سەرەکی » دۆسێ » رایس نامەیەك بۆ ئیدارەكەی ترەمپ رەوانە دەكاتپەڕە 4

پەیوەندی بە بن سەلمانەوە هەیە

رایس نامەیەك بۆ ئیدارەكەی ترەمپ رەوانە دەكات

سۆزان رایس راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە سەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، نامەیەك بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رەوانە دەكات و نامەكە پەیوەندی بەو رێوشوێنانەوە هەیە كە شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە دەیانگرێتەبەر.
رایس لە وتارێكیدا كە لە رۆژنامەی «نیویۆرك تایمز»ی ئەمریكایی بڵاویكردۆتەوە، دەڵێت»گەر سعودیە كێشەیەكی لەگەڵ كەنەدا هەیە سەبارەت بە ئازادییەكان و مافی رەخنەگرتنی ئاشتیانە، مانای ئەوەیە سعودیە بە هەمان شێوە كێشەی لەگەڵ ولایەتە یەكگرتووەكانیش هەیە».
بە گوتەی راویژكاری ئاسایشی پێشووی ئەمریكا»وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە سایەی ئیدارەی كۆمارییەكان و دیموكراتەكانیش هەمان شێوازییان دەبوو لە نوسینەوەی دوایین بەیاننامەكە كە تایبەت بوو بە قەیرانی نێوان سعودیەوە و كەنەدا، لەكاتێكدا لە قەیرانەكە هەوڵێكی روونی سعودیەی تێدا دەردەكەوێت بۆ سزادانی كەنەدا كە گوزارشتی لە نیگەرانییەكانی خۆی كردبوو بەهۆی دەستگیركردنی چالاكوانان لە سعودیە».
رایس تەئكیدی لەسەر پشتیوانی ولایەتە یەكگرتووەكان كردبۆوە لە كەنەدا، چونكە»وڵاتەكە لەچوارچێوەی ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆیە و دراوسێیەكە كە ناكرێت دەستبەرداری بن»، ئەمەش لەگەڵ هەڵوزێستی ئاسایی سەركردایەتی ئەمریكایی بۆ بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ یەكدەگرێتەوە، ئاماژەی بە گێڕانەوەی هەمان ئەو رەخنە و گلەیی و گازدانەش كرد كە ولایەتە یەكگرتووەكان لە كۆندا بەرانبەر بە پێشێلكارییەكان هەیبوو لە سعودیە.
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە سەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، دەڵێت»هەڵوێستی ولایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ جێَنشینی شاهانەی سعودیە، هەلێكی تر دەداتە ئەو شازادەیە تا لە زۆر كێشەدا بەبێ‌ سزا قوتاری ببێت، تێبینیش دەكرێت هەنگاوەكانی جێنشینی شاهانەی سعودیە، لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا ناگونجێن».
رایس، رخنەی لەو رێوشوێنانەی سعودیە گرتووە كە بەرانبەر بە قەتەر گیراونەتەبەر، بە گەمارۆدانی وڵاتەكە و هەوڵی دابڕینی دەوحە لە وشكانی، سعودیەشی بە هاندانی ترەمپ بۆ پاشەكشەكردن لە رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا تۆمەتبار كردووە.
سعودیە لە 6ی ئابی 2018، باڵێوزی كەنەدای بۆ راوێژ بانگردبوو، دواتر بە كەسێكی نەخوازراوی دانا و داوای لێكرد لەماوەی 24 كاتژمێردا وڵاتەكە بەجێبهێڵێت، هەروەها مامەڵە بازرگانی و وەبەرهێنانە نوێیەكانی نێوان سعودیە و كەنەدای هەڵپەسارد، بە مافی وڵاتەكەشی دانا كە رێوشوێنی تر بگرێتەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، لە بەیاننامەیەكدا سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیبوو بەرانبەر بە «هەڵوێستی نەرێنی و سەیری كەنەدا كە لەلایەن وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە و باڵێوزی كەنەداوە لە سعودیە خرانەڕوو، سەبارەت بە دەستگیركردنی بە ناو چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی لە سعودیە».
