سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » هه‌ڵبژاردنی لیستی 162 ی یه‌كێتی،بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌ستوورییانه‌یه‌ كه‌ هه‌ڤاڵانمان له‌ خوله‌كانی پێشوودا له‌ به‌غدا كردوویانه‌

شیراز میراوده‌لی:

هه‌ڵبژاردنی لیستی 162 ی یه‌كێتی،بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌ستوورییانه‌یه‌ كه‌ هه‌ڤاڵانمان له‌ خوله‌كانی پێشوودا له‌ به‌غدا كردوویانه‌

رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ به‌رده‌وامه‌ له‌ بانگه‌شه‌و كاركردن بۆ سه‌رخستنی لیستی 162 ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ پێناو به‌ده‌ست هێنانه‌ی ئاینده‌مان. له‌ درێژه‌ی كارو چالاكییه‌كانی به‌رده‌وامه‌ له‌ناساندنی كاندیده‌كان. شیراز میراوده‌لی كچه‌ گه‌نجه‌ بوێره‌كه‌ی یه‌كێتی كاندیدی ژماره‌ 25 له‌سه‌ر لیستی 162 ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ پارێزگای سلێمانی له‌ كوردستانی نوێ بۆ ده‌نگده‌ران به‌م شێوه‌یه‌ ده‌دوێ:

