سەرەکی » دۆسێ » ئەردۆغان گردبوونەوەكانی ئەوروپا دەباتە ساراییڤۆ

لە وڵاتەكانی تر رێگەی پێنادرێت

ئەردۆغان گردبوونەوەكانی ئەوروپا دەباتە ساراییڤۆ

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، لە گردبوونەوەیەكدا لە شاری ساراییڤۆ، وتارێكی پێشكەش كرد، ئەوەش تاكە وتارێیەتی لە دەرەوەی توركیا دوای ئەوەی وڵاتانی تری ئەوروپا، ئەو جۆرە گردبوونەوانەیان بەر لە هەڵبژارنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی مانگی داهاتووی توركیا، قەدەغەكردبوو.
ئەو گردبوونەوەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بۆستەوە پشتیوانی لێدەكرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا جێگەی ناڕەزایی هەندێك لە دانیشتوان بوو.

بۆچی ساراییڤۆ؟
دوای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا و لە پێش هەمووشیانەوە ئەڵمانیا رێگەیان نەدا هیچ كەرنەڤاڵێكی هەڵبژاردن بۆ پشتیوانی لە ئەردۆغان بەر لە ریفراندۆمەكەی مانگی نیسانی 2017 لەبارەی زیادكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك، لە وڵاتەكانیاندا سازبكرێت، ئەردۆغان ساراییڤۆی هەڵبژارد. رەتكردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا لەو بارەیەوە تەنگژەیەكی توندی لەنێوان ئەنقەرە و برۆكسلدا دروستكرد.
گردبوونەوەكەی ساراییڤۆ پێش مانگێكە لە دەستپێكردنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا كە لە 24ی حوزەیرانی 2018 لە وڵاتەكەیدا سازدەكرێت، ئەردۆغان دەیەوێت لێوەی دەنگی توركەكانی دەرەوەی وڵاتەكەی بەلای خۆیدا رابكێشێت كە ژمارەیان سێ‌ ملیۆن دەنگدەر تێدەپەڕێنێت و لەو نێوەندەشدا 1.4 ملیۆنیان لە ئەڵمانیان.
بە گوتەی پەیامنێری ئاژانسی (فرانس پرێس)، چەندان هەزار كەس لە زیترا، گەورەترین پێگەی وەرزشی لە ساراییڤۆ،وەك گردبوونەوەیەكی هەڵبژاردن كۆبوونەوە.
زۆربەی بەشداربووەكان لە وڵاتە ئەوروپاییە جیاجیاكانەوە هاتبوون، لەوان ئەڵمانیان و نەمسا و دانیمار و فەرەنسا، زۆربەی ژنە بەشداربووەكانیش سەرپۆشیان پۆشیبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵای توركیا و وێنەی ئەردۆغانیان بەرزدەكردەوە.
بەپێی ئاژانسەكە، لە لافیتە هەڵواسراوەكاندا، بە هەردوو زمانی توركی و بۆسنی پێشوازی لە هاتنی ئەردۆغان كرابوو، رێوشوێنی ئەمنی توندیش لە دەوروبەری ناوچەی گردبوونەوەكەدا گیرابووەبەر.

