سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » كوردو سەرۆككۆماری

خورجە

كوردو سەرۆككۆماری

1
موفتی پێنجوێنی شاعیر دەڵێت:
گەورەیەك دایم خەمخوارت نەبێ‌
مەرهەمی ئێش و ئازارت نەبێ‌
جێگای تەنگانەو هاوارت نەبێ‌
حەكیمی جەستەی بیمارت نەبێ‌
ئەگەر خاوەنی خاكی ئێران بێ‌
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ‌
شیعرەكە دورو درێژەو زۆر بە سادەی لە سەر ئەوانەی نووسیوە كە دەبنە گەورە، گەورە جۆری زۆرە، هەیە بەس بۆ خۆیەتی و بەس خۆی لە بیرە، هەیە دەورو بەرو كوڕوكچ و مناڵەكانیشی، هەشە حزبەكەی و هەشە مرۆییانە بیردەكاتەوەو بە قەدەر خۆی ئەوانی دیكەی لە بیرە، بۆ كرد گەورەیەك لە پۆستی سەرۆككۆماری عێراقدا بایەخی خۆی هەیە، لێ‌ دەبێت سایەو سێبەر بێت و ئەو كەسە بێت كە موفتی پێنجوێنی خەونی پێوە دەبینێ‌، گەر نا كێشەی كورد لە عێراق كێشەی سەرۆككۆمار نیە، كێشەی بوون و ناسنامەو مافە.
2
ئەو هەراو زەنایەی ئێستا لە سەر كورسی سەرۆك كۆمار نراوەتەوە، بەشی زۆری دەرخەری ئەوەیە خاوەن ئاوەزە سیاسیەكان ئێستا بە چەشنی سەردەمی مام جەلال و كاك نەوشیروان مستەفا لە ناوماندا نین، كە بتوانن دەست لە سەر برینەكان دابنەن، هەرچەند لەمدوایانەشدا هەبوون كێشەو ئاڕیشەیان بۆ ئەوانیش دروست دەكرد، راستی ئەوەش بێ‌ مەڵامەت نەبوو، دەبوو ئێستا شەڕ لە سەر ئەوە نەبوایە مادام یەكێتی بەرهەم ساڵحی داناوە، ئەوە پارتیش فواد حوسێن دادەنێت، دەبوو ئێستا شەڕ لە سەر ئەوە با ئەو كەسەی دەچێتەبەغدا دەتوانێ‌ چۆن كێشەكان چارەسەر بكات، بە تایبەت دوای ئەزمونی رابردوی كورد لە بەغدا.
سور بوون لە سەر ئەوەی مادام یەكێتی كەسی دیاری كردوە، ئەوە پارتیش دیاری دەكات، هەر دروستكردنی كەلێن نیە لە ریزی كوردایەتی «ئەوەی خۆیان « بگرە هەوڵێكە بۆ كەلێن دروستكردن لە بەغدالە سەر ناڕێكی كورد، نەك شتی تر.
3
جا لە كورسی سەرۆك كۆمارو شەڕی ڕێكنەكەوتنەوە دێمەوە لای دۆخی نیوە موچەو شتی لەو جۆرەو بە بەشێكی تر لە شیعرەكەی موفتی پێنجوێنی شاعیر كۆتای بە بابەتەكە دێنم بە هیوای ئەوەی كورد بتوانن نێو ماڵی خۆیان باشتر رێكبخەن:
گەورەیەك نیوەی لە رەنجی ساڵت
بسێنێ‌ لە دەس خۆت و مناڵت
هێشتا بەزەیی نەیە بە حاڵت
بە دارو بەشەق بشكێنێ‌ باڵت
چاویشی لە دەس شوان و سەپان بێ‌
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ‌

 320 جار بینراوە