سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » کامیان گرەوەکە دەبەنەوە بـەرەی چین و روسیا یان ئەمریکا؟پەڕە 2

شەڕی ڕابەرایەتی کیشوەری ئاسیا

کامیان گرەوەکە دەبەنەوە بـەرەی چین و روسیا یان ئەمریکا؟

یەکێک لە مەترسیەکانی «دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆکی ئەمریکا فراوانبونی هەژمونی وڵاتی چینە بەسەر هەموو دونیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئاسیا بە تایبەتی، ئەو مەترسیەش لە خۆڕا نییە چونکە چین لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم سەدەیەدا هەوڵێکی لەو جۆرە دەدا و خۆی کردۆتە پێشەنگ لەو بوارانەی کە بونەتە قەیرانی نێودەوڵەتی لەوانە ژینگە و کەشوهەواو بواری ئابوری کە لە هەریەکەیاندا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە.

وەک هێزێکی کاریگەر خۆی نمایشکردوە
وڵاتی چین لە ساڵی ١٩٤٩ و لە کاتی دەستپێکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی و پێش ئەوەش کاری بۆ ئەوە کردوە کە ببێتە هێزێکی گەورەی جیهانی و بە کرداریش هەوڵی بۆ ئەو ئامانجەی داوەو بەرهەمەکەشی بەدیار کەوتوە، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کورسیەکی هەمیشەیی وەرگرتوە و مافی ڤیتۆشی پێدراوە، گەورەیی ئابوریەکەی وایکردوە لەسەر ئاستی دونیادا ببێتە زەرورەت و دەسەڵاتیشی بەسەر سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەوەندەی تر پڕ بایەختری کردوە، لەسەر ئەمە پێگەی تسایت ئۆنلاینەی ئەڵمانی نویسیویەتی کە لەو قۆناغەدا چین بە هۆی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دونیا بۆتە وڵاتێکی ناسرا و کارای نێودەوڵەتی، بە جۆرێک کە خۆی گەیاندۆتە ڕیزی وڵاتە هەرە پێشکەوتوەکان.

هاوپەیمانی ڕوسیایە
یەکێک لەو هەنگاوانەی بۆ برەودان بە هەژمونی خۆی لە کێشوەری ئاسیا، گرێدانی هاوپەیمانێتیەکەیەتی لەگەڵ ڕوسیا و بەشداریکردنیەتی لەو مانۆرە سەربازیانەی کە لە ناوچەکەدا دەکرێن، بەشداری لەو مانۆرە سەربازیە هاوبەشەی لەگەڵ ڕوسیا و مەنگۆلیا کرد کە لە ١١ تا ١٧ ی ئەیلولی ئەم مانگە بە ناردنی ٣٠ فرۆکەی شەڕکەر و ٣٠٠ زریپۆش و٣٢٠٠ سەرباز و ئەفسەری چینی بۆ ئەو بەشداریەی کە حکومەتی مۆسکۆ لەساڵانی هەشتاکانەوە هەر چوار ساڵ جارێک مانۆرێکی لەو جۆرە ساز دەدا، بەڵام ئەوەی ئەمساڵ گەورەترینیانە و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سەرباز و١٠٠٠ فڕۆکە و ٨٠ کەشتی گەورەی دەریاوانی بەشداریان کردوە و بە پێی هەواڵیکی پێگەی دۆیچەڤێللا ناتۆ مەترسی خۆی لەو مانۆڕە نیشانداوە بە وەی لەوانەیە مۆسکۆ ستراتیژیەتی داگیرکردنی وڵاتانی بەلتیک» سۆڤیەتی جاران»ی هەبێ .

