سەرەکی » راپۆرت » ئه‌وه‌ی‌ زۆر پێویسته‌ بۆ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئازادیی ده‌ربڕینه‌

ئه‌وه‌ی‌ زۆر پێویسته‌ بۆ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئازادیی ده‌ربڕینه‌

ئاژانسه‌كان

دوا وتاری‌ جه‌مال خاشوقچی‌
كارن عه‌تیه‌ هه‌واڵسازی‌ به‌شی‌ راوبۆچوونی‌ جیهانی‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ واشنتۆن پۆست دوا وتاری‌ جه‌مال خاشوقچی‌ بڵاو كرده‌وه‌‌و پێش وتاره‌كه‌ش نووسیویه‌تی‌‌و ده‌ڵێ: رۆژێك دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ دیارنه‌مانی‌ جه‌مال خاشوقچی‌ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ، وتاری‌ تایبه‌ت به‌ راوبۆچوونم له‌لایه‌ن وه‌رگێڕ‌و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی‌ جه‌ماله‌وه‌ پێگه‌یشت. رۆژنامه‌كه‌ بڕیاری‌ دا بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وتاره‌كه‌ دوا بخات به‌و هیوایه‌ی‌ جه‌مال بگه‌ڕێته‌وه‌‌و پێكه‌وه‌ پێیدا بچینه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌بێ باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنم كه‌ تازه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئارادا نییه‌.
ئه‌مه‌ دوا وتاریه‌تی‌ كه‌ من كاری‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌م له‌ واشنتۆن پۆست. ئه‌م ستوونه‌ی‌ جه‌مال به‌ ته‌واوی‌ پابه‌نده‌ به‌ حه‌ز‌و خولیای‌ ئازادی‌ بۆ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌. ئه‌و ئازادییه‌ی‌ ژیانی‌ خۆی‌ له‌پێناودا دانا. منیش تا ده‌مرم سوپای‌ ده‌كه‌م كه‌ واشنتۆن پۆستی‌ هه‌ڵده‌بژارد كه‌ ببێته‌ دوا مه‌نزڵی‌ رۆژنامه‌وانی‌ بۆی‌. ساڵێك له‌مه‌وبه‌ریش ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌ ره‌خسا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین.
وتاره‌كه‌
له‌م دواییانه‌دا له‌ رێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌گه‌ڕام به‌ شوێن هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانیدا بۆ ساڵی‌ 2018، ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ فریدۆم هاوس ئه‌نجامی‌ داوه‌، كه‌ بینیم به‌ ده‌ره‌نجامێكی‌ مه‌ترسیدار گه‌یشتم. ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ له‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بیدا ته‌نها یه‌ك وڵات هه‌یه‌ له‌ پۆلێنكارییه‌كه‌دا چووبێته‌ ریزی‌ وڵاتانی‌ (ئازاد)ه‌وه‌، ئه‌ویش تونس-ه‌‌و دوای‌ ئه‌ویش ئوردن‌و مه‌راكیش‌و كوێت له‌ پۆلێنه‌كه‌دا نیمچه‌ ئازادیان وه‌رگرتووه‌، ئه‌وه‌ی‌ تری‌ واته‌ هه‌موو وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ رێزی‌ نه‌بوونی‌ ئازادیدا پۆلێن كراون.
له‌وه‌وه‌ تێده‌گه‌ین، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی‌ له‌و وڵاتانه‌دا ده‌ژین، یان ئه‌وه‌تا بێئاگان، یان چه‌واشه‌ كراون. چونكه‌ ئه‌وان ناتوانن وه‌ك پێویست رۆڵیان هه‌بێت‌و بچن به‌ده‌نگ ئه‌و بابه‌تانه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌‌و ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ خۆیشیان هه‌یه‌، یان به‌ ئاشكرا گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بكه‌ن. له‌و وڵاتانه‌دا گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆركێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات‌و دایده‌ڕێژێت‌و ده‌یدات به‌ گوێی‌ رای‌ گشتیدا، ئه‌و چیرۆكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ زۆر كه‌س باوه‌ڕی‌ پێ ناكات، به‌ڵام دانیشتوانی‌ ناوخۆی‌ وڵاته‌كه‌ ده‌كه‌ونه‌ داویه‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ گۆڕینی‌ ئه‌و دۆخه‌ش له‌ ئارادا نییه‌.
جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ كاتی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیدا ساڵی‌ 2011 پڕ بوو له‌ هیوا. رۆژنامه‌نووسان‌و كه‌سانی‌ ئه‌كادیمی‌‌و خه‌ڵكیش سه‌رڕێژ بوون به‌ هیوا‌و چاوه‌ڕوانی‌ گۆڕانكاری‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان به‌ره‌و ئازادی‌. ئه‌وان پێشبینییان ده‌كرد له‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌پاوی‌ حكومه‌ته‌كانیان‌و سانسۆر‌و ده‌ستێوه‌ردانی‌ به‌رده‌وامیان رزگاریان بێت، به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ی‌ جارانیان، یان رووبه‌ڕووی‌ بارودۆخی‌ زۆر له‌وه‌ی‌ پێشوو دڵڕه‌قانه‌تر بوونه‌وه‌.
هاوڕێی‌ ئازیزم ساڵح ئه‌لشه‌ححی‌ نووسه‌ر دیاری‌ سعودیه‌ به‌ناوانگترین ستوونی‌ نووسی‌ له‌ رۆژنامه‌كانی‌ سعودیه‌دا، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و ئێستا له‌ زینداندایه‌‌و پێنج ساڵ حوكم دراوه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ كۆمێنته‌كانی‌ له‌گه‌ڵ هێڵی‌ گشتی‌ حكومه‌تی‌ سعودیه‌دا یه‌ك ناگرنه‌وه‌. له‌مه‌ودوا ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ باره‌گای‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌لمیسری‌ ئه‌لیه‌وم رۆژنامه‌نووسه‌ هاوپیشه‌كانی‌ ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ تووڕه‌ ناكات‌و هیچ كاردانه‌وه‌یان نابێت. ئێستا ئیتر ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تیشی‌ به‌دوادا نایه‌ت. له‌ بری‌ ئه‌وه‌ پرۆتستۆیه‌ك به‌ دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت‌و دواتریش بێده‌نگی‌‌و هیچی‌ تر.
ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌مانه‌ حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان سه‌ربه‌ست كران له‌ ده‌مكوت كردنی‌ راگه‌یاندنه‌كان. رۆژگارێك رۆژنامه‌نووسان پێیان وابوو ئینته‌رنێت وا ده‌كات زانیارییه‌كان له‌ ده‌ست سانسۆر‌و ئه‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر چاپكراوه‌كاندا سه‌پاندووه‌ رزگاریان بێت، به‌ڵام ئه‌م حكومه‌تانه‌ی‌ ئێستا مانه‌وه‌یان به‌نده‌ له‌سه‌ر كۆنترۆڵ كردنی‌ زانیارییه‌كان‌و ئینته‌رنێتیشیان به‌ توندی‌ كۆنترۆڵ كردووه‌، په‌یامنێره‌ ناوخۆییه‌كانیان ده‌ستگیر كردووه‌‌و ریكلامه‌كانیشان وا لێكردووه‌ به‌ قازانجی‌ هه‌ندێك‌و به‌ زیانی‌ هه‌ندێكی‌ تر له‌ راگه‌یاندنه‌كان بێت.
ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م مێرگ‌و مێرگوزار هه‌ن كه‌ هێشتا گیانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن. حكومه‌تی‌ قه‌ته‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر پشتیوانی‌ كردنی‌ روماڵی‌ هه‌واڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌ به‌رامبه‌ردا وڵاتانی‌ ده‌رودراوسێی‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر خه‌رج ده‌كه‌ن بۆ كۆنترۆڵ كردنی‌ زانیارییه‌كان. له‌ كاتێكدا ده‌بینین ده‌لاقه‌ی‌ راگه‌یاندن له‌ تونس‌و كوێت ئازاده‌، زیاتر گرنگی‌ به‌ دۆز‌و بابه‌ته‌ ناوخۆییه‌كان ده‌ده‌ن، نه‌ك ئه‌و دۆز‌و بابه‌تانه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ جیهانی‌ گه‌وره‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌بێته‌وه‌. سڵیش له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌كۆیه‌كی‌ ئازاد بۆ رۆژنامه‌نووسانی‌ سعودیه‌‌و میسر‌و یه‌مه‌ن ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. ته‌نانه‌ت لوبنان گه‌وهه‌ری‌ تاجه‌كه‌ی‌ عه‌ره‌ب له‌ مه‌له‌سه‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئازاددا، كه‌وتۆته‌ داوه‌كه‌وه‌‌و بۆته‌ قوربانیی‌و بنده‌سته‌ی‌ حزبوڵڵای‌ سه‌ر به‌ ئێران.
