سەرەکی » وەرزش » تۆپی پێ و سیستمە فاشیست و دیکتاتۆرەکانپەڕە 3

تۆپی پێ و سیستمە فاشیست و دیکتاتۆرەکان

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

1-2
هەر لەمنداڵییەوە سۆزێکی گەورەم بۆ تۆپی پێ هەبوو، یەکێکیش بوو لەو یارییە خۆشانەی کە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە کۆڵان پێکەوە دەمانکرد، کاتێکیش هەڵبژاردەی عیراقی یاری بکردایە، تەواو هەست و نەستی داگیر دەکردم و لەگەڵ هەر بردنەوەیەکدا وامدەزانی خۆم یارییەکە دەبەمەوەو لەگەڵ هەر دۆڕاندنێکیشدا، غەم و پەژارەیەکی زۆر بەسەرمدا زاڵ دەبوو.
سۆزێکی زۆریشـم بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش هەبوو، کاتێک لە مۆندیالی مەکسیکی ساڵی 1986 ئەرجەنتین لە ئەڵمانیای بردەوە، زۆر دڵتەنگی کردم و دەستم بەگریان کرد، لێ کاتێک گەورە بووم و چوومە ئەڵمانیا، هەموو کاتێک حەزم دەکرد ئەڵمانیا بیدۆرێنێت، دیارە ئەمەش بەهۆی ئەوەی کەئەم هەڵبژاردەیە بووبوە سیمبۆڵێکی ناشیرینی نازییەکان، دواجاریش بۆم دەرکەوت لەپەنا ئەو جوانیی و هەستڕاکێشانەی کە تۆپی پێ هەیە، کۆمەڵێک ئامانجی ناشیرین و قێزەون خۆیان شاردۆتەوە، مێژووی ئەم یارییەش وەکو هەموو شتێکی تری ئەم جیهانە، پڕیەتی لە ناشیرینی و دزێویی.
دیارە تۆپی پێ یەکێکە لە وەرزشە جوان و پڕ بایەخەکانی جیهان، هیچ جۆرێکی وەرزش هێندەی تۆپی پێ ناتوانێت خەڵکی لە دەوری خۆی کۆبکاتەوەو هەست و نەستی مرۆڤ بجووڵێنێت، هەرئەمەش وایکردووە زۆر زوو سیستمە فاشیست و دیکاتۆرەکانی جیهان، گرنگی گەورەی پێبددەن، گۆبلز وەزیری پروپاگەندەی هیتلەر، پێی وابوو بردنەوەی یارییەک زۆر گرنگرترە لە دەستدانی شارێک.
هەندێک مێژوونوسیش پێیان وایە ئەم یارییە زۆرجار وەکو ئامڕازێکی گرنگی دەستی فاشیستەکان بەکارهاتووە، کاتێکیش سەیری مێژووی تۆپی پێ و سیستەمە فاشیستەکان دەکەیت، ئەم راستیەت بۆ دەردەکەوێت و زۆرجاریش حکایەتی سەیروسەمەرەش روویانداوە، بە تایبەتی لە سەردەمانی حکومی مۆسۆلینی و هیتلەر و سەدام حوسێندا.
لێرەدا هەوڵ دەدەین کورتەیەک لەو پەیوەندییە سەیر وسەمەرەیە بخەینە روو، لەهەمانکاتیشدا خاڵی هاوبەشی نێوان تۆپی پێ و رژێمە فاشیستەکان باس بکەین و هۆکاری ئەوەش دەربخەین بۆچی هێندە ئەو رژێمانە گرنگی بەم یارییە دەدەن.

