سەرەکی » مانشێت » دەرگامان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا واڵایە

یەكێتی:

دەرگامان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا واڵایە

دوێنێ لەهەولێر، وەفدی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی‌و پارتی، كۆبوونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد.
دوای كۆبوونەوەكەش، سەعدی ئەحمەدی پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی ئەمنی‌و بژێویی خەڵك كرا، لەوڕووەشەوە تەئكیدكرایەوە لەهەوڵدانی زیاتر بۆ خێراتر پێدانی مووچە‌و خزمەتگوزارییەكانیش باشتربكرێن. هەروەك باسی خۆئامادەكردن بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەتی عیراق لەبەغدا كرا، بەتایبەتی دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی هەژماركردنی دەنگەكان بەدەست، كە رادەگەیەنرێ، ئەوكاتە گفتوگۆی جددی لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەكاندا دەكرێت.

هیچ لایەنێك پەراوێز ناخەین
وتەبێژی مەكتەبی سیاسی، ئاماژەی بەوەشكرد كە یەكێتی، لەسەرەتاوە‌و لەكۆبوونەوەكەشی لەگەڵ پارتی-دا، تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێمە وەكو یەكێتی ڤیتۆمان لەسەر هیچ كەسێك نییە‌و هیچ لایەنێكیش پەراوێزناخەین. لەگفتوگۆكانمان هەوڵدەدەین كارێك بكەین بۆ ئەوەی حكومەتێكی عیراقی بەهێز لەهەموو لایەنە براوەكان پێكبێت، ئەو لایەنانەی كە رێكدەكەون لەسەر بەرنامەیەك. وتیشی: جیاوازیی بەرنامەی ئەمجارە لەگەڵ بەرنامەكانی تر بەتێگەیشتنی ئێمە لەو وەرەقەیەی كە ئامادەشی دەكەین دەنووسرێ، دەبێ ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان هەوڵی ئەوە بدەین كە ئەو بەرنامانەی دەینووسین، لەلایەن هاوپەیمانەكانەوە بنووسرێ نەك لەلایەن ئەو كەسایەتییەی دەبێ بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بەڵكو ئەو لایەنە سیاسییانەی كە هاوپەیمانی دەكەن، بەرنامەكەیان ئیلزامی دەبێ بۆ سەرۆكی حكومەتی داهاتوو، ئەمە جۆرێك لەدڵنیاییە بۆ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان.

دەرگای گفتوگۆ واڵایە لەگەڵ یەكێتی
راشیگەیاند: ئێمە جارێكی تر دووپاتیدەكەینەوە بۆ لایەنە سیاسییەكانی تری هەرێم كە دەرگای گفتوگۆ واڵایە لەگەڵ یەكێتی بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژەیەی ئامادەدەكرێت وەكو پڕۆژەیەكی نیشتمانی، تا ببێتە ئەساس بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عیراق، ئێستاش وردەوردە مەسەلەی سكاڵاكان یەكلادەبێتەوە‌و پێموایە كاتی ئەوە هاتووە هەوڵی ئەوە بدەین پێكەوە گفتوگۆ بكەین.

لەچوارچێوەی یاسا‌و رێنماییدا مامەڵە بكرێت
دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەعدی پیرە، وتی: تا ئەم چركەساتە، 30/9 كاتی هەڵبژاردنە‌و هیچ داوایەك لەلایەن یەكێتی-یەوە پێشكەشنەكراوە بۆ ئەوەی دوابخرێت‌و هیچ بەرنامەیەك بۆ دواخستنی لەئارادانییە، هەر كاتێكیش ئەو بەرنامەیە هەبوو، ئێمە شەرم لەكەس ناكەین‌و دەتوانین بەرنامەی خۆمان پێشكەش بكەین‌و بڵێین دەمانەوێت، بەڵام حاڵی حازر هیچ داوایەكی لەو شێوەیەمان نەكردووە‌و داواش ناكەین.
باسی لەوەشكرد: لەسەر بارودۆخی ئێمە‌و حكومەتی عیراق، هەوڵ دەدەین حكومەتی عیراق بەوشێوەیەی كە هەیە، ئەو كێشەو ناڕێكییەی لەبەردەمماندا هەبوو، كەمی بكەینەوە. هەروەها داوا لەحكومەتی عیراق دەكەین هەوڵی ئەوە بدات لەو ناوچانەی هێزی عیراقی یان حەشدی شەعبـی لێیە، لەچوارچێوەی یاسا‌و رێنمایی مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیان بكەن، سەرپێچی نەكەن‌و دەستدرێژیی نەكەنەسەر هاووڵاتیان.

 59 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*