سەرەکی » کەلتوور » کوردبوون و ناسیۆنالیزم

کوردبوون و ناسیۆنالیزم

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (بوونی نـەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا)ی د. عرفان مستەفـا
هەڵۆ بەرزنجەیی
به‌شی سی و نۆ
نووسەر لە لاپەڕەکانی دوایی ئەم باسەدا، نموونەیەکی بەهێز لەسەر پەردە لادان لەسەر ئەم بۆچوون و ڕاستییەدا دەخاتە بەرچاو و دەنووسێ:
« بۆ نموونە کەسێک دەیەوێ لە زێڕ پەیکەری سوکرات دروست بکات،دەبێت شێوەکەی سوکرات لە سوکرات وەرگرێت و مادەکەش لەو زێڕە وەرگرێت کە خاوەنی شێوەیەکی دیاریکراو نییە و شێوەکەی سوکرات بدات بە زێڕە بێ شێوەکە و بەمە زێڕەکە لە زێڕێکی شێوە نادیارەوە بکات بە زێڕێکی شێوە دیار.ئەو پەیکەرسازەی بەم کارە شێوەکەی نەکردووە بە موڵکی زێڕەکە،بەڵکو زێڕەکەی کردووە بە موڵکی شێوەکە. ئەو دروستکراوە نوێیەی کە ئەو پەیکەرسازە دروستیکردووە.زێڕێکی پەیکەرین نییە و پەیکەرێکی زێڕینە.زێڕەکە بەوەی چووەتە پێکهاتەی پەیکەری سوکراتەوە،شوناسی خۆی بزر کردووە. بەڵام شێوەکەی سوکرات بەوەی کە چووەتە ناو ئەو پەیکەرەوە شوناسەکەی خۆی و هەر خۆیەتییەکەی پاراستووە و نەبووە بە شێوەیەکی تر یان کەسێکی تر،بەڵام زێڕەکە بەوەی چووەتە ناو پێکهاتەی ئەو دروستکراوەوە  لەوە کەوتووە پێی بووترێت زێڕ،زێڕەکە لەناو پەیکەرەکەدا تەنها خاسیەتێکە لە خاسییەتەکانی پەیکەرەکە و بوون و شوناسی خۆی لەدەستداوە و ئەوەی کە هەیە و لەو دروستکردنە کەوتووە پەیکەرە نەک زێڕ».٥٨٨ ـ٥٨٩
وێناکردنی کەلتوری مۆدێرن
ئایا بەم شێویە د.عرفان دەچێتە بنج و بناوانی مەسەلەکە و بە دێڕێکی تژی لە مانا، هەموو ئەو بۆچوونە ڕواڵەتی و ساکار و بێ بنچینانە دەداتە دواوە، کە پێیان وایە، مۆدێرنزم، دوا وێستگە و تاکە ڕوانگەی تەماشاکردنی جیهانە و دەڵێ:
« وێناکردنی کەلتوری مۆدێرن بە کولتورێکی تەواو،جگە لە وەهمێک هیچی تر نییە».٥٩٠.
 کولتوری مۆدێرنە دەبوایە شێوازێکی سەربەخۆی هەبوایە، نەک لە ئەتنیکەکانەوە، زمان و کولتور وەربگیرێت. هەڵبەت مۆدێرنە سوورە لەسەر ئەوەی، ئەو شتەی خۆی دایهێناوە و هێناویەتە کایەوە لە زمان و کەلتور،دیاردە و شتێکی نوێی هاوچەرخە و پێشوەخت نەبووە. بەڵام ئەم بانگاشەیە بەتاڵە، چونکە هەردوو کەرەسەی زمان و کولتورەکەی، مۆدێرنە لە  بنچینەدا، لە زمان و کولتوری ئەتنیکەوە وەرگیراوە، بە پرۆسێسی جیاوازدا براوە، تا کراوەتە ئەو قاڵبەی خاوەن مۆدێرنیزم مەرامی بووە و مەرامێتی.
