سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » بریا لێگەڕابان سەربەخۆیی کەتەلۆنیاو کوردستان هەر بە خەونی ئەرخەوانیی بمابانەوە

بریا لێگەڕابان سەربەخۆیی کەتەلۆنیاو کوردستان هەر بە خەونی ئەرخەوانیی بمابانەوە

وەک چۆن دەیەی یەکەمی مانگی سێپتامبەر بۆ ئەمریکا بیرەوەرییەکی تاڵ و خوێناوییە، نیوەی کۆتایی هەمان ئەم مانگە بۆ هەردوو هەرێمی کوردستانی عێراق و کەتەلۆنیای ئیسپانیا بوومەلەرزە و سۆنامییەکی سیاسیی وێرانکەر بوون، کە ئەوەی بە دەستیشیان هێنابوو لە دەستیان دا . کەتەلۆنیا هەڕەشەی ئەوەی لەسەرە کە بە پێی مادەی 155ی دەستووری ئیسپانیا لە سەربەخۆیی بەڕێوەبردنی سنووردار ئەکرێت، هەرێمی کوردستانی عێراقیش بە هەمان شێوە ئەو پێگە سیاسیی و جوگرافییە بەناوبانگ و قورس و گرانەی لە دەست دا کە لە ساڵی1992- 25/9/2017 بۆخۆی مسۆگەر کردبوو.
 ئێمەمانان کە لە رێی راپۆرتی هەواڵ و تەرجەمە و  گوێگرتن لە وتەی گەورە سیاسییە ئاگادارەکان رێگەمان هەیە قسە لەسەر سیاسەتیش بکەین، هەر زوو قسەمان لەسەر مەترسیی ئەم هەنگاوە کرد، بەتایبەتیی کە گەورە هێزەکانی جیهان هاتنە سەر خەت و قسەیان تیادا کرد، زیاتر لە مەترسییەکانی ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان تێگەیشتین، سەبارەت بەکەتۆلۆنیاش هەمان جیهانبینیمان خستەڕوو و پرسیارمان بۆ هەرێمی کوردستان بەمجۆرە بوو، بەڵام لەم چەند رۆژەی رابردوودا گۆڕانکارییەکان بەو جۆرە هاتوونەتە پێشەوە کە پەیڕەو کردنی ئەو مافە سروشتییە کۆسپ و تەگەرەی بۆ دروست ئەبێت، بە تایبەتیی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە 21 ئەیلولدا کە داوای دواخستنی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی کرد. ئەمەش زۆر پرسیار بە دوای خۆیدا ئەهێنێت، ئایا ئەنجامی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان هەمان مامەڵەی لە تەکدا ئەکرێت کە لە دوای هەڵبژاردنەکەی 19ی ئایاری 1992 دا کرا و (پێنج + یەک)ە زلهێزەکەی جیهان ملکەچی دیفاکتۆ ئەبن؟ ئایا پشت هەڵکردن لە ئاست داواو تکای زلهێزەکان کارەساتێکی تر بۆ ناوچەکە ناهێنێت کە گەلی کوردستان نەک بە کەمترین دەستکەوتیش لێی دەرباز نابێت، بەڵکو هەمووی لە دەست ئەچێت؟ ئایا ئەم ریفراندۆمەی سەرەتای پاییز ئەبێتە بەهاری خەونەکان یا خود خەزانی ئەبەدی؟ ئایا بەدەنگەوە چوونی تکای ناوخۆیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی لە قازانجی گەلی کوردستانە یاخود بردنەسەری بەڵێنی «ئەبێت سەربەخۆیی کوردستان لەسەر دەستی ئێمە رابگەیەنرێت»؟، ئایا دواخستنێکی بەمەرج و بەڵێنی دەولی بۆ ئایندەی گەلەکەمان باشترە، یان ئینکاری و بەهەند وەرنەگرتنی ئیرادەی دەولی؟
