سەرەکی » کەلتوور » کوردستانی نوێ یەکەمینە لە سینەمادا

لە ماوەی (124) ساڵەی رۆژنامەڤانی کوردیدا

کوردستانی نوێ یەکەمینە لە سینەمادا

هاوار مستەفا خان

2-2 و کۆتایی

لە 29ی 8ی 1996 لە گەلەری ئەربێلا کە دکتۆر فەرهاد پیرباڵ بەڕێوەی دەبرد و شوێنەکەی دەکەوتە یەكێک لە خانوەکانی سەر قەڵای هەولێر، کۆڕێکی تایبەتم لەسەر سینەمای پەناهەندەی کوردی هەبوو لەلایەن هاوڕێم کەریمۆك بەڕێوەچوو. رۆژی دواتر لە ژمارە(1373)رۆژی هەینی (30-8-1996)، زنجیرەی(9)ی گۆشەی سیناراما بەناوی فیلمی(نێرگز بووکی کوردستان)بڵاوبووەوە و ئیتر کەژاڵ خان و کوردستانی نوێم نەبینییەوە تاوەکو جارێکی دیکە دوای گۆڕانی هاوسەنگی هێز و گەڕانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ نیوەی زیاتری ناوچەکانی بندەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان. کوردستانی نوێ سەرلە نوێ دوای دەرچوونی دوو ژمارە لە هەفتەیەكدا، ئینجا لە سێیەم ژمارەی خولی نوێی»سلێمانی»دا رۆژانە کەوتەوە دەرچوون و گۆشەی سیناراماش بە فیلمی(مەم و زین)لەناو گەرمەی شەڕی ناوەخۆدا دەستی پێکردەوە، کۆتا فیلمی ئەو گۆشەیەش فیلمی»چەپکێ نێرگز»ی حەمە عەلی خان بوو، دواینجاریش بە(دوا قسەکانی سیناراما دوای 21 فیلم) لە (17-6-1997)گۆشەکە کۆتاییهات.

گۆشەی دووەم «سینەماتیك»
دوای گەرمبوونی باس و خواستی سینەما و زۆربوونی بەرهەمهێنانی فیلم و چالاکی رۆشنبریی و فراوانبوونی ئازادیی و ئاوەدانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان»ئیدارەی سلێمانی»، جموجۆڵی ئێمەش زیاتر بوو، ئەو کاتەی گۆشەی سیناراما-م بڵاودەکردەوە، هاوکات لە رۆژنامەی «ئاڵای ئازادی»حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیش گۆشیەکەم هەبوو هەفتانە بەناوی(مێژووی سینەما)بڵاودەبوویەوە. لەوێشدا (15)زنجیرەی باس و خواستی مێژووی سینەمام گەرم کرد و بڵاوبوونەوەی بابەتی سینەمایی گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی.

یەکەم گۆشەی سینەماتیك «دوای وتەی پێشەکی»لە ژمارە(1694)ی ساڵی حەوتەم، رۆژی چوارشەممە (9-9-1998)، بە ناوی فیلمی»ژیان»دەستی پێکرد.

تا کۆتایی ئەو گۆشەیە(47)فیلمم بڵاوکردەوە کە زۆرترینی ئەو فیلمانەبوون بە کامێرای (یۆماتیك و ڤی ئێچ ئێس) وێنەیان گیرابوو.

لەناو سیاسیەکانی ئەو سەردەمەدا تاکە کەس کە گۆشەی «سینەماتیك»ی بە دڵ بوو، رەوانشاد دکتۆر کەمال فوئاد بوو، تەنانەت لەسەر پێشەکی ئەو گۆشەیەدا تێبینی لەسەر «ئەرشیفخانە»هەبوو کە بەندە وەك دەستەواژەیەك بەکارمهێنابوو، ئەو پێی باش بوو تەنها وشەی ئەرشیف بنووسرێت پێویست بە» خانە» ناکات و بەلایەوە زۆر گرنگ بوو کە فیلمەکان بپارێزرێن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.