«بە پێی ئەم بیروباوەڕە راستە کۆمپیوتەر لەو مادە سروشتیانە دروست دەکرێت کە پێشتریش لەناو سروشتدا هەبوون،بەڵام ئەو مادانە جارێکی تر دەبێت بە دروستکردندا ببرێن،تا ببن بەو مادە شیاوانەی کە کۆمپیوتەرەکەی لێ دروست دەکرێت. بۆیە ئەو مادە شیاوانەی کە کۆمپیوتەرەکەیان لێ دروست دەکرێت کە لەناو ئەو مادە دروستکراوانەدا شێوە دەگرێت،پێشتر بوونی نەبووە بەرهەمی مۆدێرنە».٥٩٢
هەرچۆنێک بێت،گومانم نەماوە لەوەی ڕاستی و دروستی مەسەلەکان، لە خوێنەر شاراوە نییە،و باش لەو ئامانجە سیاسییە، حاڵی دەبێت،کە لە پشت مۆدێرنزمەوەیە. بانگاشەی مۆدێرنیزم کە هەموو دیاردە  نوێیەکانی سەر گۆی زەوی،دەگێڕنەوە بۆ ئەو چرکەساتەی ،مۆدێرنە تێیدا هاتۆتە کایەوە و مۆدێرنیزم بە دایکی هەموو شت و داهێنانەکان و تەنانەت مرۆڤەکانیش دادەنێت. بەڵێ دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان،کە لە ڕێگای نەتەوەخوازییەوە،دەوڵەتیان بۆ خۆیان دروست کردووە،گەشە بە زمان و کولتوری خۆیان دەدەن،چ هەڕەشەیەکی توانەوەیان لەسەر نییە و لەژێر سێبەری مۆدێرنەدا بە ئارامی دەژین،هەر دەبێت داکۆکی لەم دیاردەیە بکەن. چونکە هەر لادان و دوورکەوتنەوە و پەراوێزخستنێکی ئەم پرنسیپە،بەزیانی کوشندەی خۆیان تەواو دەبێت،تا ڕادەی هەڵوەشانەوەی ئەوەی پێکیان هێناوە و کورد وتەنی «ریسەکەیان لێ دەبێتەوە بە خوری».
خوایەکی تر دروستی کردوون
« لەراستیدا مۆدێرنیزم جگە لە باوەڕێکی هەڵە بەو دنیایەی کە مرۆڤی ئێستا تیایدا دەژی هیچیان لەبارەی ئەو دنیا نوێیەوە پێی ناڵێت.مۆدێرنیزم دەیەوێت کوێرانە بڕوا بەوە بهێنین کە هەرچی لەناو ئەم دنیایەدا هەیە تەنانەت بە مرۆڤەکانیشەوە بوونەوەری نوێن و خوایەکی تر دروستی کردوون کە ئەو خوایە  نییە بوونەوەرەکانی دنیای بەر لە مۆدێرنەی دروست کردوون».٥٩٣
ئەو چرکەساتەی مۆدێرنە دەکرێتە،کڵاورۆژنە و تەماشای دنیای لێوە دەکرێ و دەکرێتە خاوەن و دروستکەری هەموو دیاردەکان،ئەوە هەڵەکە لێرەوە دەست پێدەکات. جا بنۆرە ئینگلیز بە نموونە هەر سوود لە سەروەت و سامانی سکۆتلەندی و سامانی مرۆیی ناگرێ، بەڵکو زمان و کولتورەکەشیان، وەک ماددە/ هیولایەکی هەمیشە ئامادە بەدەست، بە سانایی خستۆتە خزمەتی خۆیەوە.
«کێشەی کورد و بزووتنەوە کوردییەکان لەگەڵ مۆدێرنیزم و نەتەوەخوازیدا کێشەیەکی ئایدۆلۆجییە و کێشەیەکی پراکتیکی نییە. واتە کێشەکە ئەوە نییە کە بۆچی مۆدێرنە لە دروستکردنی بوونی نەتەوەیی کورد دا شکستی هێناوە و نەیتوانیوە وەک تورک و فارس و عەرەب  بیکات بە بوونەوەرێکی دروستکراوی ناو جیهانەکەی خۆی،بەڵکو کێشەکەی لەوەدایە کە وێناکردنی بۆ بوونی خۆی لەناو جیهانە مۆدێرنەکەدا وێناکردنیەتی بۆ بوونەوەرێک کە هەیە و دەیەوێت لەناو ئەو دنیا مۆدێرنەشدا پەرە بە بوونی خۆی بدات بەبێ ئەوەی هیچ بوونەوەرێکی تر بە هۆی بوونی ئەوەوە بگۆڕێت بۆ مادەیەکی خاو و بوونی خۆی وەک بوونەوەر لەدەست بدات. بەمانایەکی تر کورد خۆی لەناو جیهانە مۆدێرنەکەدا دەبینیتەوە وەک بوونەوەرێک کە دەبێت و پەرەدەسێنێ،نەک وەک بوونەوەرێک کە دروست دەکرێت و پەرەی پێ دەدرێت».٥٩٥ ـ ٥٩٦
ئاخر کورد چۆن،  بڕوا بەو بانگاشەی مۆدێرنە بکات!، کەوا تورک و فارس و عەرەب، وەک بوونەوەرێکی نوێ نیشان بدات و گوایە لەسەر دەستی مۆدێرنەدا دروستکراون بە کولتوری مۆدێرنە بەخێوکراون و چەکدار بوون. نەخێر ئەمانە هەمان ئەو بوونەوەرانەی پێشترن، لە رۆژگاری تەتەر و مەغۆلی جەنگیزخان و هۆلاکۆ و کۆرش و قاجار و پەهلەوی و حەجاجی سەقەفی و خالیدی کوردی وەلیدەوە و لە سەردەمانی خەلافەتەوە هەڵگری هەمان عەقڵێت و کولتوور و کاراکتەرن.چۆن باوەڕ بەوە بهێنێ دەوڵەتی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا،ئەو بەهەشتە بەرین و فراوانەیە،کە لە سایەیدا بەختەوەر و ئاسوودە ژیان بگوزەرێنێ؟!داخۆ چۆن لە هەواری ئەواندا،هەست بە حەسانەوە و دەرەتانی ژیانی کورد باشتر دەبێت. بەم دروشم و بانگاشانەوە هەزاران ڕۆڵەی کورد بە کوشت دراون و کوردستان کاول بووە،کەچی تیرێژێکی دیموکراسی هەڵنەهات.
