سەرەکی » ئابووری » پشكی 17%ی هەرێم لە بودجەی 2018ی عیراق جێگیر دەكرێت

نوێنەران داوای پڕۆژەیاساكە دەكات

پشكی 17%ی هەرێم لە بودجەی 2018ی عیراق جێگیر دەكرێت

ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند: پێشبینی دەكەم بەهۆی چەند هۆكارێكەوە حكومەتی عیراق لە بودجەی گشتی عیراق دا بۆ ساڵی 2018 پشكی هەرێم كەمبكاتەوە.
هاوكات، پەرلەمانتارێكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عیراق لە زاری حەیدەر عەبادییەوە ئاشكرایكردوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عیراقدا بەشی هەرێمی كوردستانیش جێگەی كراوەتەوە، راشیگەیاندوە: «بەڵام بودجەی هەرێمی كوردستان جیاوازە لەساڵانی پێشوو، چونكە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان دەكرێت و لە (17%)ەوە كەمكراوەتەوە بۆ لە (13%)، چونكە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان دەكرێت».
هەر پەیوەست بە بودجەی 2018ی عیراق، لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا دەكات، بودجەی گشتی ساڵی 2018 رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت.
هۆكار زۆرن
قادر مەلا محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی بەماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاند: بارودۆخی عیراق بەگشتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو چاوەڕواندەكرێت حكومەتی عیراق پشكی هەرێم لە بودجەدا كەمبكاتەوە كە پێشتر لە 17% بووە.
وتیشی: «هۆكار زۆرن بۆ ئەوەی كە بودجەی هەرێم كەمبكرێتەوە لە گرنگرتینیان توندی پەرلەمانتارەكانی عیراق لەسەر ئەو بابەتەو هەروەها ئەو بارودۆخەی كە لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراقی پێدا تێدەپەڕێت».
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق راشیگەیاند: ئەگەرێكی زۆر كەمە ئەگەر چاوەڕوانبین وەك ساڵانی رابردوو حكومەتی عیراق بڕیاربدات پشكی لە 17% ی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2018 ی عیراق جێگیر بكات و چاوەڕواندەكرێت پشكی هەرێم بۆ ساڵی ئایندە لە بودجەی عیراقدا بۆ (13%) یان كەمتریش جێگیر بكرێت.
پشت بە فۆڕمی خۆراك دەبەسترێت
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە ساڵانی رابروودا بە رێككەوتن و بە ڕەچاوكردنی ئەو زیانانەی كە هەرێمی كوردستان لە سەردەمی رژێمی پێشووی عیراق بەریكەوتووبوو پشكی هەرێم لە17% دیاریكرابوو، بەڵام تەئكید دەكەمەوە لەئێستادا بارودۆخەكە گۆڕاوەو گوێ نەگرتن لە نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپا و لەسەر دواخستنی ریفراندۆم و تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هۆكارێكی دیكەن بۆ كەمكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق بۆ ساڵی ئایندە.
وتیشی: «لە بودجەدا بەپێی ژمارەی دانیشتووان پشكی پارێزگاكان و لەو چوارچێوەیەشدا پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، كە پشت بە فۆڕمی خۆراك دەبەسترێت، چونكە لەئێستادا سەر ژمێرییەكی دروست لەبارەی دانیشتووانی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە نییە و تەنها پشت بە فۆڕمی خۆراك دەبەسترێت».
قادر مەلا محەمەد ئەوەشی خستەڕوو: ئەو پشكەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێت، بێگومان مووچە و بودجەی سیادی لەگەڵدا نییە و ئەو لە 17%ی ئێستاش لە یاسای بودجەی ساڵی 2017دا جێگیركراوە بێ مووچە و بودجەی سیادییە.
مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان دەكرێت
هاوكات، عەلی عەلاق پەرلەمانتاری عیراق و نزیك لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)ی راگەیاندوە، «عەبادی پێیڕاگەیاندوم كە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عیراقدا بەشی هەرێمی كوردستانیش جێ كراوەتەوە».
روونیشیكردۆتەوە: لەچوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2018دا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان دەكرێت نەك رێژەی (17%)ی هەرێم رەوانە بكرێت بۆ حكومەت، واتە هەر پارێزگایەك چەندی بەربكەوێت بۆی رەوانەدەكرێت لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووانەكەی.
لە (13%) نەك لە (17%)
ئەو پەرلەمانتارەی عیراق ئاماژەی بەوەشكردوە: پێشتر كاتێك بودجەی 17%ی هەرێم رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرا، بڕیاربوو ئەگەر هەر زیادەیەكی مایەوە بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی عیراق، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو بڕیارە نەبووە.
جەختی لەوەشكردوە: وەك چۆن لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عیراق لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان مامەڵە دەكرێت، هەر بەو شێوەیەش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت و ئەگەری ئەوەش هەیە بودجەی هەرێم لە پڕۆژەی بودجەی 2018ی عیراق بگاتە لە (13%) نەك لە (17%).
لیژنەی یاسایی هاتەدەنگ
هەر پەیوەست بە بودجەی 2018ی عیراق، لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا دەكات، بودجەی گشتی ساڵی 2018 رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت.
لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2018 رایگەیاندووە: لەكاتێكدا كە ساڵی 2017 تەنها دوو مانگ و چەند رۆژێكی كەمی ماوە تائێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هیچ كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2018ی عیراق نەكردووە، بۆ ئەوەی پەسەندی بكات و بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی بنێرێت.
لەكاتی خۆیدا تەواو نابێت
ئەندامی لیژنەكە ئاماژەیان بەوەشكردووە: پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان بە نووسراوی رەسمی حكومەتی عیراق لەوە ئاگادار بكاتەوە كە لە رەوانەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2018 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دواكەوتووە و ئەگەر لەوە زیاتریش دوا بكەوێت، گفتوگۆكردن و پەسەندكرد ئەو پڕۆژەیە لەكاتی خۆیدا تەواو نابێت و دەكەوێتە ناو ساڵی داهاتووە.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*