شەڕی ساردە
ئەو مانۆڕانە گرنگن و وەک ڕۆژنامەی» ئێندپیندت» ی بەریتانی باسیدەکات و دەنوسێت، ئەو مانۆڕانە یەکێکن لە یاریەکانی شەڕی سارد ،هەروەها ئاماژەیەکن بۆ ئەمریکا کە چین چەندە لە ڕوسیا نزیکە، هەرلەسەر ئەمە پێگەی « بیزنس ئەنسایدەر»ی ئەمریکیش نوسیویەتی: ئەمریکا دەبێت درک بەوە بکات کە چین هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەری، شایانی باسە لەوساڵانەی دواییدا چین مانۆڕە سەربازیەکانی لە ناوچەکە چڕتر کردۆتەوە و بایەخی زیاتریان پێ دەدات.

ڕابەرایەتی وڵاتانی ئاسیان ئەکات
کاتێک چین هاتۆتە ئاسیا دەبێت باس لە بەرەی وڵاتانی باشوری ئاسیا» ئاسیان» بکەین کە « مالیزیا، ئەندەنوسیا، فلپین، سەنگافورە،تایلاند، برونای،ڤێتنام، لاوس، بۆرما، کەمبۆدیا»تیایدا ئەندامن و چینیش چۆتە ناو ئەو بەرەیەوە، ئەندامبونی چین لەناو ئەو بەرەیە لە کاتێکدایە کە بەهۆی دەریای باشوری چینەوە ئەو وڵاتە گەورەترین تەنگژەی لەگەڵ دونیای دەرەوەو وڵاتان هەیە، چونکە هەریەک لە ئەمریکا و ژاپۆن و ئوسترالیا دەیانەوێت فشار بخەنە سەر چین و هەریەکەیان بە پێی بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت هەژمونی لەناو وڵاتانی نزیک لەو دەریایە هەبێت، جگەلەوەش شەش وڵاتی کەنار ئەو دەریایە چەند سەدەیەکە کێشەیان لەسەر خاوەندارێتی هەیە لەوانە «چین، ڤێتنام، مالیزیا، فلیپین، تایوان،برۆنای» وکاتێک چین بەهێزەوە دێتە ناو ئەو بەرەیەوە دەیەوێ ڕابەرایەتیان بکاو وەک جەمسەرێک خۆی بنوێنێت،ئەمەش شوێن بە ئەمریکا و ئەوانی تریش لێژ ئەکات.

سەرۆکی چین لە هی ئەمریکا کاریگەرترە
لەوسەروبەندەشدا ئەمریکا دەیەویت بایەخی زیاتر بە ناوچەی بەرەی ئاسیان بدات هەر لەو مانگە و لە ڕێی سەردانێکی « مایک بۆمبیۆ» ی وەزیری دەرەوەیدا بڕی ٣٠٠ ملیۆن دیاری بۆ بوژاندنەوەو پێشخستنی وڵاتە ئەندامەکانی ناو بەرەکە تەرخان کردوە و بە ناوی پاراستنی ئەمنی و چاودێری ژمارەیەک کەشتی دەریایی بۆ ناو دەریاکە ناردوە، ئەمریکا هەمیشە داوا دەکات کە ئەو بەندەر و دورگانەی کە دەکەونە سەر دەریاکە بۆ بەرژوەندی گشتی بەکاربێن و خاوەندارێتی هاوبەشیان هەبێ بەڵام چین ئەمە ڕەتدەکاتەوەو لەمەش لە دژی یەکتر وەستاونەتەوە، بۆیە ئەو دۆسیەیەش بۆتە دۆسیەیەکی گەرمی ململانێی چین و ئەمریکا و پێناچێت لەسەری ڕێک بکەون، لەسەر رابەرایەتی و هەژمونی هەردووسەرۆکی ئەمریکا و چین ڕۆژنامەی « ئیکۆمۆنیست» ی بەریتانی لە نوسینێکدا پێیوایە کە لە ئێستادا « شی چین بینگ» سەرۆکی چین کاریگەری و کەسایەتیەکی بەهێزتری هەیە وەک لە « دۆناڵد ترەمپ» ی سەرۆکی ئەمریکا.

سەرچاوە: -ساسە پۆست، تسایت ئۆنلاینە، DW

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*