بە داخەوە وەڵامی پرسیارەکان هەمووی نەرێنی بوون، ئەو ترسانە لە جێی خۆیاندا بوون کە خرابوونەڕوو. جێگەی تێڕامانە ئێمەمانان بەو زانیارییە سادە رۆژنامەییەی هەمانە پەی بەو مەترسییانە ببەین، کەچی سەرکردایەتیی سیاسیی کەتەلۆنیا و هەرێمی کوردستانیش مێش میوانیان نەبوو، ئەوا سەرکردە جودایی خوازەکانی کەتەلۆنیا ئەزموونیان نەبوو، ئەی لێرە هەم ئەزموونیان هەبوو هەم زۆر لە مێژ بوو پێیان وترابوو ئێمە سەربەخۆین و رامان نەگەیاندووە و با لە خۆمانی تێک نەدەین، با هەر بەو خەونە ئەرخەوانییەوە کە خەونێکی رەوایە بەردەوام بین و دەستکەوتی زیاتر بەدی بهێنین و پشتیوانی و سەرنجی کۆمەڵی دەولی زیاتر بۆ خۆمان رابکێشین.
ئێستا بە داخەوە هەردوو هەرێمی کەتەلۆنیای پڕ دەرامەت و تێر ئاو و خاوەن گەشتیار و کوردستانی وشک و گەرم و کەم ئاو وەک یەکیان لێ قەوماوە، دەرەنجامی ئەو هێڵە سیاسییە چەوتە بوو کە سەد مەخابن بە دروشمی بریقەدار راڤە و شیکردنەوەی عەوام فریبانە دوور لە واقیع، لایەنێک هەموو ئەوانی تریشی لەگەڵ خۆیدا پەلکێشی ئەو لیتاوی زەوییە رۆچووە کرد، کە لەگەڵ هەر هەوڵێکی خۆ رزگار کردندا زیاتر هەڵیان ئەلوشێت. ئەوەتا حکومەتی مەدرید بە نیازە هەم لێپرسراوانی کەتەلۆنیا بداتە دادگا هەم هەڵبژاردنی پێشوەختیش بەڕێوە بچێت لە هەرێمەکەدا، تا ئەنجامی ریفراندۆم هەڵبووەشێتەوە. ئەبێت هەرێمی کوردستان چ ئەنجامێک چاوەڕێی بکات؟ ئەگەر بە هاش و هوشی ئیعلامیی بێت غەزوویەکی تری ئیسلامیی بەڵام بە جۆرێکی تر، کوردستان و ئەزموونەکەی ئەخاتە بەر ترسناکترین هەڕەشە و لەناوچوون وەک ئێستا لە میدیاکانی کوردستاندا نوقڵانەی بۆ لێ ئەدرێت. مەگەر وڵاتانی بڕیار بەدەستانی جیهان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا سنوورێک بۆ ئەو کارەساتە مرۆیی و سیاسییە دابنێن، لە کاتێکدا ئەمریکای خاوەن زەوی و ئاسمانی گۆی زەمین گوێی لێ نەگیرا و بەڵێنە هاوشێوە بلفۆرییەکەی بە کوردستان بە هەند لێ وەرنەگیرا، دەنا پاشگەزبوونەوەش لە ریفراندۆمە شومەکە کە هەموانی ئیحراج کردبوو، دادی کوردستان نادات و ئەم هەرێمە ئەبێتە مەیدانی تەراتێنی تێرۆریست و پۆپۆلیست و قسە زل و فرە کوێخا. حەکیمی قەوم زۆری هاوار کرد هەنگاوێک بنێین پەشیمان نەبینەوە، لەسەر هەڵکردن یان هەڵنەکردنی ئاڵا شەڕ مەکەن، لەسەر ئەوە شەڕ بکەن کە چۆن کوردستان ئاوەدان بکەینەوە و پێگەکەی بە هێز بکەین، هەر رۆژە گەورە دیپلۆمات و لێپرسراوێکی دەوڵەتانی خاوەن بڕیار سەردانی کورستان بکەن، دراوسێکانمان ململانێی یەکتر بکەن لەسەر وەبەرهێنان لە هەرێمە سەربەخۆ رانەگەیەنراوەکەمان و گوزەرانی خەڵک خۆش بکەین، کەچی تانەیان لەو وتە ئاڵتونییانە ئەدا، دیارە لە کەتەلۆنیاش ئەم دەردە دڵیە رۆژنامەییە هەیە کە بریا خەونە ئەرخەوانییەکەی سەربەخۆییان تێک نەدایە، تا هەر دەستیان ماچ بکردینایە نەک وەک ئێستا.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ كۆنگره‌، پێویستمان به‌ حه‌كیمێکه‌

به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌ی گشتیی ی.ن.ك بووه‌ته‌ دیفاكتۆ (ئه‌مری واقیع)، تازه‌ ...