دیداری: كه‌نار قاسم

سه‌ره‌تا له‌باره‌ی كارو چالاكییه‌ سیاسییه‌كانییه‌وه‌ له‌رابردووه‌وه‌ تا ئێستا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ پله‌ی حزبیی ئێستای كارگێڕی مه‌ڵبه‌نده‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی سلێمانی ‌و وتیشی: له‌وه‌ته‌ی ده‌ستمكردووه‌ به‌ چالاكیی سیاسی‌و رێكخراوه‌یی له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتیدا خه‌باتم كردووه‌و پله‌ به‌پله‌ ئۆرگانه‌ حزبییه‌كانم بڕیووه‌‌و تا گه‌یشتوومه‌ته‌ پله‌ی كارگێڕی مه‌ڵبه‌ند‌و ئێستاش كاندیدی ژماره‌ 25-م له‌ لیستی 162ی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ پارێزگای سلێمانی .
له‌باره‌ی كارو به‌رنامه‌ی لیستی 162شه‌وه‌ شیراز میراوده‌لی ده‌ڵێت: كارو به‌رنامه‌ی لیشتی 162 ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ ئه‌م خوله‌ی نوێنه‌ران شه‌ڕی ده‌ستوورو شه‌ڕی یاساییه‌ . وتیشی: یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌دوای ئاش به‌تاڵه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك ئومێدی به‌ كوردایه‌تی نه‌مابوو، ئومێدی نه‌بوو شۆڕش هه‌ڵبگیرسێته‌وه‌ جارێكی تر یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان ئه‌و ئومێده‌ی به‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌خشییه‌وه‌ چ به‌ دامه‌زراندنی ‌و چ به‌ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش‌و به‌رده‌وامیدان ‌و كۆڵنه‌دان تا به‌رنامه‌ڕێژیی بۆ راپه‌ڕین‌و سه‌رخستنی. له‌ دوای ساڵی 1991 یشه‌وه‌ ده‌ستیكرد به‌ گرنگیدان به‌ بواری رێكخراوه‌یی ‌و میدیایی ‌و له‌و رووه‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نج و ژنان و خه‌باتگێڕی له‌ ریزه‌كانیدا رێكخستن‌و هه‌ر یه‌كێتیش بوو كه‌ بووه‌ خاوه‌نی هێنانه‌ئارای تێزی حوكمڕانیی هه‌ڵبژێردراو ‌و بۆئه‌وه‌ش پێنشاز‌و كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌ كوردستان كردو بیرۆكه‌ی دروستكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌ قسه‌وه‌ كرده‌ كردار‌و به‌مافی چاره‌ی خۆنووسینه‌وه‌ چووه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌و دواجاریش سیستمی فیدراڵی له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا كرده‌ یاسا‌و هه‌مان ساڵیش ئۆپۆزسیۆنی ئه‌وكاته‌ی عیراقی هێنایه‌ سه‌ر بڕوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌و سیستمه‌ بۆ عیراقی داهاتوو.
روونیشكرده‌وه‌ كه‌ له‌دوای ساڵی 2003 كه‌ رژێمی به‌عس رووخا، یه‌كێتی ئه‌و راستییه‌ی ده‌زانی كه‌ شه‌ڕی یاسایی ‌و ده‌ستووریی ئێمه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌غداوه‌و ده‌بێت له‌به‌غدا ئه‌و شه‌ڕه‌ بكه‌ین.
له‌باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌ستوورییه‌شه‌وه‌ شیراز میراوده‌لی وتی: هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا هه‌رێمێكه‌ كه‌ له‌ده‌ستووری نوێی 2005دا په‌سه‌ندكراوه‌و چه‌سپێنراوه‌‌و هه‌ر به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ش ئێمه‌ هه‌رێمێكین له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا كه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆمان له‌ هه‌رێمه‌كه‌و كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌ش ‌و شه‌راكه‌تیشمان له‌عیراقدا بۆ سه‌لمێنراوه‌. بۆیه‌ شه‌ڕی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نها شه‌ڕی ده‌ستوریی ‌و جێبه‌جێكردنی ده‌قی ئه‌و ده‌ستووره‌یه‌.
خانمه‌ كاندیده‌كه‌ی لیستی 162ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژه‌شی به‌ وه‌كرد كه‌ یه‌كێتی له‌ ڕابردوودا زۆرترین شه‌ڕی دستووریی و یاسایی كردووه‌‌و له‌ خوله‌كانی پێشوودا كه‌مته‌رخه‌م نه‌بووه‌، به‌ڵام وتی: ئێمه‌ ده‌چین ئه‌و كاره‌ ته‌واو ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی له‌ پێش ئێمه‌ تا ئێره‌یان هێناوه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌چن شه‌ڕی ده‌ستووریی ‌و یاسایی بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفال كراوان و كه‌سوكاری شه‌هیدان ‌و بۆ كه‌سوكاریی كیمیابارانكراوان ‌و خوێندكاران و لاوان ‌و گه‌نجان ‌و ژنان ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا‌و ئیتر له‌دوای ده‌رچوونیانه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی خۆیانه‌وه‌.
هه‌روه‌ها وتیشی: به‌ بڕگه‌و مادده‌ ده‌ستورییه‌كان پڕۆژه‌ یاسای گرنگ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین‌و هه‌ر به‌پشتبه‌ستن به‌و ده‌ستووره‌ش ئێمه‌ ده‌نگمان دلێر ده‌كه‌ین له‌ به‌غدا ‌و به‌ یه‌كده‌نگ كار بۆ گه‌لی كورد ده‌كه‌ین.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ چ به‌ڵێنێك به‌ ده‌نگده‌ره‌كانی ده‌دات، شیرزا میراوده‌لی كاندیدی ژماره‌ 25ی لیستی 162ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی وتی: كاركردنی من وه‌كو گه‌نجێك زیاتر له‌گه‌ڵ گه‌نجان و لاوان و ژنان بووه‌، له‌گه‌ڵ خوێندكاران بووه‌. یه‌كه‌مین خوێندنگه‌ی من كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان بووه‌، پێشتر چه‌ندین كارم بۆ خوێندكاران و لاوان كردووه‌ ، ئه‌گه‌ر متمانه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ده‌ست بهێنم ‌و بچمه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ده‌بێت ته‌ركیز بكه‌مه‌ سه‌ر خوێندكاران ‌و لاوان و ژنان ‌و ده‌بێت كار بۆ ژنان بكه‌ین له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوورداو به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ یاسای جدیی بخه‌ینه‌ به‌رنامه‌ی كارمانه‌وه‌و له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا ده‌نگی بۆ كۆبكه‌ینه‌وه‌ .
وتیشی: من بۆخۆم سێ به‌ڵێنم داوه‌ له‌ كارنامه‌كه‌مدا، كه‌ بریتین له‌وه‌ی كارده‌كه‌م كه‌ شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجی حزب و حوكمدا روون بكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌لی كار بۆ گه‌نجان و ژنان ‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفال و زیندانیكراوان بڕه‌خسێنم. دواتر كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌م ژنان بهێنینه‌ پیشه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاردا، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ راسته‌ ژنمان هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام زیاتر رۆڵێكی ته‌شریفاتیان پێ دراوه‌‌و له‌ ناوه‌نده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بڕیاردا رۆڵی كارایان نه‌دراوه‌تێ، بۆیه‌ كارده‌كه‌م كه‌ ژنان بخه‌مه‌ سه‌نته‌ری بڕیاره‌ گرنگه‌كان ‌و جێبه‌جێكردنیشییه‌وه‌ .
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شیدا له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ، شیراز میراوده‌لی ده‌ڵێت:
ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین كار نه‌كراوه‌، بێویژدانیی ده‌كه‌ین. ئێمه‌ له‌ 1991دا هاتینه‌وه‌ به‌سه‌ر وڵاتێكی وێراندا. ره‌نگه‌ هه‌ر گه‌ڕه‌كێك دوو ماڵ سه‌یاره‌ی هه‌بوایه‌. ئێستا له‌ هه‌ر ماڵیكدا دوو سه‌یاره‌ هه‌یه‌و ئه‌وكات بژێویی ژیانی خه‌ڵك زۆر خراپ بوو ، ئیستا ده‌بینیین زۆر باشتربووه‌‌و ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك. ئێمه‌ ناڵیین هه‌ژاریی نه‌ماوه‌ ، به‌ڵكو هه‌ژاریی هه‌یه‌‌و بێكارییش هه‌یه‌و گه‌نده‌ڵییش هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌وانه‌ش نه‌هێڵێن، واته‌ كاره‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان ته‌واوبكه‌ین، دواش له‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ بێن ده‌نگ به‌ لیستی 162ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بده‌ن، چونكه‌ لیستی شه‌هیدانه‌ ، لیستی 24 هه‌زار شه‌هیدی سه‌نگه‌ره‌، ئێمه‌ رووبارێك خوێنمان داوه‌ تا كوردستان گه‌یشتوه‌ به‌مڕۆ‌و هیوادارم ئێمه‌ له‌ ده‌وری باشه‌كان كۆببینه‌وه‌ نه‌ك ئه‌وانه‌ی كه‌ تێوه‌گلاون له‌ بازرگانی، چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ باشه‌كانن كه‌ ده‌توانن له‌ به‌غدا شه‌ڕ بۆ مافه‌كانمان بكه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*