گۆشەی سێیەم «کلاکێت»
بەهۆی گەشەکردن و ئەو جموجۆڵەی لە هەردوو ئیدارەی حکومەتی هەرێم، لە»سلێمانی»و «هەولێر»لە ئارادابوو، پشکی ئازادیی و فراوانیی چاپەمەنییەکان بەر سلێمانی کەوتبوو، ئەو کات هێشتا بە خەیاڵی کەسدا نەهاتبوو ناوی «پایتەختی رۆشنبیری»لە سلێمانی بنرێت، چوون هەر بە کردەوە پایتەختی رۆشنبیری و سیاسیش بوو.

کوردستانی نوێ، گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و لەپای چاکەی هەوادارانی، گۆڤارێکی مانگانەی بەناوی» پشووی کوردستانی نوێ»چاپ و بڵاوکردەوە و بەندە هەرزوو بوومە ئەندامی خێزانی ئەو گۆڤارە و بەشی و هونەری و ریکلامم بەرکەوت.

لە ژمارەی (1 تاوەکو 5)تێیدا بەردەوام بووم و گۆشەیەكم بەناوی «کلاکێت»کردەوەو هەر بەمەبەست وێنەی تیمساحێکم دانا کە دەمی وەکو «کلاکێت»کردبۆەوە..

بێجگە لە ستوون و گۆشە و وتار، هەواڵ و راپۆرتیشم لەسەر فیلمی کوردی ئامادە دەکرد و دەستەواژەکانی(بۆرسە و بازاڕ و بۆکس ئۆفیس)م هێنایە ناو نووسین و لە پاشکۆی ئەدەب و هونەر و دواتر لەو رۆژنامانەی بەندە خاوەنی ئیمتیاز و سەرنووسەر بووم، بایەخی زیاترم بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری سینەماییدا.

گۆشەی چوارەم «سینەما..چی؟!»
لە (1-3-2019)هەفتانە و لە کۆبەندی(هەینی شەممە) جارێکی تر لەگەڵ کوردستانی نوێدا بە گۆشەی(سینەما..چی؟!) تێهەڵچوومەوە و ئەمجارە بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانم، بیرەوەری گەنجێک کە لەسەرەتای کارکردنیدا بوو لە بواری سینەمادا، بەڵام کێرفی سیاسی و حوکمڕانی و پاشان شەڕی ناوەخۆ و ئینجا دوو ئیدارەیی و روخانی رژێمی سەدام و تێکەڵکردنەوەی دوو حکومەتەکەی باشور و ململانێی بەردەوامی سیاسی، هێندەی برد کاتێك ئاوڕماندایەوە چارەگە سەدەیەك لە تەمەنمان رۆیشت و نەمانتوانی بە دڵی خۆمان تێر لە جوانیەکانی سینەما رابمێنین و وەبەرهێنانی تێدا بکەین.

ئەم گۆشە بیرەوەرییە(47)زنجیرەی لێ بڵاوکرایەوەو لە سەرەتای منداڵیمەوە تا دەگاتە کارکردن لە شانۆ و تەلەفزیۆن و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دەرکردنی رۆژنامە درێژەی کێشا و بڕیار بوو لە ژمارەکانی دواتردا وەك قۆناخێکی تری کار، هەندێك لاپەڕەی تری ژیانی هونەری و میدیاییم، لە دروست کردنی فیلم و دەرکردنی رۆژنامە و نوسن هەڵبدەمەوە، بەڵام دەرکەوتنی پەتای کۆڕۆنا وەك وڵاتانی دونیا گەیشتە کوردستان و بۆ ماوەیەک ژیان و کار پەکی کەوت و رۆژنامەی کوردستانی نوێ- ش وەك زۆربەی چاپەمەنییەکانی تر پەکی کەوت و دواتر بە بێ چاپکردنەوەی پاشکۆکانی دەستی بە دەرچواندن کردەوە، تا مەترسیەکانی کۆڕۆنا بەرەو کەمبوونەوە رۆیشت رۆژنامەکە گەڕایەوە باری ئاسایی خۆی، بەندەش بەسەر کاری تردا کەوتم و هەر ئەوەندە توانرا بۆ ماوەی یەک ساڵ لە(1-3-2019 تاوەکو 30-1-2020)گۆشەی» سینەما..چی؟!» بەردەوام بوو.

