سەرەکی » دۆسێ » ئاوێنەی عیراق » ئاڵۆزییەكانی بەغدا روو لە باشوور دەكەن

پارێزگارەكان دەستلەكاردەكێشنەوە

ئاڵۆزییەكانی بەغدا روو لە باشوور دەكەن

ئاوێنەی عیراق

بەغدا كە لە هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی رابردووەوە هێورنەبۆتەوە، بەهۆی رێگریی و ناڕەزایی هێزە سیاسییە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن، پزیسكی ئاگری ناڕەزاییەكانی بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور دەگوازێتەوە.

خۆپیشاندان لە زیقار
سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری زیقار و دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ پارێزگاكە دەربڕی كە دەكەوێتە باشووری وڵات.

پارێزگاكانی باشووری عیراق، بە تایبەت پارێزگاكانی زیقار و دیوانیە نەجەف، حۆپیشاندانی جیاجیایان بەخۆوەبینی لەم ماوەیەی دوایی كە دەیان كەس بەشدارییان تێدا كرد و داوای هەلی كار و باشكردنی خزمەتگوزاریی و باریی گوزەرانیان دەكرد.

وێڕای گۆڕانكاریی كێشەكان چارەسەرنەكراون
شاری ناسریە كە زۆرینەی دانیشتوانی شیعەن و 350 كیلۆمەتر لە باشووری بەغدای پایتەختەوە دوورە، بۆتە مۆڵگەی سەرەكی بزاوتنی ناڕەزایی كە لە تشرینی یەكەمی 2019وە دەستیپێكرد، شارەكە بەدەست هەژارییەكی لەڕادەدەر و خراپی ژێرخان و بڵاوبوونەوەی بێكاریی لەنێو لاواندا دەناڵێنێت، وێڕای ئەو سامانە نەوتییەی لە شارەكەدا هەیە.

پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ نەجەف
بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەی داوای دەستلەكاركێشانەوەیان دەكرد، لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف لە 24ی كانوونی یەكەمی 2021 بەشێوەیەكی رەسمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی پێشكەش كرد.
یاسری لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»لەپاش دەستپێكردنەوەی دەوامی رەسمی و لە 27ی كانوونی یەكەمی 2021 نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەش بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكات و لەو بارەیەوە چاوەڕوانی وەڵامی كازمی دەكات».

بە وتەی یاسری»هاشم كرعاوی جێگری یەكەمی پارێزگار، لە جێگەیدا ئەركەكەی لەئەستۆ دەگرێت، تا ئەو كاتەی كەسێتییەكی نوێ‌ بۆ پۆستەكە رادەسپێردرێت».

ئامادەیی بۆ چوونەو بەردەم دادگا
لوئەی یاسری رایگەیاندبوو»ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگا و دەستەی دەستپاكی، لە حاڵەتی بوونی هەر كەیسێك كە لەلایەن هەر لایەنێكەوە لەدژی جوڵێنرا».

رێكەوتنی سیاسی و كێبڕكێ‌ لەسەر پۆستەكان
سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن، دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگارەكان، لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسییە لەنێوان فراكسیۆن و حزبەكان و لە چوارچێوەی كێبڕكێیە بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئەو سەرچاوانە بە ماڵپەڕی (المسری)یان راگەیاند»رەوتی سەدر بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر، هەوڵدەدات پۆستی پارێزگاری نەجەف وەربگرێت، ئەمەش لەبەر گرنگی و پێگەی پارێزگاكە بۆ رەوتەكە، لەسەر ئەو دۆسێیەش لەگەڵ رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەممار حەكیم رێكەوتن كراوە».

ململانێی نێو ماڵی شیعە
باسل كازمی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت»دیاردەیەكی نوێ‌ هەیە كە پێشكەشكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەیە، بە تایبەت لەلایەن پارێزگارەكان لە پارێزگاكانی باشوور، ئەمەش ململانێی نێو ماڵی شیعە دەخاتەڕوو».

كازمی بە (المسری)ی رایگەیاند»ئەوەی فەرمان بە دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگارەكان دەكات، دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی كە دەتوانێت پشێوی بخاتە نێو وڵات و رێگە لە سەقامگیریی بگرێت، لەحاڵەتی دەستەبەرنەكردنی دەستكەوتەكانی».

هەڵوێستی سەدر
موقتەدا سەدر رابەری ڕەوتی سەدر، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بە دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری نەجەف دەربڕی و داوای كرد، خۆی و خێزانەكەی لە هەر هەڕەشەیەك كە رووبەڕووی دەبێتەوە بپارێزرێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن سەدرەوە بڵاوكرابۆوە»دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری نەجەف، هەنگاوێكە رووەو ئاراستەیەكی ڕاست.. ئەم هەنگاوەی بۆ ئەژماردەكرێت».

بە وتەی رابەری رەوتی سەدر»پێویستە حكومەت خۆی و خێزانەكەی بپارێزێت لە هەر هەڕەشەیەك كە رووبەڕووی دەبێتەوە و بەپێی یاسا و رێسا كارپێكراوەكانیش مامەڵە لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەكەیدا بكرێت».

لە ماڵپەڕی (المسری) وەرگیراوە

www.almasra.iq

 94 جار بینراوە