سوڵتان ئەردۆغان
لە مانگی نیسانی رابردبوو، دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا و نەمسا، هۆشدارییان دابوو لەبارەی ئەوەی كە هیچ گردبوونەوەیەكی سیاسی لەو جۆرەیان لەمساڵدا بەدڵ نییە.
بە هەڵبژاردنی ساراییڤو، دەكرێت ئەردۆغان دڵنیابێت لەوەی كە رووبەڕووی هیچ رەتكردنەوەیەك نابێتەوە بۆ سازدانی گردبوونەوەكانی لەگەڵ بەكر عزەت بیگۆڤیچ سەركردەی سیاسی مسوڵمانانی بۆسنە كە لە ساڵی 2016دا بۆ بەشداریی لە زەماوەندی كچەكەی سەرۆكی توركیا بانگهێشت كرابوو.
پارتی كاری دیموكراتی كە لەلایەن عزەت بیگۆڤیچەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، تەئكید لەسەر نزیكی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا دەكاتەوە كە لەلایەن ئەردۆغانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
میدیاكانی بۆسنە دەڵێن، پارتی داد و گەسەپێدان نیازی هەیە بەمزوانە لقێكی حزبەكە لە بۆسنە بكاتەوە.
ئەندامە مسوڵمانەكەی سەرۆكایەتی سێقۆڵی بۆسنە كە بەشداریی لە ئیدارەی دەسەڵاتە ناوەندییەكاندا دەكات و ئەندامێكی سربی و ئەندامێكی تری كرواتی لەگەڵدایە، لە 10ی ئایاری 2018 رایگەیاندبوو»دەیسەلمێنین كە دۆست و هاوڕێی هەیە و شانازیی پێوەدەكەن».
بە گوتەی بەكر عزەت بیگۆڤیچ ئەو دەزانێت كە میوانەكەی «خۆشەویست نییە لەلایەن خۆرئاوا، و لەلایەن زۆرێك لە بۆسنیە بێئومێدەكانیشەوە لەم وڵاتەدا خۆشەویست نیینە، كێشەكە لەچیدایە؟ كێشەكە ئەوەیە كە بەرپرسێكی مسوڵمانی بەهێزە و بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ دەچێت كەسی وەهامان بەخۆوەنەبینیوە».
ئەردۆغان بە یاوەری عزەت بیگۆڤیچ لەگەڵ گەیشتنیان بە گردبوونەوەكە لە ساراییڤۆ ، خەڵكەكە بە «الله و اكبر» و «سوڵتان ئەردۆغان» پێشوازییان لێكرد.

داواكاریی ئەردۆغان لە رەوەندی توركی
ئەردۆغان داوای لە رەوەندی توركی كردبوو، بەشداریی سیاسیان هەبێت لەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێن و كار بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامە بكەن.
لە وتارەكەیدا كە نزیكەی كاتژمێرێكی خایەندبوو، ئەردۆغان رایگەیاندبوو»تەنیا یەك داوام لە ئێوە هەیە، رۆڵێكی چالاكتان هەبێت لەو پارتە سیاسیانەی لە وڵاتەكانتاندا هەیە»، بەپێویستیشی زانی بوو توركەكان پێگەی خۆیان لە پەرلەمانەكاندا بدۆزنەوە.
لای خۆیەوە عیزەت بیگۆڤیچ داوای لە گردبوونەوەكە كردبوو، دەنگ بە ئەردۆغان بدەن كە «بەو پیاوەی خودا بۆمانی ناردووە» وەسفی كردبوو.

