەر یەکێک لە رێگا خێراکانی هاتوچۆ لاقەکرا، ئەوەش تووڕەییەکی زۆری لە نێو کۆمەڵگەدا نایەوە و بەو شێوەیە سزاکان توند کرانەوە، ئینجا لە نۆڤەمبەری ئەمساڵدا ئەو سزایە بۆ ئەو تاوانە زیاد کرا.

لە سەرەتای ساڵی 2018 دا، لە تورکیا کەیسێکی لاقەکردنی منداڵێکی چوار ساڵ لەلایەن گەنجێکی بیست ساڵەوە لە کاتی ئاهەنگێکی زەماوەندا هەڵڵایەکی زۆری نایەوە، بەشێوەیەک دادگای تورکیا بڕیاری جێبەجێ کردنی خەساندنی کیمیایی بۆ ئەوانەی دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر منداڵان دانا و دادوەران و دادگاکانی سەرپشک کرد بەوەی ئەو سزایە بەسەر ئەو جۆرە تاوانبارانەدا بسەپێنن.

سزاکانی تاوانی لاقەکردن
لە وڵاتە عەرەبییەکاندا جیاوازی لە سزاکانی تاوانی لاقەکردندا هەیە، لەوانە میسر سزای لاقەکردن 3-7 ساڵ زیندانییە لەگەڵ کاری قورس و تێیدا دەڵێت: «هەر کەسێک دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر یەکێکی دیکە بەهێز یان لەژێر هەڕەشەدا، ئەوا بە سزای سێ بۆ حەوت ساڵ زیندانی لەگەڵ کاری قورسدا سزا دەدرێت»، بەڵام ئەگەر ئەوەی ئەو تاوانەی بەرامبەر کراوە خوار 16 ساڵ بێت و ئەوەی ئەو تاوانەی بەرامبەر کردووە کەسی نزیکی قوربانییەکەیە بن وەکو باوک یان باپیر و…هتد، ئەوا سزاکەی دەگاتە 25 ساڵ لەگەڵ کاری قورسی کاتیی یان هەتا هەتایی.

ئەمە لەکاتێکدایە تا ساڵی 1999 یاسای میسری لە تاوانبار خۆش دەبوو، ئەگەر قوربانییەکەی مارە بکردایە، بەڵام ئەو ماددەیە لەو ساڵەوە لە یاسادا پووچەڵکرایەوە و لادرا.

لە ئوردون یاسا لەو بارەیەوە توندترە، سزای ئەو تاوانە دەگاتە 15 ساڵ لەگەڵ کاری قورس لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت، ئەگەر قوربانیی 15 ساڵی تەواو نەکردبێت، ئەوا سزاکەی لەسێدارەدانە، بەڵام ئەگەر 18 ساڵی تەواو نەکردبێت ئەوا سزای تاوانبار زیندانیە بۆ 20 ساڵ لەگەڵ کاری قورس، هەروەها بەپێی پێگەی DW ئەڵمانی بێت، لە ساڵی 2017 دا لە ئوردون ئەو مادەیە لە یاسادا لابرا بەوەی تاوانبار لە سزا رزگاری دەبێت، ئەگەر قوربانییەکە مارە بکات.

بەپێی پێگەی CNN ئەمریکی بێت، لە مەغریب سزای لاقەکردن زیندانیە بۆ ماوەی 5-10 ساڵ، لە حاڵەتی لەدەستدانی پەردەی کچێنیدا سزاکەی دەگاتە 20 ساڵ زیندانی، هەروەها ئەگەر قوربانییەکە تەمەنی یاسایی تەواو نەکردبێت، سزاکەی 10-20 ساڵ زیندانیە و لە دۆخی نەمانی پەردەی کچێنیدا سزاکەی دەگاتە 30 ساڵ زیندانی.

لە جەزائیر تاوانبارانی تاوانی لاقەکردن بە زیندانی بۆ ماوەی 5-10 ساڵ سزا دەدرێن و ئەگەر قوربانییەکە تەمەنی یاسایی تەواو نەکردبێت، سزاکەی 10-20 ساڵ زیندانی دەبێت.
لە سعودیە سزای لاقەکردن کە دادگا دەتوانێت بیسەپێنێت جەڵد کردنە بە بەرچاوی خەڵکەوە تا دەگاتە لەسێدارەدان، هەروەها سزاکانی زیندانی لە 5 ساڵ و غەرامەکردن دەگاتە 80 هەزار دۆلار، بەڵام سزاکانی ئەو تاوانە لەوێ هەر یەکەی بەپێی تاوانەکە دەگۆڕێت و یاسایەکی دیاریکراو دانەنراوە بۆ ئەو تاوانە.

لە قەتەر سزای تاوانبار بە تاوانی لاقەکردن چەند سزایەک دەگرێتەوە، لەوانە زیندانی لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت، بەڵام ئەگەر قوربانییەکە لەخوار تەمەنی 16 ساڵیدا بێت دەگاتە 14 ساڵ زیندانی، ئەگەر ئەو کەسەی تاوانەکەی بەرامبەر کردووە مامۆستا یان بەرپرس بێت لە بەخێوکردنی بە سزای زیندانی هەتا هەتایی سزا دەدرێت.

لە عیراقیش بەپێی یاسای سزادان، سزا بۆ تاوانی لاقەکردن تا زیندانی هەتا هەتایی دەچێت، بەپێی ئەوەی دۆخی روودانی تاوانەکە قورسە یان دۆخەکەی سوکە، چونکە ئەگەر تاوانبار کەسی نزیکی قوربانییەکە بێت یان قوربانیی تەمەنی یاسایی تەواو نەکردبێت، سزاکەی توندتر دەبێت.

ئەو سزایە لە رۆژئاوا بەپێی پێگەی یاسایی
Legal Solicitors پارێزەرانی بەریتانی بێت لە بەریتانیا سزای لاقەکردن دەگاتە زیندانی هەتا هەتایی، هەرچەندە کۆی ناوەندی سزای ئەوانەی ئەو تاوانەیان بەسەردا دەسەپێت 8 ساڵ زیندانییە، حوکمی دەرچوو بۆ تاوانباران لە نێوان 7 کەسدا 1 کەسیان سزاکەی لە 4 ساڵ کەمترە، ئەمە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد بێت.

یاسای تاوانەکانی کەنەدا پێناسەی بۆ تاوانی لاقەکردن نەکردووە، بەڵام سزای بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەکی سێکسی داناوە بە زۆر و لە ژێر هەڕەشەدا بکرێت، بەبێ رەزامەندی کەسی بەرامبەر بە سزای زیندانی دەگاتە 10 ساڵ، لە حاڵەتی دۆخی سوکدا سزاکەی لە 18 مانگ زیندانی کەمتر نییە.

لە فەرەنسا هەر کردارێکی سێکسی بە زۆر و لەژێر هەڕەشەدا یان بەفێڵ بکرێت، تاوانبار بە سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی 15 ساڵ زیندانیی دەکرێت.

سەرچاوە : arabicpost.net

 211 جار بینراوە