سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » رۆژێ سەد کەس ئامادەیە خۆیم بۆ بکوژێ!!پەڕە 2

رۆژێ سەد کەس ئامادەیە خۆیم بۆ بکوژێ!!

پێشتر لە چەند نووسین دا ئاماژەم بە نەرجسیەت و خۆخۆشویستن و خۆپەرستن و خۆپەرستی و جیاوازیەکانی کردووە، بەڵام باسم لەوە نەکرد کاتێک مرۆڤ دەگاتە دوا پلەی بەرزی ئەو حالەتە، سنووری عەقڵ و لۆژیک دەبەزێنێ.
مرۆڤ ئەگەر تاڕاددەیەک خۆی خۆشنەوێ و رێز لەخۆی نەگرێ چۆن چاوەڕێی ڕێز و خۆشەویستی بەرانبەرەکەشی بکا؟ ئەوە بەڕای من نە خۆپەرستیە و نە نەرجسیەتیشە, بەڵام کەسێک بەحسابی خۆی (لەوپەڕی پلەی دینداریی بێ) و بانگخوازی ئایینی بێ و دەم و چاوی زۆر ناسراو و ده‌ركه‌وتووبێ له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ و و دەرکەوتووی بەردەوامی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بێ و لە لێدوانیش بڵێ:
«رۆژانە سەد کچ و ژن پەیوەندیم پێوەدەکەن; ئەگەر نەیانخوازم خۆیان دەکوژن.»
ئەوە لە خۆپەرستی و خۆپەرستنیش تێپەڕیکردووە و گەیشتۆتە ڕاددەی نەخۆشی دەروونیی!
لە هاتنی ڕەمەزانیشەوە دیاردەی سەیرتریش لەو (کازانۆڤا)یەی کورد و ئیسلام دەپشکوێ.
دانانی وێنەی خوانی بەکۆمەڵی بەربانگ بۆ مناڵی بێ دایک و باوک و دواتریش لەبەرامبەر ئەوە کەسێک خەونی پێوە دەبینێ گوایا لەپاداشتی ئەو خوانە ئەو لە حەج خەریکی تەواف و گەڕان و سوڕانە!
چەواشەکاریی بەمەبەستی خۆناساندن و خۆپیرۆزکردنی زیاتر لەرێگەی مناڵی بێ دایک و باوک و چاكه‌ كردنی مه‌رجدار و کۆکردنەوەی کۆمەک لە رێکخراوەکان و سپیکردنەوەی بە پارووە نانێک بۆ مناڵی بێ دایک و باوک و دواتریش بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان نەک هەر کارێکی قێزەوەنە، بەڵکو لەرووی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیەوە تاوان و شكاندنی شكۆی مرڤه‌ بێ ده‌ره‌تان و هه‌ژاره‌كانه‌، كه‌سێك له‌ ناچاریدا ره‌زامه‌ند بێ گوایه‌ له‌ پێناوی خوادا تۆ ژه‌مێك خواردنی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌یت و تێری ده‌كه‌ی، بێیت و نه‌بوونی و هه‌ژارییه‌كه‌ی بقۆزیته‌وه‌ بۆ نمایش كردنی خۆت وه‌ك چاكه‌كار و پیشانی سه‌دان هه‌زار كه‌سی بده‌ی و شكۆی بشكێنی، ئه‌مه‌ چ جۆره‌ چاكه‌یه‌كه‌ و خوا له‌ كوێدا فه‌رمان به‌ به‌نده‌كانی خۆی ده‌كات خێر و چاكه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ژاراندا به‌ ئاشكرا بێت و پێشانی خه‌ڵك بدرێته‌وه‌، پێده‌چێ ئه‌و كه‌سه‌ ته‌نیا مه‌به‌ستی خۆده‌رخستن بێت، یان ئاگای له‌ فه‌رمایشته‌ ئاینییه‌كان نه‌بێت كه‌ له‌ چاكه‌ و سه‌ده‌قه‌ و خێردا باشتره‌ كه‌ به‌ده‌ستی راست له‌ پێناوی خوا به‌خشیت ده‌ستی چه‌پ پێی نه‌زانێ، چجای ئه‌وه‌ی له‌ تۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هه‌ژاران و ئه‌وانه‌ی خێرت پێكردوون پیشانی خه‌ڵك بده‌یته‌وه‌.
تاوانە تۆ دەستە هێلکەیەک یا کیلۆ خەیارێک یا برنج و شلەیەکی سەر خوانێک وێنەبگریت و لە کەناڵەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاویبکەیەوە و دەروونی ( وەرگر)ی پێ بروشێنی.
هەژاری نە شەرمە و نەتاوانیش، بەڵام کەسیش حەزناکا کاتێک پێی دەبەخشن ئاواش بڵاویبکەنەوە.
ئەو خاوەن بیروباوەڕەوە کرچ و کاڵە هێشتا پێنەگەیشتوانە، ئەو دیندارە بێ باکگراوندانە لە مەعریفەت و داتاشراو لە هەستە جوانەکانی مرۆڤایەتی هێشتا فێرنەبوون ڕێزگرتن لە کەسایەتیی و هەست و دەروونی مرۆڤ مانای چیە بۆیە ئاساییە هەرچی سەیرتریشیان لێ ببینین تا کۆتایی رەمەزان، بزانین چەند خاتوونی تریش وه‌ك خۆی ئیدیعای ده‌كات ئه‌گه‌ر نه‌یانخوازێ خۆیان بۆ کاکی بانگخواز دەکوژن؟

 534 جار بینراوە