سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » ترەمپ نهێنی کۆبوونەوەکان لەگەڵ کۆریای باکوور ئاشكرا دەکات

ترەمپ نهێنی کۆبوونەوەکان لەگەڵ کۆریای باکوور ئاشكرا دەکات

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکابە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند: بەرپرسانی ئەمریکی بەشێوەیەکی راستەخۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکوور دەکەن. ئەمەش دوودڵی زۆری لای ژاپۆنییەکان و هاوپیەمانەکانی ئەمریکا لەئاسیا دروست کردووە، بەتایبەتی لای ژاپۆنییەکان کەلەئێستادا سەرۆک وەزیرانەکەی لە ئەمریکایە.

لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام دەدرێت
لە میانەی پێشوازیکردنی لە شێنزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لەشاری فلۆریدا لەباشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نهێنی کۆبونەوەکانی بەرپرسە ئەمریکییەکانی ئاشكرا کرد و رایگەیاند: لەئێستادا کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی کۆریای باکوور دەکرێت.

پێنچ شوێن بۆ کۆبوونەوەکە دریاریکراوە
لەدرێژەی لێدوانەکەیدا ترەمپ رایگەیاند: ئەم کۆبوونەوانە وەکو ئامادەکارییەکە بۆ کۆبوقنەوەی هەردوو سەرۆک. وتیشی: لەئێستادا پێنچ شوێن بۆ کۆبوونەوەی ترەمپ و کیم جۆنگ ئاون سەرۆکی کۆریای باکوور دیاریکراوە. هەرچەندە باسی ئەو شوێنانەی نەکرد.

لەمانگی شەشدا دەکرێت
پاشتر ترەمپ بە میدیاکانی راگەیاند: ئەو کۆبوونەوەیەی کە وابڕیارە ئەنجام بدرێت، پێدەچێت لەکۆتایی مانگی شەش یان پێشتر ئەنجام بدرێت. جێگەی ئاماژەیە پێش مانگێک ترەمپ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکرا و بە میدیکانی راگەیاند: ئامادەیە لەگەڵ کیم جونگ ئاون کۆببێتەوە. ئەمەش بووە مایەیی سەرنج و گرنگی پێدانی تەواوی میدیاکانی جیهان.

ژاپۆن ترسی هەیە
لەپاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جونگ ئاون، زۆرێک لەناوەندە سیاسییەکانی ژاپۆن، بەگومان و دوودڵیەوە سەیری ئەم کۆبوونەوەیە و پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور دەکەن، چونکە ترسیان هەیە، کە پێگەی ژاپۆن کە بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریکایە، لاوازبێت یان کەمبێتەوە. هەرچەندە شێنزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، ستایشی ترەمپی کرد و رایگەیاند: ئەم کارەی ترەمپ، ئازایەتییەکی بێ وێنەیە، کەبڕیاریداوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئاون کۆبێتەوە.

ژاپۆن فشار دەخاتە سەر ترەمپ
لەلایەکی ترەوە میدیاکانی ژاپۆن رایانگەیاند: ئامانجی سەرەکی لەم سەردانەی شینزۆ ئابی بۆ ئەمریکا ئەوەیە، فشار بخاتە سەر ترەمپ، تاوەکو هەڵوێستی توندی لەبەرامبەر گەمارۆ سیاسیی و ئابورییەکان لەسەر کۆریای باکوور بمێنێتەوەو هیچ سازشێک نەکات.

پەیوەندی ئابووری
جگە لە مەسەلەی کۆریایی باکوور، وابڕیارە شێنزۆ ئابی باسی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ ترەمپ بکات و هەوڵبدات رازی بکات کە گومرگ لەسەر ئاسن و پۆڵای ژاپۆنی کەم بکاتەوە. ئەمە لەکاتێدایە کە پێش هەفتەیەک ترەمپ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند: پێدەچێت جارێکی تر چاوپخشێنێت بە بڕیارەکەی پێشووی کە ئەمریکای لە رێکەوتنامەی « هاوکاری بازرگانی زەریای هێمن» هێنایە دەرەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 751 جار بینراوە