سەرەکی » راپۆرت » سیاسەتی ئاوی تورکیا، گەشەپێدانی ناوچەکە یان هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی؟

تورکیا لە پاییزی ئەمساڵدا گلدانەوەی ئاوی نوێترین بەنداوی خۆی دەستپێدەکات

سیاسەتی ئاوی تورکیا، گەشەپێدانی ناوچەکە یان هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی؟

راپۆرتی: تەحسین تەها چۆمانی

بەندواوی ئەلیسۆ لە باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا لە سەر رووباری دیجلە دروستبووەو ئامانج لێی بايى دوو ملیار دۆلار بەرهەمهێنانی کارەبایە.
ئەلیسۆ نۆزدەهەمین بەنداوە کە تورکیا لە سەر رووبارەکانی دیجلەو فورات دروستی کردووە.
ئەو کۆمەڵە بەنداوە بەشێک لە پێشنازی پەرەپێدانی خۆرهەڵاتی ئەناتۆلی، ناوبراو بە «گاپ»ن، بە ئامانجی گەشەسەندنی دەرفەتەکانی ئابووريی لە ناوچەکە و دابینکردنی وزەی کارەبا دەبێت.
بڕیاروایە ئەلیسۆ ١٢٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت و قەبارەی دەریاچەی پشتی بەنداوەکە 10.4 ملیار مەتر سێجایە.
گلدانەوەی تەواوەتی دەریاچەی پشت سەدی ئەلیسۆ نزیکەی یەک ساڵی دەوێت و شاری مێژوویی (حەسەن کێف) و ٢٠٠ گوند و ئاوایی دیکە ژێر ئاو دەخات.
سێ مانگ بەر لە گلدانەوەی ئاوی بەنداوی ئەلیسۆ بووە هۆکاری کەم ئاويی رووباری دیجلە لە عيراق و لە دوای نیگەرانییەکانی بەغداش، تورکیا رایگەیاند بەردەوامی گلدانەوەی ئاو بۆ پاییزی ئەمساڵ دوا دەخات.
نیگەرانی لە دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیا لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاريی ئاوو هەوا بۆتە هۆکاری کەم بوونەوەی بارانبارین و زیاتر بوونی کۆتایی هاتنی سەرچاوە ئاویيەکان لە ناوچەکەدا.
تورکیا دەڵێت گڵدانەوەی ئاوی بەنداوی ئەلیسۆ کاریگەريی ناکاتە سەر عيراق، بەڵام چالاکوانانی ژینگەیی و چاودێران ئەو لێدوانانەی تورکیایان قبوڵ نییەو رەتی دەکەنەوە.
ئەوان دەڵێن: دروستکردنی بەنداوە فراوانەکانی تورکیا، لە پاڵ ئەو وشکەساڵییە سەختەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، کە لە ٩٠٠ ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. بۆتە هۆی ئەوەی کە ئاوی رووبارەکانی دیجلەو فورات لە عێراق بۆ ٤٠٪ کەم ببێتەوە.

چالاکوانانی بواری ژینگە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەنداوەکانی تورکیا کاریگەری نەرێنی لە سەر تەواوی ناوچەکە هەیە، بەجۆرێک ئاستی بەنداوەکان لە سەر رووباری دیجلە و فورات ١٢٠ ملیار مەتر سێجایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاوی ساڵانەی ئەو روو رووبارە ٤٧ ملیار مەتر سێجایە.
بەوتەی لێکۆلەرەوان، بەنداوی ئەتاتورک لەسەر رووباری فورات کە بە یەکێک لە گرنگترین بەنداوەکانی پڕۆژەی گاپ ناودەبرێت، لە دروستبوونی وشکەساڵی و کەم ئاوی لە سوریا کە لە ٢٠٠٦ دەستی پێکرد، کاریگەری هەبووە، کە بووە هۆی وشکبوونی باخ و بێشە و جەنگەڵەکان و کۆچکردنی 800 هەزار کەس لە گوندنشینان بۆ نزیک شارەکان.
دورسون یەلدیز، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سياسەتی ئاو له تورکیا، لێدوانەکان سەبارەت بە بەنداوی ئەلیسۆ بە شتێکی سیاسی دەزانێت و دەڵێت: ئەو بەنداوە بە ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبا دروستکراوەو لەگەڵ ئەوەی بەنداوەکە پڕ بوو، بابەتی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی خۆی.
یەلدیز بە (BBC Persian) وتووە کە پڕبوونەوەی بەنداوەکانی تورکیا لە بەرژەوەندی هەموو وڵاتانی ناوچەکەدایە.
ئەوەشی وتووە: ئەو ئاوەی کە گلدەدرێتەوە لە کاتی وشکە ساڵیدا سوودی لێ دەبینرێت، کە بۆ هەموو ناوچەکە گرنگە.
ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە بە هەدەردانی سەرچاوەکانی ئاو لە عيراق، بەهۆی گۆڕانکاريی ئاو و هەوا، ئیدارەدانی نادروست و شێوەی کۆنی ئادێريی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ئاستێکی باڵادایە. بۆیە گلدانەوەی ئاو لەلایەن تورکیا دەتوانێت کێشەی ئاوی عيراق چارەسەربکات.

print

 157 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*