سەرەکی » وتار » حەسەن فەلاح یەکەم کاریکاتێریستی کورد

حەسەن فەلاح یەکەم کاریکاتێریستی کورد

به‌ختیار سه‌عید

یەكێك لە كێشەكانی نەبوونی ئەرشیف لەناو ئێمەدا بەتایبەتی و بە گشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بەردەوام ئەم ناوچەیە لە دابەشبوون و شەڕ و شۆڕی بەردەوام بووە، ئەمەش بۆتە هۆكاری نەبوونی سەقامگیریی و نا ئارامی، ئەوانە هەمووی پێكەوە هۆكارن بۆ ئەوەی بیر لە ئەرشیفكردن بكرێتەوە و لە هەمان كاتیشدا بپارێزرێت، ئەمە وایکردووە، ئێمە وەک کورد بۆ گەڕانەوە بۆ ئەرشیف و تەنانەت مێژووی خۆمان، پەنا بۆ ئەو بابەتانە بەرین، کە گەریدە و مێژوونووسانی بیانی لەکاتی سەردانیان بۆ کوردستان نووسیویانە و بوونەتە سەرچاوەی ئەمڕۆمان.

قۆناغی یەكەمی كاریكاتێر رۆژنامەی حبزبوز
ساڵی 1931 لە شاری بەغدا و لەسەر دەستی (نوری سابت) رۆژنامەی (حبزبوز) وەكو یەكەمین گۆڤاری كاریكاتێر لەسەر ئاستی عیراق دەردەکرێت، رۆژنامەكە لە لایەن كەسێكەوە دەرکرا كە لە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی گۆیژە لە دایك بووە، خۆی شێوەكار و كاریكاتێریستە و بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە لەژێر گوشاردا بووە، تەنانەت لە ساتی دەركردنی ژمارەی یەكەمی گۆڤارەكەدا هەوڵی تیرۆركردنی دراوە، ئەم گۆڤارە بۆتە سەرەتایەكی دەوڵەمەند بۆ هونەری كاریكاتێر لە عیراق و كوردستان، هەر لەم رێگەیەوە شێوەكار حەسەن فەلاح وەك شێوەكارێكی كورد لەم گۆڤارەدا كاریكاتێری بڵاوكردۆتەوە و ژمارە (1) لە رۆژی 29ی ئەیلولی 1931 چاپ و بڵاوبۆتەوە و 303 ژمارەی لێ دەرچووە و دوایەمین ژمارەی لە رۆژی 5ی تەمموزی 1938 بڵاوبۆتەوە و رۆژنامەكە لە نێوان كاریكاتێر و بابەتی كۆمیدی خۆی بینیوەتەوە. (1)

بەهۆی درووستبوونی كێشە بۆ نوری سابت-ی سەرنووسەر، زۆربەری كارەكانی لەژێر ناوی خوازراودا بڵاوكردۆتەوە لەوانە (خجە خان) و (جدوع بن دوخە) لەو دەمانەی، كە سەرقاڵی ئەم رۆژنامەیە بووە، فەرمانبەر بووە لە وەزارەتی مەعاریف و دواتر لە وەزیفەكەی دەركراوە و لەم رۆژنامەیەدا هەریەك لە (عەبدولجەبار مەحمود، سوعاد سەلیم، فەیەق حەسەن، عەتا سەبری و…هتد) توانیان رۆژنامەكە بەڕێوەببەن، لەلایەكی ترەوە (نوری سابت) بۆ خۆی هونەرمەندێكی كاریكاتێر بووە و چەندین كاری لە رۆژنامەكەدا بڵاوكردۆتەوە.

یەكەمین كاریكاتێر لە مێژووی عیراقدا بڵاوبۆتەوە، لەژێر ناوی (ئینقلابی ئەمنی) بووە و یەكەمین كاریكاتێر، كە لە بەرگی ژمارە (1)ی ئەم رۆژنامەیەدا بڵاوبۆتەوە كاریكاتێری (عەبدولجەبار مەحمود) بووە.(2)

لە باشووری كوردستان لە پێش (حەسەن فەلاح) هونەرمەندێكی تر هەبووە بەناوی (مەحمود شەوقی) كە كاریكاتێری كێشاوە، بەڵام لە هیچ رۆژنامە و گۆڤارێكدا بڵاوی نەكردۆتەوە، تەنها وەك ئارەزوویەك ئەو كارەی کردووە و لە هیچ پیشانگە و بۆنەیەكدا بەشداری نەكردووە، بەشێك لە كارەكانی لەسەر دەسەڵاتی ئەو كاتە کردووە، هەر بۆیە لەسەر كاریكاتێرەكانی نەفی دیوانیە دەكرێت و بەداخەوە هەموو ئەو كارانە لە ناوچوون و نەپارێزراوە.(3)