پەیوەندی نزیکی تۆپی پێ و فاشیزم
تۆپی پێ یەکێکە لەو یاریانەی کە مێژووییەکی ئێجگار دێرینی هەیە، هەندێک سەرچاوەی مێژوویی باس لەوە دەکەن، سەرەتا ئەم یارییە لە چینەوە هاتووە، هەندێکیش پێیان وایە نەخێر لە بەریتانیاوە هاتووە، بەهەرحاڵ وەکو لە پێشیشدا ئاماژەم پێدا، هیچ یارییەک هێندەی تۆپی پێ ناتوانێت هەست و نەستەکانی مرۆڤ بجووڵێنێت، لەهەمانکاتیشدا لەرووی کۆکردنەوەی زۆرترین هەودارایشه‌وه‌، لەبەرئەوە دەبینین کە ساڵ لەدوای ساڵ رووبەری یاریگاکانی جیهان گەورەتر دەبن تاوەکو زۆرترین ژمارەی خەڵكی بگرن، مێژوونوسی ئەڵمانیا « ئێرنست نۆهلە» لەمبارەیەوە دەڵێت: هه‌بوونی کاتێکی زۆر وا ده‌کات تۆپی پێ خەڵکانێکی زۆر لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە، ئه‌وه‌ یەکێک بوو لەسەرهەڵدانی بیری فاشیزم .
لەلایەکی ترەوە لە رووی تیۆرییەوە تۆپی پێ باوەڕی بە بردنەوە و دۆڕاندن و سەرکەوتن و ژێرکەوتن هەیە، ئەمەش فاشیستەکان لە دژایەتیکردنی گەلانی تر دەتوانن بەکاریبهێنن.
زۆرێک لە مێژوونوسانی جیهانیش پێیان وایە، جیاکردنەوەی تۆپی پێ لە سیستەمە شمولییەکان، کارێکی ئەستەمە، چونکە هەمیشە ئەو رژێمە شمولی ودیکتاتۆریانە ویستوویانە سوود لەو یارییە جوانە وەربگرن و بۆ مەرامی نەگریسی خۆیان بەکاریبهێنن.

مۆسۆلینی و تۆپی پێ
لەچاو وڵاتانی تری ئەوروپادا، تۆپی پێ کەمێک درەنگتر برەوی لە ئیتالیا پەیداکرد، بەڵام کاتێک مۆسۆلینی هەستیکرد دەکرێت ئەم یارییە وەکو ئامڕازێک بۆ پتەوکردنی رژێمەکەی بەکاریبهێنرێت، زۆر بە باشی سودی لێوەرگرت، ساڵی 1926 بۆیەکەمجار خوولیی یانەکانی ئیتالیای دامەزراند، پاشان گرنگی زیاتری بە دروستکردنی یاریگا داو هەفتانە نزیکەی 200 هەزار کەس سەیری یاریان دەکرد.

مۆندیالی 1934
ساڵی 1934 مۆندیالی تۆپی پێ لە ئیتالیا سازکرا، ئەوەش پاش ئەوەی مۆسۆلینی هەڕەشەی لە سوید کرد، دەبێت بکشێتەوە لە میوانداریی کردنی ئەو مۆندیالە، ناچاریش سوید کشایەوە. جێگەی ئاماژەیە سیاسەتی سوید چ بەرامبەر بە رژێمی فاشیست لە ئیتالیا و چ نازییەت لە ئەڵمانیا، زۆر ترسنۆکانە و ئابڕوبەرانە بووە.
پاش ئەوەی مۆندیالەکە بەر ئیتالیا کەوت، مۆسۆلینی زۆر بەباشی توانی سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرێت، نزیکەی 600 هەزار پۆستکاری خۆی لەتەواوی وڵاتدا بڵاوکردەوە، بۆئەوەی میوانە بیانییەکان وێنەی ئەم دیکتاتۆرە ببینین، جگە لەوەش خۆی دەچوو لە سەرەی کڕینی بلیتدا دەوەستا و رۆژنامەکانیش وێنەیان بڵاودەکردەوە، بۆئەوەی بە خەڵكی بڵێت کە پیاوێکی خاکیی و سادەیە، بەوەشه‌وه‌ نەوەستا بگرە بۆیەکەمجار یارییەکان لە رێگەی ئیزگەی رادیۆوە راسته‌وخۆ پەخش دەکران، چونکە لەوکاتەدا تەلەفزیۆن نەبوو، هەروەها خەڵکێکی زۆریش پارەی نەبوو بچێت سەیری یارییەکان لە یاریگاکاندا بکات، ئەمەش سەرەتای پەخشی زیندوو راسته‌وخۆی یارییەکان بوو لە جیهاندا.

