سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » حکایەتی ئەنفال و خاک و بەرەنگاری لە دیدی محەمەد فەریق حەسەنەوە

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی کوڕەزاکەی زیتۆ

حکایەتی ئەنفال و خاک و بەرەنگاری لە دیدی محەمەد فەریق حەسەنەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

(1-2)

هەمیشە زمانی ئەدەب زۆر لە زمانی زانست و ئامار و دۆکۆمێنت کاریگەرترە بەسەر خەڵکییەوە، زۆرجار لە رێگەی گێڕانەوەی حکایەتێکەوە، دەتوانیت مێژووی گەلێك بگێڕیتەوە، جوولەکەکان لەم رووەوە زۆر زیرەکانە توانیویانە، تراژیدیا گەورەکەی هۆلۆکۆس، بە شێوازی ئەدەبی بە جیهانی بگەیەنن، ساڵ نییە فیلمێک یان رۆمانێک یان نۆڤلێتێکی نوێ لە بارەی هۆلۆکۆس و کۆمەڵکوژی جوولەکەوە چاپ نەکرێت. ئێمەی کورد زۆر لە جوولەکەش زیاتر کارەساتی گەورەترمان بەسەر هاتووە، لێ بەداخەوە نەمانتوانییوە ئەو کارەساتە گەورانە بە جیهانی بگەیەنین، بەشێکی زۆریش بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی نووسەران، کە کەمتر هەوڵمانداوە لە رێگەی کتێب بە تایبەتی ئەدەبەوە ئەو حکایەتە تراژیدیایانە بگێڕینەوە کە رووبەروی گەلەکەمان بوونەتەوە.
خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند نووسەرێک هەوڵیانداوە ئەو تراژیدیانە لە رێگەی ئەدەبەوە بۆ جیهان و نەوەی نوێش بگێڕنەوە. ئەمەش مایەی رێز و پی زانیانە، یەکێک لەو هەوڵانەش هی نووسەرو چیرۆکنووسی ناسراوی گەلەکەمان کاک حەمە فەریق حەسەنە، ئەوەش لە رێگەی رۆمانی « کوڕەزاکەی زیتۆ» ەوە.
رۆمانی کوڕە زاکەی زیتۆ، یەکێکە لەو هەوڵە جوانانەی کە لەم چەند ساڵەی پێشوودا بۆ نووسینەوەی کارەساتی ئەنفال کراوە. لەم رۆمانەدا جگە لە ئەنفال نیشتمان و خاک و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران، پانتایی گەورەی داگیرکردووە، لێرەدا هەوڵ دەدەم ،تیشكێکی بچووک بخەمە سەر ئەم رۆمانە و چەند سەرنجێکی خۆشم لە بارەیەوە دەخەمە روو.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە
ئالان کوڕە زاکەی زیتۆیە، کوڕێکی مێرد منداڵ کە لە گوندی کاردۆخ دا دەژی، کاتێک سووپاکەی ساندای خان « هێمایە بۆ سەدام حوسێنی دیکتاتۆر» پەلاماری گوندەکەیان دەدەن، تەواوی گوندەکە خاپوور دەکەن و دەیستووێنن و ئەوەشی بەردەستیان دەکەوێت، دەیبەن بۆ بیابان و لەوێندەر بەوپەڕی دڕندانەوە لە ناویان دەبەن، خۆشبخەتانە خێزانی ئالان ، سەرەتا کاکلی باوکی ئالان و زینەتی دایکی دەتوانن رابکەن و خۆیان بگەیەننە ئەشكەوتێک و خۆیان لە سوپاکەی ساندای خان و جاشەکان رزگاربکەن. تا ماوەیەکی زۆر لەو ئەشكەوتە دەژین، بەڵام رۆژێکیان ئالان و سەگەکەی پێکەوە دەچنە دەرەوە، کاتێک دەگەڕێنەوە باوک و دایکی بە کوژاروی دەبینێتەوە. لەپاشئەوە ئیتر ئالان بە تەنها لەو چیا و دۆڵە دەمێنێتەوە.

خەونەکەی زیتۆ
هەر لە مندااڵییەوە زیتۆی باپیرەی ئالان ، زۆر گرنگی بەم کوڕەزایەی دەدات و پێی دەڵێت، رۆژێک لە رۆژان دەتوانێت ببێتە سوارچاکێکی بەهێز و ئەم نیشتمانە لە چنگی داگیرکەر و سوپای ساندای خان و جاشەکانی رزگار بکات. ئەوەش لە رێگەی ئەوەی پێیدەڵێت کە دەبێت خۆی بگەیەنێتە رەواندوزو چاوی بە وەستا رەجەب بکەویت، تاوەکو چەکێکی باشی بۆ دروستبکات و بۆئەوەی بەسەر دوژمنانیدا زاڵ بێت. ئەمە سەرەتا وەکو خەون وایە، پاشان ئالان رۆژێکیان لالە وەیس دەبینێتەوە، کە لە بیابان گەڕاوەتەوەو لە چنگی سوپا داگیرەکەرەی ساندای خان رزگاری بووە، پاشان دێتەوە گوندەکەی خۆیان و ئالان دەبینێتەوە. ماوەیەک پێکەوە لەگەڵ ئالان رەزەکەیان ئاوەدان دەکەنەوە پاش ماوەیەکیش ئەویش دەمرێت. دواتر ئ ئالان پیرەی گۆچان سەوز دەبینێت، کە کەسایەتییەکی ئەفسووناوییە، یارمەتی ئالان دەدات تاوەکو بچێت وەستا رەجەب لە رەواندوز ببینێت، وەستا رەجەب کاتی خۆی تۆپی بۆ میری رەواندوز دروست دەکرد لە دژی دەوڵەتی عوسمانی تورکی دەجەنگا. پاشان بە هاوکاری ئەو پیاوە ئەفسووناویە ئالان دەگاتە رەواندوز و وەستا رەجەب دەبینێت، ئەویش کەسایەتییەکی ئەفسووناوییە، نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی ئەم دوو کەسایەتییە ئەفسووناوییەوە، رابردوو لەگەڵ ئێستا ئاشنا بکاتەوە. پاشئەوەی وەستا رەجەب چەکە نوێکەی بۆ دروست دەکات، ئالان دەگەڕێتەوە، ووردە ووردە هاوڕێکانی قۆناغی منداڵی پەیدا دەبنەوە، لە ناوچەکەی خۆیان دەستدەکەن بە پەلاماردانی مۆڵگەکانی دوژمن و لە دواجاریشدا لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو سووپا دڕندەیە و جاشەکانییەوە، ئالان و هاورێکانی کاردۆخ و ناوچەکە لە چنگی سوپای داگیرکەران زرگار دەکەن و وڵات ئازاد دەبێت.