ئەنوەر توڤی
(ئەنوەر سینو) ناسراو بە ئەنوەر توڤی ساڵی 1925 لە بامەڕنی لە دایك بووە، مامۆستا، شانۆكار، كاریكاتێر و نیگاركێش بووە و دیكۆری دەیان شانۆیی كێشاوە و رۆژی 25/11/1994 لە شاری بەغدا كۆچی دوایی كردووە، ئەم هونەرمەندە بە پێی ریزبەندیی ئەوانەی كاریكاتێریان كێشاوە، دەبێتە سێیەمین هونەرمەند لە باشووری كوردستان كاری كردووە و بەرهەمەكانی لە زۆرێك لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاوكراوەتەوە، بەتایبەت لە رۆژنامەی ژین-دا.(4)

گۆڤاری برایەتی – سمكۆ ناكام
سمكۆ ناكام نووسەر و شانۆكار و كاریكاتێرستی كورد، یەكێكە لەو كەسایەتییە تایبەتانەی كە مێژوویەكی پڕشنگداری هەیە لەو بوارانەی، كە كاری تێداكردووە، دیارە هەموومان شانۆییەكانی (چەخماخە، گوڵە مێخەك، بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە، رەجەب و پیاو خۆرانی) بینیووە، كە بەشێكە لە كارە شانۆییەكانی ئەم هونەرمەندە، هەروەها وەكو كاریكاتێریست بەرهەمەكانی لە رۆژنامەی برایەتی لە نێوان ساڵانی 1970-1971دا بڵاو كردۆتەوە، بەتایبەت گۆشەیەك هەبووە لەناو گۆڤارەكە بەناوی (گاڵتە) و بۆ هەر ژماریەك هونەرمەند كاریكاتێرێكی تێدا بڵاوكردۆتەوە و هەموو ئەو ژمارانەی كە لەو دوو ساڵەدا چاپ و بڵاوكراوەتەوە ئەو گۆشەیە و كاریكاتێرێكی لە خۆگرتووە، بەتایبەت لە ژمارەكانی (1-8) هەروەها هونەرمەند جگە لە كاریكاتێر لەم گۆڤارەدا بە چەند وێنەیەك بۆ ئەو چیرۆك و بابەتانەی كە لە گۆڤارەكەدا بڵاوبۆتەوە وێنەی تایبەتی بۆ كێشاوە، دواتریش لە دوای دامەزراندنی گۆڤاری سیخورمە لە شاری سلێمانی چەندین كاریكاتێری بڵاوكردۆتەوە. (5)

یەكەمین پیشانگەی كاریكاتێر
ساڵی 1973 یەكەمین پیشانگەی كاریكاتێر لە شاری سلێمانی و بۆ هونەرمەند (سمكۆ ناكام) لە هۆڵی ئامادەیی سلێمانی كوڕان كرایەوە، كە گۆڕانكارییەكی جۆری بوو لە كردنەوەی پیشانگە و جیاواز لە پیشانگەكانی تر، كە پێشتر چاوی ئامادەبووانی كاریكاتێر پێی راهاتبوون، لە دوای 5 ساڵ هونەرمەندی شێوەكار (دارا حەمە عەلی) لە ساڵی 1978 لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی پیشانگەیەكی تایبەتی كردەوە، لەدوای ئەوەی پیشانگەكەی لە شاری هەولێر كردبۆوە و ئەو سەرەتایە بووە هۆكار بۆ كردنەوەی پیشانگەی تری ئەو هونەرمەندانەی لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بە كاریكاتێر بەشداریان كردبوو، لەوانە كردنەوەی پیشانگەیەكی تایبەت بۆ شێوەكار (سەرچڵ شەوقی) ساڵی 1989 لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی، دواتریش لە دوای راپەڕین چەندین پیشانگەی تری كاریكاتێر لە شارەكانی باشووری كوردستان كرایەوە و تەنانەت گروپی تایبەت بەم هونەرە دروست بووە لەوانە (گروپی نەقیزە) لە شاری سلێمانی.(7)

سەرچاوەكان:
1-لكاردینیا- گۆڤارێكی ئەدەبی گشتی ئەلكترۆنییە.
2-رۆژنامەی عیراقیون- ژمارە 1259 رۆژی 26ی حوزەیرانی 2008
3-خێزانی مەحمود شەوقی و ئازاد عەبدول واحید.
4-ئەنوەر توڤی، پێشەنگی هونەری كاریكاتێری كوردی- هەندرێن خۆشناو- رۆژنامەی بەدرخان ژمارە (98) حوزەیرانی 2008 لا23
5-گۆڤاری برایەتی ژ (1-8) ئامادەكردن و لە چاپدانەوەی (ئاری نانەكەلی) ساڵی 2020 لە شاری هەولێر چاپكراوە.
6-رۆژنامەی هاوكاری ساڵی 1970-2000 و گۆڤاری رەنگین كە گۆڤارێكی مانگانەیە و ژمارە (1) ی مانگی تشرینی دووەمی 1987 دەرچووەو سەرجەم ژمارەكانیان سەیر كراوەتەوە.
7-دیدار لەگەل هەردوو كاریكاتێرست (دارا حەمە عەلی و سەرچڵ شەوقی).

 

 141 جار بینراوە