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر بەشێوەیەكی فراوان باس لە سەركێشییەكانی محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە دەكرا لەنێوەندەكانی ئەمریكا، وێڕای شكستەكانی ئەو وڵاتە لە تەنگژەكانی دژ بە قەتەر و هەوڵی دەستبەسەركردنی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان و دەستوەردانی سەربازی لە یەمەن كە بۆتە مایەی دروستكردنی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهان.
محەمەد بن سەلمان كە لەئێستادا بە داڕێژەری سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی شانشینی عەرەبی سعودیە دادەنرێت، لە مێژوویی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا هێندەی ئێستا دووچاری قەیرانی ناوخۆیی و دەرەكی نەبۆتەوە.
هەموو هەنگاوە سیاسییەكانی وڵاتەكە، هەر لە هەڵمەتەكانی بەناو «بنبڕكردنی گەندەڵی» لەناوخۆدا بگرە، تا دەگاتە گەمە ئیقلیمی و نێودەوڵەتەكانی، دووچاری ساتمە و بگرە كەوتنی گەورە بونەتەوە، ئەمەش لەلایەن زۆرێك لە بیرمەند و چاودێرانی سیاسییەوە ئاماژەیان پێكراوە و هۆشداریش دراوە لە هەڵسوكەوتەكانی شازادە لاوەكە كە هەڵسوڕاندنی ئیدارەی وڵاتێكی بەهێزی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كەوتۆتەدەست.
مردنی شا عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز لە ساڵی 2015، بووە مایەی ئەوەی براكەی سەلمان بن عەبدولعەزیز كە تەمەنی 81 ساڵە شوێنەكەی بگرێتەوە، لەو خاڵەوە میكانیزمەكانی گواستنەوەی دەسەڵات لە سعودیە تێكچوونی بەسەرداهات كە بەردەوام رووداوە گەرمەكان تێیدا شاردراوە و نادیاربوون.
شا سەلمان پلانەكانی براكەی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەڵوەشاندەوە، مقرن بن عەبدولعەزیزی برا بچوكی لە پۆستی جێنشینی دوورخستەوە، دواتر دوورخستنەوەی محەمەد بن نایفی برازای بەدواداهات.
لەو دەمەوە ئەستێرەی محەمەد بن سەلمان كە تەمەنی 31 ساڵە، رووی لە درەوشانەوە كرد و پۆستی وەزیری بەرگری و پاشان جێنشینی شاهانەی وەرگرت.
پێشتر راسڵ لۆكاس لە رۆژنامەی «واشنتۆن پۆست» راپۆرتێكی شرۆڤەكاریی بڵاوكردبۆوە و تێیدا ، بن سەلمانی بە ئەندازیاریی دەستوەردان لە جەنگی ئەهلی یەمەن بە سەركردایەتی سعودیە دانابوو، بە هەمان شێوە پێیوابوو ئابڵوقەدانی قەتەریش بە دەستپێشخەریی ئەو بووە، جگە لە دانانی پلانە ئابورییە گەورەكانی سعودیە كە بە «دیدی سعودیە بۆ 2030» ناودەبرێن.
ئامانج لەو سیاسەتە دەرەكی و ناوخۆییانە، خزمەتكردنە بە ئەجێنداكانی میرە بچكۆلەكە كە كۆڵەكەكانی سیاسەتی سعودیەی هەژاند.
سەركەوتنی بن سەلمان بەبێ‌ تەنگژە نەبوو. راپۆرتەكان باس لە رووداوە شاردراوەكانی دوایین كاتژمێری محەمەد بن نایف دەكەن لە پۆستی جێنشینی شاهانە كە چۆن دەستبەسەركرا و ناچاركرا سازش بكات. لەگەڵ ئەو گومانانەی لەبارەی تەندروستی شا سەلمانیشەوە هەیە، رەنگە كوڕە سی ساڵانەكەی بەمزوانە لەپاش مردنی باوكی بچێتە سەر عەرشی شاهانە.

 502 جار بینراوە