سەرەکی » دۆسێ » سعودیە: حەوت كەس بەتۆمەتی پەیوەندی بە بیانییەكانەوە دەستگیردەكرێن

هیومن رایتس وۆچ هاتۆتە سەر خەت

سعودیە: حەوت كەس بەتۆمەتی پەیوەندی بە بیانییەكانەوە دەستگیردەكرێن

دەسەڵاتدارانی سعودیە، حەوت كەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە بیانییە «گوماناوییەكان» دەستگیر دەكەن، رێكخراوی هیومن رایتس وۆچیش دەڵێت، دەستگیركراوەكان چالاكوانی بەرگریكاری مافی ژنانن.
رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ لە بەیاننامەیەكیدا لە 19ی ئایاری 2018، هۆكاریی دەساگیركردنەكان بە باشی روننەبۆتەوە، بەڵام پێش چەند هەفتەیەكە لە وادەی جێبەجێكردنی بڕیاری رێگەدان بە شۆفێریكردنی ژنان لە شانشینی عەرەبی سعودیە.
ئاژانسی رەسمی سعودیە لە زاری وتەبێژێكی ئەمنییەوە رایگەیاندبوو»دەستگیركراوەكان، كارێكیان كردووە كە تێپەڕاندنی بنەما ئاینی و نیشتمانییەكانە، و پەیوەندییان لەگەڵ هەندێك لایەنی دەرەكی گوماناوی دروست كردبوو بە بیانووی پەیداكردنی پشتیوانی لە چالاكییەكانیان».
وتەبێژەكە دەڵێت»دەستگیركراوەكان كەسانێكیان بەكارهێناوە كە لە پێگەی حكومی گرنگ كاردەكەن و پشتیوانی داراییان پێشكەش بە لایەنی دوژمنكار لە دەرەوە كردووە، ئەوەش بە مەبەستی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی».
لە زۆربەی بڕیار و هەڵسوكەوتە جیاجیاكانیان لە سعودیە، یاسای توند بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت كە تێیاندا پێویستە رەزامەندی پیاو وەربگیرێت وەك بەخێوكەر.
ئاژانسی دەنگوباسی سعودیە، ئاماژەی بە ناوی سێ‌ ژن كردبوو لەنێوان دەستگیركراوەكاندا كە بریتین لە: لجین هەزلول، عەزیزە یوسف، ئیمان فنجان، ئەو ژنانەش بەشێوەیەكی ئاشكرا دژیاتی خۆیان دەردەبڕی بەرانبەر بە رێگرتن لە ژنان كە شۆفێری بكات، وێڕای دژایەتییان بۆ یاساكانی پیاوسالاری لەنێو كۆمەڵگەی سعودیە.
ئاژانسەكە تەنیا ناوی سێ‌ پیاوی هێناوە كە بریتین لە: ئیبراهیم عەبدولڕەح مدیمیغ، محەمەد فەهد، عەبدولعەزیز مشعل، ناوی كەسی حەوتەمیش بە نادیاریی مایەوە.

هیومان راتیس وۆچ لە زاری ئەو چالاكوانانە لە مانگی ئەیلولی 2017 بڵاویكردبۆوە»دیوانی شاهانە پەیوەندی بە چالاكوانە دەركەوتووەكانەوە كردووە و ئاگاداریی كردونەتەوە لەوەی كە نابێت لێدوانی رۆژنامەوانیان هەبێت».
ئەو رێكخراوە مافپەروەرە دەڵێت»پەیوەندییەكە لە هەمان رۆژدا بوو كە تێیدا بڕیاردرا قەدەغەكردنی شۆفێری لەسەر ژنان هەڵبگیرێت».
رێكخراوەكە لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاندبوو، هەزلول و فنجان لە ساڵی 2016دا ئیمزایان لەسەر یاداشتنامەیەك كردووە كە داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پیاوسالاری دەكات، بەشداریشیان لە هەڵمەتێكدا كردووە كە داوای كردبوو رێگە بە ژنان بدرێت شۆفێری بكەن.
پێشتر هەزلول لە ساڵی 2014دا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیركرابوو كە ئەو كات تەمەنی 25 ساڵان بوو،بەو هۆیەوە بۆ ماوەی 73 رۆژ لە زینداندا مایەوە، ئەوەش بەهۆی لێخۆڕینی ئۆتۆمبێلەوە لە سنورەكانی نێوان سعودیە و ئیمارات.
سعودیە لە مانگی ئەیلولی 2017، بڕیارێكی دەركرد و تێیدا قەدەغەكردنی شۆفێری لەسەر ژنان هەڵگرت، و وابڕاریشە ئەو بڕیارە لە مانگی داهاتوودا جێبەجێ‌ بكرێت.
ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی زنجیرەیەك بڕیادایە كە بە چاكسازیی ناودەبرێن و لەلایەن محەمەد بن سەلمانی جێنشینی شاهانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
محەمەد بن سلمان ئەو شازادە لاوە دەستڕۆیشتووەی سعودیە، بەرنامەیەكی پێشكەش كردووە كە پێی دەگوترێت دیدی 2030، ئەوەش لەپێناو نوێكردنەوەی شانشینی عەرەبی سعودیە و بەدیهێنانی جۆرێك لە كرانەوە لە كۆمەڵگە و هەمەڕەنگكردنی ئابوری بەدوور لە نەوت كە بە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵاتەكە دادەنرێت.
هەر لە چوارچێوەی ئەو چاكسازیانە، رێگە بە ژنان دەدرێت دەست بەكاریی بازرگانی بكات بەبێ‌ ئەوەی هیچ گوشار و چاودێرییەكی پیاوانیان بەسەرەوە بێت.
بەڵام ئەو چاكسازیانە هەر وا بە بێدەنگی تێناپەڕن، چونكە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، دەسەڵاتداران دەیان شازادە و بازرگانیان دەستگیركرد لە هەڵمەتێكدا لەژێر ناوی هەڵمەتی دژ بە گەندەڵی بەڕێوەچوو، ئەو هەڵمەتەش لەو دەمەدا لەلایەن هەندێكەوە وەها وەسفكرا كە شازادە لاوەكە دەیەوێت لێوەی دەسەڵاتەكانی خۆی پتەوتر بكات.
لە مانگی ئەیلولی رابردوو، دەسەڵاتدارانی سعودیە نزیكەی 30 زانای ئاینی و روناكبیر و چالاكوانیان دەستگیركرد، ئەو دەستگیركردانەش لەو دەمەدا وەها لێكدانەوەیان بۆ كرا كە لە دژی ئەو نەیارانە بووە كە دەسەڵاتی فراوان فەرمانڕەواكان لە شانشینی عەرەبی سعودیە رەتدەكەنەوە.

print

 117 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*