سەرەکی » کەلتوور » كۆیه‌، ده‌بێته‌ نوێنه‌ری عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ شانۆی‌ سه‌رشه‌قام

كۆیه‌، ده‌بێته‌ نوێنه‌ری عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ شانۆی‌ سه‌رشه‌قام

گروپی شانۆ بۆ شانۆ به‌شداره‌ له‌ 12 یه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆیی سه‌رشه‌قامی مه‌ریوان له‌ وڵاتی ئێران، به‌ شانۆیی ( له‌بری ماسی ) بیرۆكه‌ و ده‌رهێنانی ( هونه‌ر تاهیر ) و نواندنی ( سه‌ردار ئه‌كره‌م و فه‌ره‌یدون حمدامین )، مكیاژی كاره‌كه‌ له‌ لایه‌ن (كه‌یفی ئه‌حمه‌د) ئه‌م به‌شداریكردنه‌ به‌ هاوكاری بابه‌كر دڕه‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ شانۆی‌ هه‌ولێرو ماموستا سیوه‌یل عوسمان رێكخراوه‌.
چیرۆكی كاره‌ شانۆییه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ژینگه‌ به‌ دیاریكراوی بۆ سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و چۆم و ڕوباره‌كان نمایشه‌كه‌ جۆریكه‌ له‌ كاركردنی نوێی له‌ دونیای تازه‌ی هونه‌ردا به‌ تایبه‌تی شانۆ، كاره‌كه‌ شێوه‌یه‌كی پێرفۆرمانسی و پانتۆما یمه‌، ئاو و ئاوه‌دانی، ئه‌م وته‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی مرۆڤایه‌تی ڕۆژانه‌ خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌میشه‌ مرۆڤ ڕوه‌و ئاو هه‌نگاوی ناوه‌ و ڕایكردوه‌ به‌دوایدا، به‌ڵام دوای پێگه‌یشتن توانیمان بیپارێزین؟ ئێمه‌ به‌ نمایشی ( له‌ بری ماسی ) هه‌موو ئه‌و كرداره‌ وێرانه‌كه‌رانه‌تان پێشانده‌ده‌ین كه‌ ده‌رحه‌ق به‌ ئاو ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌رشتێك كه‌ پێمان وایه‌ زیاده‌ و به‌كه‌ڵك نایه‌ت فرێده‌ده‌ینه‌ ناو ئاوه‌كان له‌ پاشه‌رۆكانمانه‌وه‌ تا خواردن و خواردنه‌وه‌كانمان، بیرناكه‌ینه‌وه‌ به‌ فرێدانی پاشماوه‌كانمان چ زیانێك به‌ خۆمان  و ده‌وروبه‌رمان ده‌گه‌ێنین، ماسیه‌كان به‌ زبل و خاشاك ده‌كوژین بۆیه‌ ئێستا ڕاوچیه‌كان و هاوڵاتیان و خۆمان له‌بری ماسی پاشماوه‌كانی ڕۆژانه‌مان ڕاوده‌كه‌ین، ئیتر  با بڕیار بده‌ین ئاوه‌كان بپارێزین و به‌دوای ئاودا ڕابكه‌ین تا ئاوه‌دانی دروستبكه‌ین.
فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی سه‌رشه‌قامی مه‌ریوان، ماوه‌ی دوانزه‌ ساڵه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت له‌ شاری مه‌ریوان ، خولی دوانزه‌هه‌می له‌ 8 تا 12 ی سێپتێمبه‌ره‌ به‌ به‌شداری چه‌ندین وڵات و ده‌یان گروپی ناوخۆیی ئێران، ئه‌م كاره‌ شانۆییه‌كه‌ش هه‌لبژێردرا له‌ نێوان چه‌ند كارێكی تر كه‌ له‌ كوردستانی باشور و عێراق نێردرابون بو فیستیڤاڵه‌كه‌.
بۆ دووه‌م جاره‌ گروپی شانۆ بۆ شانۆ به‌ نوێنه‌رایه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شداره‌ له‌م فیستیفاڵه‌، له‌ به‌شداری جاری پێشوو (هونه‌ر تاهیر ) خه‌ڵاتی سێیه‌می باشترین بیرۆكه‌ی به‌ده‌ستهێنا له‌ ساڵی 2012 كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ گروپێكی كوردستان و عێراق  نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ده‌ست بهێنێت ، گروپی شانۆ بۆ شانۆ  له‌ ساڵی 2009 دامه‌زراوه‌  له‌ لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكی ده‌رچوی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان  له‌ به‌شه‌كانی  شانۆ و مۆسیقا و شێوه‌كاری، ئه‌م گروپه‌ له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شداری چه‌ندین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆی  شانۆ كردوه‌، له‌ فیستیڤاڵه‌كان چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌رز و رێزلێنان و به‌شداریان  پێبه‌خشراوه‌ و به‌ده‌ستهێناوه‌.

 539 جار بینراوە