سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » ئیتر کاتی شەرمەزاری نییە؟!پەڕە 3

پەلاماردەرانی یەکێتیی

ئیتر کاتی شەرمەزاری نییە؟!

لەئەدەبیاتی سیاسی کورددا بەدرێژایی مێژووی سەد ساڵی رابردوو ، ململانێی ناوخۆیی وشکاندنی پەنجەکانی یەکتر دیارترین سیمای ناسەرەوەی ئەم مێژووە سیاسیە بوە و لەمبارەیەوە رەوانشاد نەشیروان موستەفا لەکتێبی دووەمی یادەوەریەکانی شۆڕشی نوێدا ، زۆر بەجوانی و بەسەلیقەیەکی ئەدەبی رەوان وبێ رتووش ، شەقل و ئەدگارەکانی ئەم دیوە ناشرینەی خەباتی سیاسی کورد بەدەم نوکتەی خۆشمەشرەبی کوردەواری باس دەکات و بەشێک لەهەرە قێزەونترین حاڵەتە نامۆکانی ئەم خۆخۆریەی دنیای سیاسی ئێمە دەبەستێتەوە بە تانەوتەشهیر و ناوزراندن و شکاندنی بێبەڵگەو بێ ئەرزش.
ئەمە تائێرە وەک خۆی بەڵام ئەوەی کە
جێگەی هەڵوێستەکردن و وردبونەوەی قوڵ و سەرسوڕمانی زیاترە ئەو شکاندنەی ئێسکەکانی کورد بوو بەدەستی بەشێک لەخودی کود لەکەرکوک و لەبەرچاوی تورکمانی شاخستانی و ئەو عەرەبە هاوردانەی کە صدامی گۆر بەگۆر کاتی خۆی هێنابونی بەئامانجی سرینەوەی ئاسەواری کوردبوون لەوشارەدا.
ئەم خۆخۆریەی هەندێک سیاسی ئێمە گەشتە ئەو ئاستە کە بچن لەبەغدای پایتەخت دەرگا بەدەرگا و سەفیر بەسەفیر و بارەگا بە بارەگای ئەم حیزبی سیاسی و ئەو فراکسیۆنی پەرلەمانی بگەرێن و تەنها بۆ ناشرینکردنی یەکێتیی بڵێن کورد تەزویری لەتورکمانی بێکەس و عەرەبی بەسەزمان کردوە. دیمەنێک کە هیچ کەسێک پێشبینی نەدەکرد و لەمێژووی شۆرشی رزگاری نیشتمانیدا راستە کە کورد گیرۆدەی کێشە ناوەکیەکانی خۆی بووە و ئەم پەنجە ئەویتری شکاندوە ، بەڵام لەهەموو ئان و ساتەکاندا هێزە سیاسیەکان و سەرکردەکانی کورد لەسەر کوردستانیبوونی کەرکوک هاورا بوون ،وە هەموان پێکەوە لەچارەسەرکردنی کێشەی ئەو شارەدا دژی عەرەب و تورکمان بوون و هیچ کاتێک نەبوە لایەنێکی کوردستانی شەفاعەت بۆ عەرەب یان تورکمانەکان بکات دژی هێزێکی کوردستانی.
لەم روانگەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەتەواوی پارێزگاکان پری بوو لە بەخشینەوەی تۆمەت و تەشهیر لەنێوان هێزە عیراقیەکان، بەڵام هیچ حیزبێک بەهێندەی یەکێتیی پەلامارنەدراو ناشرین نەکرا ، هیچ لایەنێکی کوردی و عەرەبی و تورکمانی وەک لیستەکەی مام جەلال لەلایەن کورد و عەرەب و تورکمان و ئەوانی ترەوە تۆمەتی نارەوای نەخرایە پاڵ بەشێوەیەک کە لەماوەی سێ مانگی رابردوو بەشی زۆری بەرنامەی راگەیاندنەکان و گوتاری سیاسی و سەری زمان و بنی زمانی ئەم هێزانە لەسەرتۆمەت دروستکردن و ناشرینکردنی یەکێتیی دارێژرابوو.
حاڵی حازر کە ئەنجامی هەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان راگەیەنراوە لەلایەن ئەو دادوەرانەی کە خۆیان لەرێگەی پەرلەمانەوە دایاننان و لەکاتی خۆیدا بەدەستکەوتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ناویان دەبرد و بەپێی هەژمارکردنەوەکە ، کورسیەکانی یەکێتیی وەک خۆیەتی، ئیتر حەقیەتی بپرسین کاتی شەرمەزاری نیە؟ کاتی نیە بپرسین بەوناحەقیەی کە بەئێمەتان کرد چیتان دەسکەوت جگە لەزیاتر لێکترازانی ڕیزەکانی کورد لەبەغداد کەهەنوکە لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکانمانە لەناو پرۆسەی سیاسی عیراق ؟ کاتی نیە بڵێین ئەوەی کە کردتان جگە لەنائومێدترکردنی دەنگدەرانتان وەک بەڵێنە بێکردارەکانی رابردوو چیتری لێشین بوو؟
ئەی نازانن بەم کارەتان سابقەیەکی خراپتان رشت بەوەی کە بۆ هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن دەبێت دوو یاسا لەپەرلەمان دەربچێت کەیەکێکیان پێش و ئەویتر دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەو بەمەش زیانتان لە پرۆسەی دیموکراسی و دەساودەسکردنی دەسەڵات دا، واتە متمانەی هاوڵاتیتان لەقکرد بە هەڵبژاردن و جێگۆرکێ دەسەڵات کەخۆتان وەک بنەمایەکی گرنگی کارەکانتان ئیدعای بۆ دەکەن.
ئەی تێناگەن پەتی درۆ کورتە و داننان بەهەڵی ستراتیژی و شکستی سیاسی و هەزمکردنی ئەو حەقیقەتەی کە دەنگدەرەکانتان لەم سەردەمەدا تۆراون دیدێکی عەقڵانیە و رەنگە چانسی هەستانەوەتان بداتێ؟، نەوەک خۆڵخستنە چاویان بەداتاشینی درۆی شاخدار گوایە دڵیان دەدەنەوە
بەداخەوە ڕێگە نەما نەیگرنە بەر، لەپەرلەمان یاساتان هەموارکرد.لە حکومەت بەیارمەتی ئەو وەزیرە گەندەڵانەی کەسەدان ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتەیان دزیوە بەناوی پرۆژەی وەبەرهێنانی وەهمی و ئێستا خەڵک سزای داون و دەرنەچونەتەوە ، لەگەڵ ئەمانە دەستان تێکەڵکرد و لیژنەتان پێکهێنا. لەبەردەم دادگای ئیتحادی شەوان ئێشکتانگرت و بریارەکان بەئارەزووی خۆتان دەرچوو و کرتان بەجەژن و نوقڵانەی سەرکەوتنتان بەخشیەوە کەبەشێکی زۆری ئەمانەی کردتان بەهەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەی دەنگی پێشمەرگە و هێزە تایبەتەکان و کەرکوک دژی یەکێتیی و جەماوەرە ئارامگرتوەکەی بوو لەسلێمانی و کەرکوک. ئێستاش کە دادوەرە بێلایەن و نەزیهەکان بەقەولی خۆتان جارێکی تر دوای بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان جەختیان لەسەرکەوتنی یەکێتیی و راست و دروستی دەنگەکانی کردوەتەوە ئیتر پێمان بڵێن چی وەڵامێکتان پێیە بۆ ئەو هەموو ناوزراندن و تەشهیر و ناماقولیەی کە بەئێمەتان کرد؟

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*