سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » داوایەک لە حزب و کاندید و دەنگدەرپەڕە 27

بۆ دوای هەڵبژاردن

داوایەک لە حزب و کاندید و دەنگدەر

لە هەڵبژاردن یاسا و پێوەر هەیە( بێگومان بۆ حزبی دیموکراتخواز و ورد و خاوه‌ن ئاكاری سیاسی سه‌رده‌میانه‌). حزبێک ئەگەر بە هەقی خۆی بباتەوە هەقە چەندە بەو سەرکەوتنە دڵخۆشبێ، ئەوەندەش ترسی لەدەستدانی دەنگی دەنگدەرانی هەبێ بۆ داهاتوو. لەخۆبایی بوون و حساب نەکردن بۆ حزب و لایەنی تر دەیخا و سەری دەخوا، بۆیە لەناو جێی گەرمی سەرکەوتن خەیاڵ کردن و بڕیاردان مەرگی خۆی دەدۆزێتەوە لە کۆتاییدا.
ئەو حزبەش کە دەنگەکانی کەم دەکا، هەقە بەخۆیدا بچێتەوە و بزانێ خاڵە لاوازەکانی چی بوون، تاكو كاریان لە سەربکا و هۆی داتەپینی خۆی بزانێ وەک چۆن یەکێتی لە هەڵبژاردنی رابردوو داتەپی و ئێستا دوای بەخۆداچوونەوە و ئیشی زۆری هەڵسایەوە، ئه‌وكات كه‌ كه‌وتن و گلانێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو بۆ یه‌كێتی، ئه‌م حیزبه‌ ئەنجامی هه‌ڵبژاردن و پاشه‌كشه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی به‌ سنگفراوانییه‌وه‌ قبوڵ كردوو و نە تانەی لەکەسدا و نە چووە پاڵ پارتی و حزبە عەرەبیە شۆڤینیەکانیش لە دژی هیچ حزب و بزووتنەوەیه‌كی تر(وەک ئەوەی ئێستا روودەدا لە دژی یەکێتی)
قسەیەکیش بۆ کاندید:
ئەوانەی دەرچوونە، پیرۆزباییان لێ دەکەم، هیوادارم هەمیشە لەبیریان بێ بەدەنگی جەماوەر گەیشتوونەتە ئەوێ و بەقەد ئەو متمانەیەبن کە پێیاندراوە، پۆست و پارە لەخشتەیان نەبا، با ئەوان جیابن لەوانەی وێنایەکی جوانیان نەدا بە پەرلەمانتار و کورد و حزبەکانیان لە بەغدا( ڕێزم بۆ هەندێک لە باشەکان).
ئەوانەش کە دەرنەچوونە، وا هەست نەکەن هیچیان کەمترە لەوانەی دەرچوونە لەوانەیە بۆ هەندیک تەنها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یا پشتگیری بەرپرس و فەرماندەکان و کۆمەلێک هۆی تری تاکتیکی هەڵبژاردن بێ ڕۆڵی دیبێ.
ئەوانەش کە بەنیازن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆیان بپاڵێون، با لە ئێستاوە بۆ خۆیان ئیش بکەن وەک بڵێی بەیانی هەڵبژاردنە، نەک مانگێک پێش هەڵبژاردن خۆیان و کەس و کار و برادەر و حزبەکەشیان بخەنەگەڕ بۆ دەرچواندنیان.
با هەموومان وا خزمەت بکەین وەک بڵێی نیازی ئەو پۆستەمان هەیە، لەناو هەندێکمان چەند دانەیەکی شایستە هەر هەڵدەکەون ئەوکاتە ئەو هەموو ماندووبوونەی ناوێ بۆ ناساندنی.
داوایەکیش لە دەنگدەر، بەتایبەتی دەنگدەری دەرەوەی کوردستان:
هەموومان دووسێ بەڵگەنامەی عێراقیمان هەیە، زیاد لە 400 کورد لە دوو رۆژی هەڵبژاردن لەو بنکەیەی من بەڕیوەبەری بووم دەنگدانیان فەوتا بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی عێراقی، كه‌ پرسیاری نه‌بوونی به‌ڵگه‌نامه‌شیان لێ ده‌كه‌ی زۆرینه‌ ده‌ڵێ: بەڵگەنامەكانم لە کوردستانن بۆ مووچە وەرگرتن و بایەعی!
تکایە، هەرنەبێ لە ناسنامەی باری کۆمەڵایەتی یا ڕەگەزنامە یەکیان با لەوێ بێ و یەکیشت لێرە بۆ دەنگدان، نە دەنگت دەفەوتێ و نەشەڕی رۆژی هەڵبژاردنیشی دەوێ و بێ ساختەکاری و منەتیش دەنگی خۆت دەدەی.

 517 جار بینراوە