 د.عرفانیش دەنووسێ، کێشەی کورد لە بنچینەدا لەگەڵ ئەو نەتەوەخوازییەی کە بەردەوام عەسای مۆدێرنیزم و نەتەوەخوازی کورد سەرکوت دەکەن نییە، بەڵکو لەگەڵ خودی مۆدێرنێزم و نەتەوەخوازیدایە.
تەماشای رووسیا بکە
«بۆیە هەڵەیە گەر پێمان وابێت ئەو چوار دەوڵەتە لە رووی سیستەمی سیاسییەوە گەر وەک دەوڵەتە ئەوروپاییەکانیان لێبێت ئیتر کێشەی کورد چارەسەر دەبێت».٥٩٦
خەونێکی زڕ هەیە، پێی وایە گەر بێت و دەوڵەتە داگیرکەرەکان، دیموکراتیزە بکرێن و وەک ئەوروپا، سویسرا و بەلژیکایان لێ بێت، ئەوا بارودۆخی کورد باشتر دەبێت. ئاخر نازانن  لە ئەوروپاش لەم رۆژگارەدا، هێشتا وڵاتی داگیرکەر بە مانای نەتەوەی زاڵ و ژێردەستە  بەرچاو دەکەون، تەماشای رووسیا بکە، چی بە کریم و ئۆکرانییەکان دەکات. ئەوە ئینگلیزە، ئیرلەندی و وێلزی و سکۆتی خستۆتە خوار خۆیەوە. ئیسپانی کاتالانی و باسکی گالیزی، کردووە بە ژێر گالیسکەکەی خۆیەوە. هەموو ئەمانە بەڵگەی ئەوەیە کە هێشتا لەم کیشورە هەرە پێشکەوتووەی جیهانیشدا، کێشە نەتەوەییەکان بە تەواوی چارەسەر نەکراون، ئەم هەسارەیەش ئەو بەهەشتە نییە، کە مۆدێرنیزم بەردەوام  بانگاشەی بۆ دەکات و بێ وچان خەریکە مکیاجی ڕووخساری دەکات و دەیەوێ بیکاتە نموونەی هەرە بەرز. هەڵبەتە وڵاتانی ئەوروپا بە هەموو کەماسی و  کێشەکانیانەوە هێشتا پێشڕەوی سەرگۆی زەوین.
«لە راستیدا گەر کورد لەناو جەرگەی ئەوروپاش بوایە هەر هەمان چارەنووسی ئێستای دەبوو و کێشەکەی هەروەک خۆی دەمایەوە. دەبێت کێشەی کورد لەوێوە سەیر بکرێت کە کێشەیە لەگەڵ ئەو خودایەدا کە بوونەوەرەکانی ئەم جیهانەی دروست کردووە.(…) کێشەی ئەم خودایە لەگەڵ کورددا ئەوەیەو کە نە دەتوانێت دروستی بکات و نە دەتوانێت بیکاتەوە بە خۆڵ.ئەوەی ئەم خودایە دەتوانێت لە بەرامبەر کورد دا بیکات،تەنها ئەوەیە کە لە بەهەشتەکەی خۆی وەک شەیتان مەحرومی بکات و بە یەکجاری نەفرینی لێ بکات».٥٩٦ـ٥٩٧
د. عرفان باس لە تاکە ڕێگەیەک دەکات لە نێوان کورد و خواوەندی مۆدێرنیزمەدا بۆ چارەسەری کێشەی کورد، ئەویش مۆدێرنیزم لەگەڵ کورد دا بکەوێتە ناو پەیمانێکەوە، وەک ئەوەی کە شەیتان، دوای دەرکردنی لە بەهەشت لەگەڵ خودا بەستی. ئاخر داوا و داخوازی سەرەتا و کۆتایی کورد، لەوانی دیکە، پەیڕەوکردنی دیموکراسی و هەریەک لە کورد و ئەوانی دیکە سەربەخۆ بژین و بە یەکسانی خاوەنی قەوارە و دەسەڵاتی خۆیان بن،و دەستهەڵگرتن لە کوشتن و بڕینی کورد و لە کورد بگەڕێن لەم جیهانەی دەستکردی خواوەندە، بە ئازادی وەک هەموو بوونەوەرەکانی دیکە، سەرفرازانە مومارەسەی بوون و ژیانی خۆی بکات.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رقصە اخیلتی

رقصە اخیلتی دیوانە شیعرێكی شاعیر عەلی مەعروف بەهروردییە، عەبدولستار شارباژێری ...