بە گۆشەکان و وتار و ستوون و هەواڵ و راپۆرت و دیدارەکان، ژمارەی بابەتی سینەماییم بە تەنها لە رۆژنامەی «کوردستانی نوێ»دا لە سەدان بابەتی سینەمایی تێپەڕی کە زۆرینەی بابەتەکان لە دەوری سینەمای کوردی خولایەوە و بێجگە لە کوردستانی نوێ، لەچەندان رۆژنامە و گۆڤاری کوردیی باشوری کوردستان بابەتم لەسەر سینەما بڵاوکردەوە لەوانەش:
رۆژنامەی وڵات، رێبازی ئازادی، ئاڵای ئازادی، رێگای کوردستان، هەرێمی کوردستان، رۆژنامەنووس، خەبات، هەولێر، بەدرخان، پیرەر، بەدرخان تایمز، بەدرخان فیلم، گۆنای فیلم. رەنگە ئی تریش هەبن بەڵام ئەوەندەیانم لەبیرە.

لە گۆڤارەکانیش: ژمارەی یەکەمی گۆڤاری « ئێستا»و چەندین ژمارەی تری، باڵاکێو، خاك، پشووی کوردستانی نوێ، ئایندە، گۆڤار.

لە یەکەم توێژینەوەی دەرچوونیشدا کوردستانی نوێ یەکەمە
دوای پەیداکردنی ئەزموونێکی خاکەڕایی و بزێوی بواری رۆژنامەڤانی و نووسین و رەخنەی سینەمایی، بەسەر خوێندنی دبلۆمدا کەوتم و وەك ژمارەیەکی زۆری هاوڕێکانم، بووینە خوێندەڤانی بەشی رۆژنامەنووسی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی و وەك یەکەمین پۆلی خوێندەڤانی ئەکادیمیش بڕوانامەی دەرچوونمان لەو بەشەدا بەدەستهێنا.

توێژینەوەی دەرچوونی ئەو قۆناخەی خوێندم ناونیشانێکە جێگەی شانازی بەندەیە و هەتاوەکو ئێستاش بەختەوەرم کە لەو کاتدا دوو بواری گرنگی مۆدرێن و ژیانیی وەك(سینەما و میدیا)م بەیەکەوە گرێدا و ناونیشانی « رۆشنبیریی و رۆژنامەنووسی سینەمایی لە رۆژنامەنووسی کوردیدا»م کردە بەردەبازێك بۆ دۆزینەوەی نەوتراو. بەمجۆرەش لەنێو تەواوی رۆژنامەکانی دوای راپەڕین و بە درێژایی رۆژنامەڤانیی کوردی کە ئەوسا تەمەنی گەیشتبووە (100) و یۆبیلی ئەڵماسی پڕ کردبوو، کوردستانی نوێ بە تاقی تەنیا لەتای تەرازوویەك بەرانبەر تای تەرازووەکەی تر «مێژووی رۆژنامەڤانیی کوردی»بە هاوسەنگی وەستایەوەو تا بە ئەمڕۆش دەگاتەوە هەر یەکەمینە لە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری سینەمایی.

هەر ئەو خۆشەویستیەش بوو وایکرد ئەو دوو بوارە بۆ یەکەمجار لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریدا بە ناوی(پەیامی بەدرخان)گرێبدەمەوە و بۆ یادی سەد ساڵەی رۆژنامەڤانی کوردیی پێشکەش بکەم، پاڵەوانی سەرەکیش کە رۆڵی بەدرخانی بینی هاوڕێم» نووسەر و رۆژنامەنووس مەریوان مەسعود بوو کە دوای چارەگە سەدەیەك کارکردن و بەردەوامی، ئێستا جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ-یە.

کاروانی رێی سینەما و رۆژنامەڤانیی درێژەی هەیە، دواین پلە و پۆستیشم لەو بوارەدا خاوەنی ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤاری «سۆلیوود»ە کە تایبەتە بە هونەری حەوتەم.

پیرۆزە ساڵێکی تری تەمەنی یەکەمین رۆژنامەی رۆژانەی کوردستانی نوێ کە (30)ساڵی تەمەنی لەگەڵ تەمەنی پڕ جۆش و خرۆشی ئێمە و سینەما بەڕێکرد و بەندەش (27)ساڵان بە بابەتی سینەمایی بەشداریم لەگەڵ گەورەبوونیدا کرد، نزیکەی دوو ساڵیش لەو ماوەیەدا لەناو ئەو ماڵە گەورەیەی رۆژنامەڤانیدا کارم کرد.

پیرۆزە بەهیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر!

 87 جار بینراوە