ئه‌مڕۆ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ده‌ست په‌رده‌ی‌ ئاسنینی‌ تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ گیری‌ خواردووه‌، كه‌ لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كان به‌سه‌ریاندا نه‌سه‌پاندووه‌، به‌ڵكو له‌ رێگه‌ی‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ سه‌پاوه‌ كه‌ كێبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. له‌ كاتی‌ جه‌نگی‌ سارددا رادیۆی‌ ئه‌وروپای‌ ئازاد، كه‌ دواتریش گه‌شه‌ی‌ كرد‌و بووه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌، رۆڵی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ بینی‌ له‌ به‌هێز كردن‌و درێژه‌پێدان‌و بوونی‌ هیوایه‌ك بۆ ئازادی‌. عه‌ره‌بیش پێویستی‌ به‌ شتێكی‌ له‌و بابه‌ته‌یه‌. له‌ ساڵی‌ 1967دا هه‌ردوو رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمز‌و واشنتۆن پۆست رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ جیهانی‌ ده‌ربكه‌ن، ئه‌ویش رۆژنامه‌ی‌ ئینته‌رناشناڵ هیراڵد تریبیۆن بوو، كه‌ دواتر بووه‌ مینبه‌رێك بۆ سه‌رجه‌م ده‌نگه‌ جیهانییه‌كان.
چاپكراوه‌كه‌ی‌ له‌مه‌ڕ خۆمان واته‌ واشنتۆن پۆست ده‌ستپێشخه‌ری‌ كرد بۆ وه‌رگێڕانی‌ وتاره‌كانی‌ من‌و دواتر بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ من سپاسیان ده‌كه‌م. عه‌ره‌ب پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ به‌ زمانی‌ خۆی‌ بخوێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێ له‌ بابه‌ته‌كان تێبگات‌و له‌ هه‌موو رووه‌كانییه‌وه‌ گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بكات‌و ئاگاداری‌ ده‌رهاویشته‌كانی‌ دیموكراسی‌ بێت له‌ ئه‌مریكا‌و خۆرئاوا. ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌كی‌ میسری‌ بابه‌تێك بخوێنێته‌وه‌، كه‌ باس له‌ تێچوونی‌ راسته‌قینه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ بینایه‌ك ده‌كات له‌ واشنتۆن، ئه‌و كات باشتر له‌وه‌ تێده‌گات كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ له‌و جۆره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی‌ خۆیدا چ جۆره‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ ده‌بێت.
جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ زۆر پێویستی‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌‌و پڕۆژه‌یه‌كی‌ نوێی‌ له‌و جۆره‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاووڵاتیان له‌ رووداوه‌ جیهانییه‌كان ئاگادار بن، ده‌بێ چی‌ هه‌بێت له‌وه‌ گرنگتر بێت، چونكه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌ مینبه‌رێك هه‌یه‌ بۆ ده‌نگه‌ عه‌ره‌بییه‌كان. ئێمه‌ به‌ده‌ست هه‌ژاری‌‌و ئیداری‌ خراپ‌و په‌روه‌رده‌ی‌ خراپه‌وه‌ گیرمان خواردووه‌. دامه‌زراندنی‌ مونته‌دایه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و دابڕاو له‌ كاریگه‌ریی حكومه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ پڕوپاگه‌نده‌وه‌ رق‌و كینه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، وا ده‌كات هاووڵاتی‌ ئاسایی له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی‌ خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*