سەرەکی » وتار » پێشمەرگە قارەمانەکان پارێزگاریی لە گیانیشتان، پارێزگارییە لە نیشتمان

پێشمەرگە قارەمانەکان پارێزگاریی لە گیانیشتان، پارێزگارییە لە نیشتمان

مایەی نیگەرانییە لە چەند رۆژی رابردوودا و لە زنجیرەیەك پەلاماری تیرۆریستانی داعشدا بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە گەرمیان ‌و دەشتی قەراج و كەندێناوا، چەندین پێشمەرگەی قارەمان شەهید ‌و چەند پێشمەرگەیەكیش برینداربوون، كە بەداخەوە بەهۆی سەختیی برینەكانیانەوە، چەند پێشمەرگەیەك لە بریندارەكانیش شەهیدبوون.

هەرچەندە هیچ كاتێك قسە و لێدوانی رۆژنامەنووسان ‌و ئەوانەی لە مەیدانی روبەڕوبوونەوەكەدا و لەسەر ئەرزی واقیع لەگەڵتان نین، هیچ بەراوردێك ناكرێت بە گیانبازی ‌و فیداكاریی ئێوە كە بە فیعلی و بە رژانی خوێنی خۆتان پارێزگاریی لە خاك ‌و خەڵكی كوردستان دەكەن، بەڵام رووداوەكانی هەفتەی رابردوو دەهێنن چۆن ئێوە پەرۆشی خەڵك ‌و خاكی نیشتمانن، ئێمەش لانیكەم پەرۆشی سەلامەتیی گیانی ئێوە و هاوخەمی رۆڵە و هاوسەر ‌و دایك ‌و باوك ‌و كەسوكارتان بین بەگشتی.

رووداوەكانی هەفتەی رابردوو چەند دیمەن و سیناریۆیەكی هاوشێوەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تێدا بوو كە مایەی تێڕامانی شارەزایانی بواری سەربازیی ‌و شرۆڤەكارانە، چونكە سیناریۆی دوو هێرشەكە چ لە سنووری گەرمیان لە كوڵەجۆ ‌و ئەوەی نزیك بەنداوی باوەشاسوار و چ ئەو دوو هێرشە یەك لەدوای یەكەی سنووری قەراج و كەندێناوا لە گوندی خدر جیجە لەڕووی تەكنیك ‌و تەكتیكەوە هاوشێوە بوون، كە بریتی بوون لە هێرشی قەناس ‌و چەكی سووك بۆسەر سەنگەرەكان، پاشان چاندنی بۆمب ‌و تەقینەوەی بە هێزی فریادڕەسدا یاخود دانانی بۆسە بۆ هێزی فریادڕەس، ئەمە پرسیاری ئەوە دروست دەكات كە ئایا رێنمایی پێشمەرگە كراوە لە چۆنێتی بەهاناوەچوونی هەڤاڵە پێشمەرگەكانیان؟ ئایا پێشمەرگە فریادڕەسەكان پابەندبوون بە رێنمایی ‌و فەرمانی فەرماندەكانیانەوە؟.

بێگومان دەبێت فەرماندە و پێشمەرگەكانی سەنگەری بەرگریی چەندە پابەندن بە پارێزگاریی لە خەڵك ‌و خاكی كوردستانەوە، هێندەش پابەندبن بە پارێزگاریی لە گیانی خۆیانەوە، هەروەك هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامی سەرەخۆشییەكەیدا بۆ كەسوكاری شەهیدەكانی هەردوو رووداوەكەی گەرمیان ‌و سنووری قەرەچوغ ئاماژەی پێكردبوو كە دەڵێت: ״داوا لە ‌برایانمان دە‌كە‌م، برا پێشمە‌رگەكانمان، وریاتربن لە‌ پاراستنی ژیانی خۆیان وە‌ك چۆن خاك و نیشتمانە‌كە‌یان دە‌پارێزن، چونكە‌ دڵۆپێك خوێنی پێشمە‌رگە‌ هێندە‌‌ی گە‌ورە‌یی و قورسایی شاخە‌كان بە‌ ئازارە‌ بۆ ئێمە‌״.

راستە، پێشمەرگە گیانلەسەردەستەكانمان نایانەوێت سەنگەرەكانیان چۆڵ بكەن ‌و دەیانەوێت بەرگریی لە شكۆی نیشتمان ‌و نەتەوەكەیان بكەن، بەڵام لە جەنگدا چەندین جار روویداوە سەنگەر بگیرێت و دواتر هەر بە هیمەتی پێشمەرگە گیراوەتەوە، بەڵام زۆرجار روویداوە سەنگەرەكەش گیراوە و پێشمەرگەش شەهیدبوون، بۆیە پاراستنی گیانی خۆتان ‌و پەلە نەكردن و پابەندبوون بە فەرمانی فەرماندە مەیدانی ‌و باڵاكانەوە، هەم گیانی خۆتان دەپارێزێت ‌و هەم دەرفەتێكی باشترتان دەداتێ بۆ تێگەیشتن لە ئاراستەی هێرش ‌و پەلامارەكانی دوژمن، بۆیە ئەو چەند هێرشەی رۆژانی رابردوو ئەوەیان دەرخست كە بەهاناوەچوونی هاوڕێ ‌و هەڤاڵەكانتان كە چەند سەد مەترێك لێتانەوە دوورن بە ئۆتۆمبێل، زیانی زیاتری هەیە لەوەی بە پیادە و بە وریاییەوە لە چەند رێچكەیەكەوە بگەنە فریایان، چونكە ئەگەر بۆمبی چێنراویشیان نابێتەوە، ئەوا ژمارەی شەهید ‌و بریندار كەمتر دەبێت ‌و توانای هاتنەدەستیش لەكاتی دانانی بۆسەدا دەستوبردتر دەبێت.

خاڵێكی دیكە كە دەشێت هەڤاڵانی پێشمەرگە رەچاوی بكەن، نەدانی زانیاریی ورد ‌و ستراتیژییە بە میدیاكان لەبارەی دۆخی سەنگەرەكان ‌و بڕی چەك ‌و جۆرەكانی كە هەندێكیان یان بە مەبەست یاخود بێ مەبەست ‌و بەمەبەستی بەدەستهێنانی چەند لایك ‌و كۆمێنتێك، بڵاویدەكەنەوە و بەوەش ژیانی پێشمەرگە ‌و خەڵكی مەدەنیی ئەو ناوچانەش دەخەنە مەترسییەوە.

بەشی هەواڵ و بەدواداچوون

 132 جار بینراوە