سەرەکی » وتار » قادر عومەر عەزیز » دیموكراسی،به‌ كوشتن‌و سه‌ر پان كردنه‌وه‌

دیموكراسی،به‌ كوشتن‌و سه‌ر پان كردنه‌وه‌

هه‌موو جارێك حیزب‌و بزووتنه‌وه‌كانی ئۆپۆزسیۆن‌و هه‌ندێ خه‌ڵكی تر سوود له‌ ناڕه‌زایی‌و داوای ره‌وای فه‌رمانبه‌ران وه‌رده‌گرن، خۆیان ده‌خه‌نه‌ ڕیزی مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران، ویسته‌ حیزبیه‌ شاره‌وه‌كانی خۆیان له‌رێی ئه‌و به‌شداریكردنه‌یان ده‌ده‌ن به‌گوێی خه‌ڵكدا‌و هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ن ببنه‌ ده‌مڕاستی ئه‌وان‌و شوێنی گردبوونه‌وه‌‌و ناڕه‌زاییه‌كان ده‌كه‌نه‌ سه‌كۆی بانگه‌شه‌ بۆ حیزب‌و بزووتنه‌وه‌كانیان‌و ئه‌وه‌ی خراپه‌ ده‌یڵێن، بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌بێ پێیان بڵێ قسه‌ی وا چۆن ده‌كرێت.
له‌خێمه‌كه‌ی لای مه‌حكه‌مه‌ی سلێمانی كه‌ له‌سه‌ر رێی هاتوچۆی هه‌زاران سه‌یاره‌ دانراوه‌‌و جومعه‌ی پێشوو نوێژی جومعه‌ی تێدا كرا، به‌ڕێزێك كه‌ له‌به‌رده‌م كامێرای ته‌له‌فزیۆنێكدا خۆی ده‌هێنا‌و ده‌برد، به‌ده‌نگی به‌رز ده‌یگوت: ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌قسه‌ی خۆش ناروخێ، ده‌بێ چه‌ك به‌كاربهێنین. ئاخر ئه‌مه‌ خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌‌و ئاشتیانه‌یه‌!؟
له‌شوێنێكی تر، به‌ڕێزێكی پاڵێوراوی لیستی لایه‌نێك ده‌ڵێ: ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌بێ بروخێنرێ، تاكو گۆرانكاری ببێ. سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و به‌رێزه‌ داوای دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ریش ده‌كات. دیموكراسیه‌كه‌ی به‌رێزیان، روخاندنی حكومه‌ته‌، نه‌ك چونه‌ نێو حوكمه‌وه‌ به‌ دیموكراسییانه‌! به‌ڕاستی باش داوای دادپه‌روه‌ری‌و دیموكراسی ده‌كات!!
رۆژی هه‌ینی 30/3/2018، پێشنوێژی مزگه‌وتی خانه‌قای سلێمانی، ده‌یگوت: ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌بێ سه‌ری لوتی خۆی ره‌ش بكات‌و ده‌سه‌ڵات به‌جێ بهێڵێ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك سه‌ریان به‌ پێڵاوه‌كانیان پان بكه‌نه‌وه‌. به‌ڕاستی مامۆستای به‌رێز هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتییه‌‌و بانگه‌شه‌ی سه‌ر پانكردنه‌وه‌ی‌ كردوه‌ به‌ ئه‌ركی خۆی.
هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كردن بانگه‌شه‌ی ئاشكران بۆ توندوتیژی‌و ویستی راسته‌قینه‌ی به‌شێكی ئۆپۆزسیۆن‌و كه‌سانێكه‌ كه‌ ده‌زانن ناتوانن بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات‌و ده‌یانه‌وێ به‌ زۆره‌ملێ ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست.
له‌ڕاستیشدا گه‌ر حكومه‌ت نه‌خه‌وتبێ، ده‌بوو هه‌موو ئه‌وانه‌ شكاتیان لێ بكرایه‌ به‌تۆمه‌تی هان دان بۆ كوشتن‌و توندوتیژی، تاكو هه‌قی خۆیان وه‌ربگرن.

 663 جار بینراوە