سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » بەڵای تێنه‌گه‌یشتن!پەڕە 1

بەڵای تێنه‌گه‌یشتن!

ماوەیەکە ڤیدیۆی دیداری ژنێکی سودانی بڵاوبۆتەوە گوایه‌ هاوسەرگیری لەگەڵ باوکی کردووە و لەلایەن ( بەحساب) دیندار و عەرەبیزانێکی زۆری کوردیشەوە هەر لەپەنا لاپتۆپەوە فەتوای کوشتنیان بۆ دەرکردووە!
بەحوکمی ئیشەکەم لەگەڵ پەنابەران، کە نزیکەی 15 ساڵە، ژمارەیەکی زۆر سودانیم ناسیوە و شارەزای زۆر لە زمانە جیاجیاکان و داب و نەریت و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیان بووم، میللەتێکی توندن لە خواپەرستی و زۆر پابەندی دابونەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتین. لەو بڕوایەدانیم ژنێک ( بەشەرعی دین و کۆمەڵگا) تاوانێکی لەو شێوەیە بکا و کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سودانیش چاوەڕێی کوردێکی مۆبایل بەدەست یا پەنا لاپتۆپ بکەن تا لە کیشوەرێکی ترەوە فەتوای کوشتنی بۆ دەربکات، خۆیان زیندەبەچاڵ یان بەردبارانی دەکەن و ناهێڵن کەسیش بزانێ.
لە زمانی عەرەبی و هەموو زمانێک پیتێک یا خاڵێک یا نیشانەیەک مانای هەموو وشە یان رستەکە دەگۆڕێت، ئەو ژنە لە دیدارەکەدا دەڵێ: (زوجت ابی، زوجتە)، ناڵێ (تزوجت ابی)،
زوجت یا زوجتە واتە ژنم بۆ هێنا، تزوجت واتە شووم پێکرد، ئەو دەڵێ: زوجتە، واتە ژنی بۆ باوکی هێناوە و دایکیشی هەر لە ژیاندابووە و چوار خوشک و برایشی لە دایکی دووەمی هەیە و خۆیشی دەڵێ: ئەوە داب و نەریتی ئیسلامیە، من ناچمە ناو ئەو وردەکارییە، تەنها مەبەستم لەو هەڵە زەقەی خوێنەری کوردە!
هەر بۆ زانیاری زیاتر، بەر لەچەند مانگێک هەمان ڤیدیۆم لە ئەکاونتی بەڕێزێک بینی، ئەویش وەک کارەسات هەواڵەکەی دانابوو، جەنابیشی فەتوای کوشتنی دابوو، بەعەرەبییەکی شەق و دەقیش فەتواکەیشی کردبووە عەرەبی( وابزانم مەبەستی بوو خێرومەندێک بیگەیەنێتە سودانیەک بەڵکو ژنەکە بکوژن).
ئنجا هەر لە ئەکاونتەکەیشی ئەوەندەی سورەت و حەدیس دانابوو، ئەگەر هەموو سورەتەکانیم خوێندبایەوە وەک ئەوە وابوو قورئانم هەموو خه‌تم كردبێت. ئەو ئازادە چی لە ئەکاونتەکەی دادەنێ و بڵاوده‌كاته‌وه‌، بەڵام تۆ قورئانخوێن بیت دەبێ عەرەبیزانێکی باشبیت، تا بتوانی لێی تێبگەیت، ئەگەر عەرەبیت باش بزانیایە باش جیاوازی ( زوجت و تزوجت)ت ئەکرد، ئەگینا چۆن دەتوانی لەخۆتەوە فەتوای کوشتن بۆ خەڵک دەربکەیت، یان بۆتە مۆدێل، وەک جەماعەتەکەی فەتوای کوشتنیان بۆ یونس الراوی دەرکردووە هەر لەبەر ئەوەی ناتوانن بە بەڵگە لێکدانەوەکانی ڕەت بکەنەوە فەتوای کوشتنیاندا.

 503 جار بینراوە