یان سەرکەوتن یان مردن
12 رۆژ پێش مۆندیالی 1934 کە لە رۆما ساز کرا، مۆسۆلینی هەڵبژاردەکەی کۆکردەوە دەعوەتێکی شاهانەی کردن، بەڵام دواتر هەڕەشەی لێکردن و پێی وتن: هەر دەبێت جامی ئەم مۆندیالە بەرنەوە، ئێوە وەکو سەربازێکن لە مەیدانی جەنگدا، یان دەبێت سەرکەوتن بەدەستبهێن یان مەرگ، بەمشێوەیەش ترس باڵی بەسەر یاریزانەکاندا کێشا.
پاشتریش هەڕەشەکانی توندتر کردەوە، کاتێک بە «فيتوريو بوتزو»ی راهێنەری هەڵبژاردەکەی ووت: تۆ بەرپرسی لە سەرکەوتنی هەڵبژاردەکە، گەر شکستان هێنا، ئەوا مەگه‌ر خودا رەحمت پێ بکات. ئیتر بەتەواوەتی راهێنەرەکە تێگەیشت و زانی گەر یارییەکە بدۆڕێنن ئەوا رووبەری مەرگ دەبێتەوە، مۆسۆلینی بەوەش نەوەستا دەستیکرد بە هەرەشەکردن و بەرتیل دان بە ناوبژیوانی یارییەکان، تاوەکو یارمەتی ئیتالیا بددەن بۆئەوەی ببێتە یەکەمی جیهان .

رەشپۆشی
هەتا دەهات مۆسۆلینی گرنگی زیاتری بە تۆپی پێ دەدا، لە مۆندیالی 1938 دا کە لە فەرەنسا رێکخرا، مۆسۆلینی بەزۆر فانیلە شینەکانی هەڵبژاردەی ئیتالیای گۆڕی و کردیە فانیلەی رەش کە سیمبۆڵی فاشیستەکانی ئیتالیا بوو، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی ئەو ئیتالییانەی کە لە دەستی رژێمەکەی مۆسۆلینی رایانکردبوو بۆ فەرەنسا و لە زۆربەی شارەکانی فەرەنسا، ئیتالییەکان کە ژمارەیان لەوکاتەدا نزیکەی 10 هەزار که‌س دەبوو، دەچوونە بەردەم یاریگاکان لە دژی هەڵبژاردەکەی مۆسۆلینی خۆپیشاندانیان دەکرد.
لە لایەکی ترەوە هەرچەندە هەڵبژاردەی ئیتالیا زۆر بەهێزبوو، بەڵام مۆسۆلینی هەڕەشەو گوڕەشەی زۆری لە دژی ناوبژیوانه‌کان بەکارهێنا، هەروەها پارەیەکی زۆریش بەخشییەوە تاوەکو ئیتالیا ببێتە یەکەم و جامەکە بەرێت.

تۆپی پێ و نازییەت
هیتلەر کە خۆی بە خوێندکارێکی بە ئەمەکی مۆسۆلینی دادەنا، ئەویش بەهەمان شێوە گرنگی زۆری بە تۆپی پێ دەدا، بە تایبەتی پاشئەوەی گۆبلز وەزیری پروپاگەندەکەی ئامۆژگاری هیتلەری کرد کە گرنگی زیاتری پێ بدات، گۆبلز پێی وابوو بردنەوەی یارییەک زۆر لە لەدەستدانی شارێک گرنگترە، لەم بارەیەشه‌وه‌ نازیەتیش کۆمەڵێک حکایەتی سەیروسەمەرەی لەگەڵ ئەم یارییە جوانە هەیە.

هەڵبژاردەی نەمسا و هیتلەر
یەکێکە لەو چیرۆکە سەرنجراکێشانەی نازییەکان، پەیوەندی بە تێکەڵاوکردنی هەردوو هەڵبژاردەی نەمسا و ئەڵمانیاوە هەیە، ساڵی 1938 پاش ئەوەی هیتلەر نەمسای داگیرکرد، نازییەکان فشاری زۆریان خستە سەر هەڵبژاردەی نەمسا تا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ببنەوە به‌یەک هەڵبژاردە و پێکەوە بەشداری مۆندیالی فەرەنسا بکەن، لەوکاتەدا نەمسا هەڵبژاردەیه‌کی زۆر بەهێزی هەبوو، بە یەکێک لە هەڵبژاردە باشەکانی ئەوروپا و جیهان دادەنر، هەشت یاریزانی بەهێزی هەڵبژاردەی نەمسا بەزۆر خرانە ناو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆئەوەی مۆندیالی 1938 لە فەرەنسا ببەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبون، ئەوەش بەهۆی نارەزایی بوونی یاریزانە نەمساییەکانه‌وه‌کە لەژێر حوکمی نازییەکاندایاریی بکەن.
کابتنی هەڵبژاردەی نەمسا «ماتیاس شیندلار» کە هەوادارانی بە « شیند، یان مۆزارتی هەڵبژاردەی نەمسا «ناویان ده‌برد یەکێک بوو لە یاریزانە بەهێزەکانی ئەم هەڵبژاردەیە بەڵام دژی نازییەکان بوو، لەیاری کۆتاییدا رازی نەبوو بچێتە ناو هەڵبژاردەی ئەڵمانیاوه‌ کە بە بۆنەی تێکەڵاوکردنی هەردوو هەڵبژاردەوه‌ ئەنجامدرا، رژێمی نازی فشاری خستە سەر یاریزانەکان کە دەبێت بە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بدۆرێن، بەڵام ماتیاس رازی نەبوو، ئەوەبوو سەرەتای یارییەکە بە هیچ شێوەیەک سڵاوی نازییەکانی نەوته‌وه‌، پاشانیش توانی گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکات و بچێتە نزیک ئەو شوێنەی کە نازیییەکانی لێ دانیشتوون و دەستیکرد بەسەماکردن، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی و تووڕەبونی نازییەکان.

