ساتەچیرۆک

گوناه!!

(49)

ئەگەرچی سی ساڵ زیاترە دەیبوغزێنم، بەڵام لە دڵی خۆمدا دەڵێم، بەسە ئیتر، خۆ دوژمنی باوەكوشتەم نییە. كە بەرەو رووم دێت، دەمەوێت زۆر خۆمانە خۆشی چلۆنی لەگەڵ بكەم و توند دەستی بگوشم.

دەڵێم: «مەرحەبا كاكە حەمیدی ئازیز!»

دەڵێت:»گوناهت دەگات وەڵڵا، ناوم عەبدولحەمیدە، حەمید چییە؟»

لە بێخەوە ژیوان دەبمەوە، بەبێ ئەوەی یەك وشەش بڵێم لاتریسكە دەبەستم و لێی دەدەم دەڕۆم. پیش دەخۆمەوە، بەبێ ئەوەی بزانم بەرەو كوێ دەڕۆم؟ هەنگاوەكانم دەمبەن.

رووداوەكانی سی ساڵ بەر لە ئێستا وەكو فیلمی سینەمایی دێنەوە بەرچاوم. هاوتەمەنین، من هێشتا ژنم نەهێناوە، ئەو ژنێكی كەڕ و سێ كچی هەیە، ئەمما ژن چ ژنێك وەكو فریشتە شۆخ و شەنگ، سێ كچ وەكو پەڕەی گوڵ ناسك و جوان، شەش، چوار، دوو، ساڵن. عەشق لە كەللەی دەدات، دەیەوێت هەر چۆنێك بێت، بە دڵدارەكەی بگات، دۆستەكەی لەو كچانەیە كە پێیان دەڵێن: «پیاودز»، ئامادەیە بە كراسی بەرییەوە شووی پێبكات، تەنیا بە یەك مەرج، ئەمیش ژنەكەی تەڵاق بدات. ئەم وەكو ئەوەی گەنجی كیسرای خرابێتە بەردەست، بەبێ هیچ سڵكردنەوەیەك ژنەی داماو شاربەدەر دەكات و پیاودز دەباتە سەر ماڵ و هەرچی سۆز و بەزەیی ئەم دنیایەیە دەیكات بە قوربانی هەوای گونی. سێ گوڵی ناسك دەخاتە بەردەستی ژنەی پەنجە دووپشك یان قامك زەردەواڵە. ئیتر دایكەی داماو دەبێتە بزنی كار لەبەر هەڵگیراو، ببڕای ببڕ نایەڵێت چاوی بە چارەی كچەكانی بكەوێتەوە، دوای چوار ساڵ لە دووری جگەرگۆشەكانی سوێی دەبێتەوە و دیقی مەرگ دەكات. ئەمیش بەبێ ئەوەی ئاهێكی بەدڵدا بێت خەریكی عەیش و نۆشی خۆی دەبێت، ئەوەی هەرگیز بە خەیاڵیدا نایەت ئەوەیە چۆن ئەو ژنە داماوەی لەمناڵەکانی کرد.

دەگەمە سەری كۆڵانێك، سەرەژنێك بەرەو رووم دێت، شێوەی دەكەم، لە خەیاڵی خۆمدا تاوتوێی دەكەم دەبێت كێ بێت؟ لە كوێ دیومە؟ ئوتومبیلێكی غاز دەكەوێتە نێوانمانەوە، كۆڵانەكە پڕ دەكات لە هاتوهاوار و زرم و كوت. ئوتومبیل و ژنەكە لە یەك ساتدا دەدەن بەلامدا. یەك سات سەیری دەكەم، كچە بچووكەكەی ئەوە. تەنیا سی و دوو ساڵە، كەچی دەڵێی پەنجا ساڵە!!

 97 جار بینراوە