تەکنیکی نووسین
حەمە فەریق حەسەن یەکیکە لە چیرۆک نووسە باشەکانی گەلەکەمان و ماوەی چل ساڵێک دەبێت لە بواری چیرۆک و رۆمانیشدا ، ئەسپی خۆی بە باشی تاو داوە. هەربۆیە لەم رۆمانەدا هەموو شارەزاییەکی خۆی بەکارهێناوە بۆ داڕشتنەوەی ئەم رۆمانە، دەتوانم بڵێم نووسەر زۆربەی رەگەزە گرنگەکانی رۆمانی بەکارهێناوە لەوانە : مۆنۆلۆگ، دیالۆگ، کتوپڕ، دروستکردنی رووداو،شوێن و زەمەن، رستەی شیعری. لە رووی تەکنیکی گێڕانەوەشدا هەردوو راناوی « من، ئەو»ی بەکارهێناوە. ئەمەش تاڕادەیەک کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر بەکارهێنانی میتۆدی ریالیزمی ئەفسووناوییە» ئەوەی عەرەب پێی دەڵێن واقعیة سحریة» .

شێوازی ریالیزمی ئەفسووناوی
ریالیزمی ئەفسووناوی یەکێکە لە میتۆدە ئەدەبیی و هونەرییەکان کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە هەردوو بواری هونەر و ئەدەبدا هاتە مەیدانەوە. لەبواری ئەدەبدا، لە سەرەتای ساڵانی بیستەوە زۆر زاڵبوو بەسەر ئەدەبی ئەڵمانیدا، پاشتریش پەڕیەوە بۆ ئەمریکای لاتین و لەسەر دەستی گابریل مارکیزیشدا، گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات. ئەم قووتابخانەیە سنووری نێوان ریالیزم و ماگی یان ئەفسانە تێکەڵ دەکات، هێندە لەیەکیان نزیک دەکاتەوە، کە زەحمەتە بتوانیت واقع لە ئەفسانە جیابکەیتەوە. دیارە بەکارهێنانی ئەم شێوازە ئەدەبییەش، زۆر زەحمەتە، تەنها ئەو نووسەرانە تێیدا سەرکەوتوو دەبن، کە پاشخانێکی فکریی و ئەدەبیی وئەزموونی نوسینی باشیان هەیە، من لەو باوەڕەدام لە مەشدا کاک حەمە فەریق حەسەن تاڕادەیەکی باش سەرکەوتووبوە. ئەوە راستە باسی تراژیدیای ئەنفال دەکات، لەهەمانکاتیشدا باسی چیرۆکی بەرەنگاربوونەوەی خەبات و تێکۆشانیش دەکات، ئەمەش واقعێکە و بوونی هەبووە بەڵام ئەو هاتووە بەرگێکی ئەفسووناوی بە ئالان و هاورێ شۆڕشڤانەکانی « هەروەک خۆی ناوی لێناون « دەبەخشێت. جگەلەوەش لەم رۆمانەدا پیرەی گۆجان سەوز و وەستا رەجەبی رەواندوز، ئەو کەسایەتییە ئەفسووناوییەن، کە دەبنە داینەمۆی ئەم رۆمانە و پاڵ بە پاڵەوانی رۆمانەکەوە دەنێن، بەدرەوامبێت لە بەرەوپێشچوون لە رووداوەکان.

زمان
زمان یەکێکە لە رەگەزە گرنگەکانی رۆمان، دەتوانم بڵێم بە بێ بوونی زمانێکی باش و بەهێز ، رۆمانێکی بەهێز و سەرکەوتوو لە دایک نابێت، یەکێک لە خاڵە سەرکەوتوەکانی ئەم رۆمانە، ئەو زمانە شیعرییە بەهێزەیەتی، کە نووسەر بەکاریهێناوە. نووسەر زۆر ووشە و رستەی شیعری جوانی بۆ رازاندنەوە‌ی رۆمانەکەی بەکارهێناوە. یەکێک لەو وشانەش کە بەلای منەوە نوێ بوو وشەی « هوڕیەڵی لە جیاتی جاش و خۆفرۆش بەکارهێناوە» ئەم وشەیەش لە زمانی هۆرامییەوە وەرگرتووە، هەرچەندە من خۆم هۆرامیم، بەڵام ئەو وشەیەم پێشتر بەرگوێ نەکەوتبوو. ئەمەش گوزارشت لە دەوڵەمەندی زمانی نووسەر دەکات، کە شارەزایی زۆری لە بارەی شێوەزارەکانی کوردییەوە هەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*