یەکەم تیرۆری وەرزشی
نازییەکان زۆر لە ماتیاس تووڕەبوون پاشان ئەوەبوو لە شوقەکەی خۆی بەگاز خۆی و ژنەکەشیان تیرۆرز کرد، بەڵام خەڵكی هێندە ئەم یاریزانەیان خۆشدەویست، هەموو ڤییەنا خەمناکی راگەیاند و نزیکەی 15 هەزار تەلەگرافی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەکەی رۆیشت، ئەمەش وایکرد کە بۆماوەی یەک هەفتە دائیرەی پۆستەی ڤییەنا هەر خەریکی ئەو نامە زۆرانە بێت، جگە لەوەش هەرچەندە نازییەکان هەڕەشەیان لەخەلکی کرد کە بەشداری پرسەکەی نەکەن، بەڵام خەڵكی گوێیان بەهەڕەشەکانی نازییەکان نەداو نزیکەی 40 هەزار کەس بەشداربوون.

یاری مەرگ
ساڵی 1941 کاتێک ئەڵمانیا پەلاماری یەکێتی سۆڤێتی جارانی دا و شاری کیه‌ڤی پایتەختی ئۆکرانیای داگیرکرد، تەواوی وەرزش لەو وڵاتە راگیرا، بەڵام لەوکاتەدا جەنەراڵێکی ئەلمانی کە حاکمی کیه‌ڤ بوو، زۆر حەزی بە یاریی بوو، لەپڕ بڕیاریدا کە یارییەکی دۆستانە لەنێوان سەربازە ئەڵمانەکان و تیپێێکی شارەکە سازبکرێت، بەشێکی زۆری یاریزانە ئۆکرانییەکانیش کە سەر بە یانەی « دینامۆ کیه‌ڤ» بوون یاریزانی باشبوون، ئەوەبوو یارییەکەیان بردەوە، هەرچەندە لە گێمی دووەمدا هەڕەشەی زۆریان لە یاریزانە ئۆکرانییەکان کرد کە خۆیان بە تیپە ئەڵمانەکە بدۆڕێنن بەڵام وا نەبوو، ئەڵمانەکان دۆڕاندیان، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی و نیگەرانی ئەڵمانەکان و قسەوباسێکی زۆری لەناو سوپادا دروستکرد.
پاشان تیپێکی تری ئەڵمانیایان هێنا، ئەوانیش شانسی سەرکەوتنیان نەبوو دۆڕان، ئەم دۆڕاندنە زۆر کاریگەری کردە سەر جەنەڕاڵەکانی ئەڵمانیا لەو شارە، ئەوەبوو لەساڵی 1942 تیپێکی بەهێزیان لە ئەڵمانیاوە هێنا، تاوەکو لەو تیپە بەرێتەوە بەڵام لەمەشدا شانسیان نەبوو، لە گێمی دووەمی یارییەکەدا گیستاپۆ» دەزگای هەواڵگری و پۆلیسی نهێنی نازییەکان» هەڕەشەی مەرگ و ناردنیان بۆ سەربازگە زۆرەملێکان لە یاریزانەکان کرد، بەڵام ئەمەش هیچ کاریگەری نەبوو، لە کۆتاییدا بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ دۆڕان، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانیی و توڕەبوونی نازییەکان، بۆیه‌ لە رۆژانی داهاتوودا 9 یاریزانانیان بۆ سەربازگە زۆرەملێکان نارد و چواریشیان گوولە باران کرد، جێگەی ئاماژەیە ئێستا لە کیف مۆنۆمێنتێک بۆ ئەو یاریزانە شەهیدانە کراوە.

 189 جار بینراوە