سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » قەیرانی ڕۆشنبیریی یا قەیرانی تاکی ڕۆشنبیر!پەڕە 2

قەیرانی ڕۆشنبیریی یا قەیرانی تاکی ڕۆشنبیر!

تا ئێستاش تێکەڵیەک لای ئێمە هەیە کاتێک باس لە چەمکی ڕۆشنبیریی و تاکی ڕۆشنبیر ئەکرێ، غەدرێکی زۆر لە
(رۆشنبیریی) ئەکرێ کە ئەدرێتە پاڵ هەموو خوێندەوارێک.
ئێمە وائەزانین هەموو خوێندەوارێک، خاوەن بڕوانامەیەک، نوسەرێک، رۆژنامەنووسێک، سیاسیەک یا ڕاگەیەندکارێک ڕۆشنبیرە کە ئەوە گەورەترین هەڵەیە رۆژانە تێیدەکەوین.
ئاخر من چی لە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایەک بکەم تا ئێستا ناهێڵێ خێزانەکەی بێ لەچک بچێتەدەرەوە؟!!
چی لە خوێندەوار و کۆلکەنوسەرێک بکەم (پیاوی چوارژنە بە کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەچوێنێ کە هەمیشە کێ بڕکێیان لەنێوانە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پیاوی یەک ژنەش وەک وەزارەتی کارەبا کە تاکە ژنێکە و منافسی نیە و هێزی زۆر نادا), خاوەنی ئەو لێچواندنە سەقەتە دواکەوتوانەیە لە خاوەن کەنیزەکی سەردەمی جاهلیەت زیاتر چ ناوێکی تری شایستەیە؟!!
چی لە رۆژنامەنووسێک بکەم هێشتا جیاوازی (ع) و (ح) ناکا و بە رۆژنامەنووسیش ناوی رۆیشتووە؟!!
ئەدی کابرای هەڵگری نازناوی چەپ و لەچکەکانی ماڵەوەیان؟!!
تۆ کاتی خۆی هەرنەبێ سەرپەرشتی پۆلێکی رێکخستنت کردووە، چۆن قەناعەتت بە ئەندامەکانت کردووە و نەشتتوانیوە قەناعەت بەلەچک بەسەرەکانی ماڵەکەت بکەیت، ( بیروڕا ئازادە، مەبەستم بێڕێزیکردن کردن نیە بە لەچکبەسەرەکان، تەنها ئەو جیاوازیەی پیاوەکانیانە)!
دووڕوویی پیاوی بەناو ڕۆشنبیر لە بۆچوون و کرداری دەرئەکەوێ، وەک ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەبینرێ.
مەگەر تەنها شەهید عبدالخالق معروف لە ( ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا) توانیبێتی جوان وەسفی پیاوی بەناو رۆشنبیری کوردی کردبێ ئەگینا کەس نەیتوانیوە وەک ئەو هەڵیوەشێنێتەوە.
پیاوی قسەزلی بەناو بیرفراوانە ئێستاش ژنەکەی هەڵدەستێنێ بۆ پەرداخێک ئاو، یا گۆرەوی بۆ فڕێ ئەدا بۆی بشوا، بە دەزگای مناڵبوون و شتن و چێشتلێنان و پاککردنەوەی ئەزانێ.
ئەگەر ئەو هەموو رێکخراو و ئۆرگان و دەزگا و ناوەندەی ژنان و خانمان و خوشکۆڵان و ئافرەتان و عفریتان و شتی لەو جۆرە سەیر و سەمەرانە بۆ ئێمەی ژن کار ئەکەن نەک هەر بە پلەی بەرز و سەیارەی بەرز و لە باڵاخانەی بەرزەوە مووچەی بەرز وەرنەگرن، ئەوا ئەتوانن لەو پوشکە پیاوانە بێنەدەنگ و چیتر قبوول نەکەن وا بێڕێزی بەژن بکەن.
با چیتریش پوشکە پیاو بە چەندین کۆمێنت و لایک دەستخۆشی لە بێڕێزیەکی ئاوا نەکەن، هەرچەندە زۆرجار ماهیەت و عەقڵیەتی پیاوانمان لەو پۆستانە بۆ دەرئەکەوێ.
ڕێزم بۆ ئەو تاک تاکە پیاوەی جوان و بە بیرێکی فراوان هاتنەدەنگ، بێگومان ئەوانیش ئاستی رۆشنبیری خۆیان دەرخست کە چەندە بیریان فراوانە و تێگەیشتوون.
لە فەیس باشتر تاکی بەرانبەرمم ناسی، بە ژن و پیاوەوە، لەڕێی پۆست و کۆمێنتەوە، تێگەیشتم کە ئێمە قەیرانی تاکی ڕۆشنبیرمان هەیە نەک قەیرانی رۆشنبیریی، کەواتە;
بژی فەیسبووک و ماڵی ئاوا!

 321 جار بینراوە