ئەجیندە نهێنییەكان
گروپێك لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) بۆ «پێشوازیی لە ئەمیری ئیمانداران» پێكهێنرابوو.
بەڵام ئەو پشتیوانییە بابەتی كۆبوونەوەكە نەبوو، ئەمەش لە مانشێتی رۆژنامەكانی رۆژی 21ی ئایاری 2018دا دەركەوت.
رۆژنامەی «فیسرنجی لیست» نوسیبوی «چاوپێكەوتن+ لەگەڵ سوڵتان+ هەشت كاتژمێر بەردەوام دەبێت، بەڵام «دانیشتوانی ساراییڤۆ خۆشحاڵ دەبن: ئەمڕۆ ئەردۆغان و سبەینێ‌ پۆتین، بۆچی نا دوو سبەی ئەسەد؟».
رۆژنامەی «دونیڤی ئەفاز»ی ركاربەریشی نوسیبوی»توركەكان ساراییڤۆ داگیردەكەن».
پێش چەند كاتژمێرێك لە چاوپێكەوتنەكە، شارەكە بێدەنگ بوو، هەندێك فرۆشیار ملپێچ و ئاڵاكانی توركیایان لەگەڵ هەندێك تابلۆی پێشوازی لە تەنیشت رێگەكان بۆ فرۆشتن نمایش كردبوو.
رمیزە تەمەن (58 ساڵ) كە فرۆشیارە لە بازاڕ لەو بارەیەوە بە فرانس پرێسی راگەیاندبوو»كێشەیەك نەبوو كاتێك پۆتین هاتە سربیا. ئیتر بۆچی ئەو هەموو ژاوەژاوە دروست بكرێت كە ئەردۆغان دەیەوێت چاوپێكەوتنێك لە ساراییڤۆ سازبكات؟».
سبومنكا بوس كە خانەنشینە و تەمەنی (74 ساڵانە)، ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت «بەهەرحاڵ ئەمە نیگەرانم دەكات، بۆچی ئەم گردبوونەوەیە لە بۆسنە دەكات، بۆچی نایباتە توركیا؟».
زۆرێك سەردانەكە وەها دەبینن كە خۆتاودانەوەی عوسمانییە نوێیەكانە. ناوچەی بەڵكان و بەتایبەت بۆسنە بۆ زیاتر لە چوار سەد تا 1878 لەژێر كۆنترۆڵی سوڵتانی عوسمانیدا بوو.
دینۆ مستەفیڤی دەرهێنەر كە لە ساراییڤۆ دەژی لە ئەكاوتنی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی «تویتەر» بە گاڵتەجاڕییەوە رایگەیاندبوو»ئەم گردبوونەوە كاریگەر و رۆمانسییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپریالیست. كاتێك رەعیە بەسزمانەكانمان بەجۆشەوە چەپڵەیان بۆ سوڵتان لێدەدا».
ئەو دەرهێنەرە شانۆییە دەڵێت»شیاوی لەوە زیاتر نین، چونكە رێز لە ئازادی و رێز لە شكۆمەندی خۆمان ناگرین».
میلۆراد دودیك سەركردەی سیاسی سربی بۆسنەش، لای خۆیەوە نیگەرانی دەربڕیبوو، چونكە «سەرۆكی توركیا زۆر دەست بەكاروباری ناوخۆی بۆسنە وەردەدات».
توركیا رۆڵی گرنگی گێڕابوو لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتە بچوكەی بەڵكان لە دوای جەنگی 1992- 1995، سیاسەتێكی وەبەرهێنانی چالاكیشی بەهەمان شێوەی ناوچەكانی تر، لە بۆسنەدا پەیڕەو كردبوو.
نیوەی دانیشتوانی بۆسنە مسوڵمانن كە كۆی گشتی دانیشتوانەكەی 3.5 ملیۆن كەس دەبێت، سێیەكیشی لە سربە ئەرتۆزۆكسەكان پێكدێت و 15%ی دانیشتوانەكەیشی لە كرواتییە كاسولیكەكانن.

هەڵبژاردنەكانی توركیا
لەم ماوەیەی دواییدا لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا، ناوی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی كاندیدەكان مەرجی پێویستییان تێدابوو بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو.
لە 24ی حوزەیرانی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی لە توركیادا ئەنجام دەدرێت، دوابەدوای ئەوەش سیستمی نوێی سەرۆكایەتی لەو وڵاتەكەدا جێبەجێ‌ دەكرێت پاش ئەوەی لە ریفراندۆمی مانگی نیسانی 2017دا پەسەندكرا كە لەلایەن هەندێكەوە رەخنەی توندی لێدەگیرێت، بەو هۆیەی «دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی دەداتە سەرۆك».
هاوشان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستای وڵاتەكە و كاندیدی «هاوپەیمانی گەل» كە لە حزبەكانی داد و گەشەپێدان و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی و یەكێتی گەورە پێكدێت، لەو هەڵبژاردنەدا 5 كاندیدی تر كێبڕكێ‌ دەكەن كە ژنێكیان تێدایە و بە ژنە ئاسنینەكە ناودەبرێت.
ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا، دەیەوێت لەگەڵ بردنەوەدا، پێگەی دەسەڵاتەكانی لە وڵاتەكەیدا قایم بكات و توركیاش لە ئەتاتوركییەوە بەرەو سوڵتاننشینی عوسمانی بباتەوە.
لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە شرۆڤەكاران پێشبینی بردنەوەی سەرۆكی ئێستا دەكەن لە هەڵبژاردنەكەی 24ی حوزەیران، هەندێكیش پێیانوایە بە گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی لە توركیا بۆ سیستمی سەرۆكایەتی، ئازادییەكان لەو وڵاتەدا كەمدەبنەوە، سەرۆكیش زۆرێك لە دەسەڵاتەكان بۆخۆی قۆرخ دەكات و توركیا لەپاش ساڵی 1925وە دەچێتە قۆناغێكی تر.

print

 55 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*