سەرەکی » ئابووری » سلێمانی بەنزین لە حكومەتی عیراق وەرناگرێت

«سێ هۆكار ئاشكرا كرا»

سلێمانی بەنزین لە حكومەتی عیراق وەرناگرێت

بڕیارە ئەم هەفتەیە بڕی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بگاتە هەرێمی كوردستان، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانش رایدەگەیەنێت، ئەو بەنزینە وەرناگرین، سێ هۆكاریش بۆ ئەو هەڵوێستەیان ئاشكرا دەكات.

دەدرێتە 600 دینار
رێكەوت زەكی جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاند: بڕیارە ئەم هەفتەیە حكومەتی عیراق بڕی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی ئەو بەنزینە قبوڵ ناكەین‌و وەریناگرین.
وتیشی: «قبووڵ نەكردن‌و وەرنەگرتنی بەنزینەكە دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆكار، كە ئەمانەن، یەكەم: ئەو بەنزینە بەشە بەنزینی هەرێمی كوردستان نییە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە، بەڵكو پاكتاوی حساباتی قەرزی دوو كۆمپانیای ناوخۆیی هەرێمە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق، چونكە بەنزینی عیراق دەبێت بە 450 دینار بێت نەك بە 600 دینار».

ئۆكتانەكەی زۆر نزمە
لەبارەی هۆكاری دووەمەوە، رێكەوت زەكی وتی:»ئەو بڕە تەنها بۆ یەك جارە تا قەرزەكەیان تەواو دەبێت، بۆیە بەڕای ئێمە قەیرانەكە زیاتر دەكات، هۆكاری سێیەمیش بریتییە لەوەی كە ئۆكتانی ئەو بەنزینەی دەینێرن ئۆكتانەكەی زۆر نزمترە لەو بەنزینەی كە ئێستا لە بەنزینخانەكانی سلێمانی دەفرۆشرێت، ئەو هۆكارانەش وادەكات ئێمە بەنزینەكە قبوڵ نەكەین‌و وەرینەگرین».
رێكەوت زەكی راشیگەیاند: هەوڵەكانمان بۆ كەمكردنەوەی نرخی بەنزین بەردەوامەو پلانێكیشمان خستۆتە بەردەم پارێزگاری سلێمانی تا نرخی پێ داببەزێنێت، بەڵام تائێستا پلانەكەی جێبەجێنەكردووین، چونكە پلانەكە دروستكردنی كێبڕكێی زیاترە.

لەپاڵێوگەی كەڵەك دەیپاڵێوێت
ئەوەش لەكاتێكدایە كۆمپانیای كار بڕیاریدا لەپاڵێوگەیەكی هەرێم بەنزین بۆ عیراق بەرهەمبهێنت‌و هەر لیترێكیشی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەغدا بە 450 دینار دابین بكات‌و بۆ هەرێمیش هەمان بەنزین بەنرخی زیاتر بفرۆشێتەوە.
پێشتریش نافیز ناوپردانی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەبارەی رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ رەوانەكردنی بەنزین بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندبوو: ئەگەر بڕیارەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ هەناردەكردنی بەنزین بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا كۆمپانیای كار نەوتە خاوەكە لە وەزارەتی نەوت وەردەگرێت‌و لەپاڵێوگەی كەڵەك دەیپاڵێوێت‌و دەیداتەوە بە وەزارەتەكە.

بە 450 دینار دەدرێتە شۆفێران!
راشیگەیاند: لەئێستادا كۆمپانیای كار نەوتی خاو لەحكومەتی عیراق وەردەگرێت‌و لەپاڵێوگەی كەڵەك دەیپاڵێوێت‌و دواتر بەنزینەكەی رەوانەی مەخمورو سنووری پارێزگای نەینەوا دەكرێت هەر لیترێكی بە 450 دینار دەدرێتە شۆفێران.
لە لێدوانەكەیدا پێشتردا نافیز ناوپردانی ئاماژەی بەوەشكرد: كۆمپانیای كار لەبەرامبەر پاڵێوتنی نەوتەكە لەپاڵێوگەی كەڵەك، وەك حەقدەستی پاڵێوتگەكەوە ئەو بەنزینەی لەپشكی وەزارەتی نەوت زیاد دەبێت وەریدەگرێت‌و بەنرخی هەرێمی كوردستان لەبازاڕەكان دەیفرۆشێتەوە.

print

 15 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*