سەرەکی » راپۆرت » عیراق ده‌توانێ ده‌رباز بێت، به‌ڵام به‌ مه‌رج

عیراق ده‌توانێ ده‌رباز بێت، به‌ڵام به‌ مه‌رج

د. ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌ید ئه‌حمه‌د*
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

عراق به‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی‌ گه‌وره‌ توانی‌ له‌ سستبوونی‌ سیاسی‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، سستبوونێك كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردووه‌وه‌ تووشی‌ بوو، به‌ هۆی‌ ئه‌و دۆخه‌وه‌ كه‌وته‌ نێو گێژاوی‌ ململانێ‌و مشتومڕ له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن ململانێی‌ نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كان‌و كێبڕكێ بۆ پێكهێنانی‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت پێك بهێنێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زاییه‌كان له‌ شاره‌كانی‌ عیراقدا‌و له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ شاری‌ به‌سره‌، كه‌ بۆ داواكاری‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی‌ تیایدا ده‌ژین له‌ خراپی‌ ژیان‌و گوزه‌رانیان‌و نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ بنه‌ڕه‌تی‌ وه‌ك ئاوی‌ خواردنه‌وه‌‌و كاره‌با‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ بێكارییه‌كی‌ زۆر له‌ ناو هاووڵاتیاندا.
به‌ڵام له‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا كه‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراقی‌ له‌كار خستبوو، په‌رله‌مانی‌ عیراق توانی‌ سه‌رۆكی‌ نوێ هه‌ڵبژێرێت‌و وڵات كه‌ به‌رهه‌م ساڵح بوو، ئه‌ویش ته‌نها دوای‌ دوو سه‌عات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ خۆی‌، عادل عه‌بدولمه‌هی‌ راسپارد وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیر كابینه‌ی‌ حكومه‌ت پێك بهێنێت. هه‌ڵبژاردنی‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌ په‌رله‌مان 219 ده‌نگی‌ به‌ده‌ست هێنا‌و به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وت كه‌ فوئاد حسێن-ی‌ كاندیدی‌ پارتی‌ دیموكرات بوو به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و كاندیده‌كه‌شیان ته‌نها 22 ده‌نگی‌ هێنا.
ئه‌و دۆخه‌ی‌ عیراق له‌و ماوه‌یه‌دا به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌‌و تووشی‌ به‌ بنبه‌ست گه‌یشتنی‌ سیاسی‌ بوو، خه‌ڵكی‌ وڵاته‌كه‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی له‌ بارودۆخی‌ خراپی‌ ژیانیان‌و ململانێی‌ ده‌سته‌بژێری‌ سیاسی‌ وڵاته‌كه‌‌و كوتله‌ سیاسییه‌كان‌و پاشان وه‌ده‌نگ هاتنی‌ مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌كان له‌ سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ عه‌لی‌ سیستانی‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح‌و عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ وه‌ك چاره‌سه‌رێكی‌ نێوه‌نجی‌ هه‌ڵبژێرن به‌ سه‌رۆك‌و سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق، تا عیراق له‌ دۆخی‌ سستبوونی‌ سیاسی‌ ده‌رباز ببێت. هه‌ڵبژارد‌ون ده‌ستنیشان كردنی‌ ئه‌م سه‌ركرده‌ تازانه‌ی‌ عیراق كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی‌‌و ده‌ستكه‌وتی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ كه‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن.
یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عیراق له‌و گێژاوه‌ سیاسییه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ تێی‌ كه‌وتووه‌ ده‌رده‌هێنێت‌و به‌مه‌ش عراقی‌ له‌وه‌ رزگار كرد كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رسێ پۆسته‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ بۆشایی سیاسی‌ تێدا دروست ببێت، چونكه‌ بۆشایی سیاسی‌ دروست ببوایه‌، عیراق ده‌خزایه‌ نێو دۆخی پشێویی سیاسی‌‌و ئه‌مه‌نییه‌وه‌، به‌ جۆرێك چاره‌نووسه‌كه‌ی‌ نادیار ده‌بوو، به‌ تایبه‌تیش له‌ جه‌نگه‌ی‌ ململانێی‌ نێوان هه‌ردوو كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ په‌رله‌ان، واته‌ كوتله‌ی‌ چاكسازی‌‌و بنیاتنانه‌وه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ موقته‌دا سه‌در كه‌ سه‌ركرده‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ سائیرۆنیشه‌‌و كوتله‌كه‌ی‌ زۆرترین كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌گه‌یشیدا هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ پێشووی‌ عیراق، ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ك‌و لاكه‌ی‌ تریش كوتله‌كه‌ی‌ هادی‌ ئه‌لعامری‌ سه‌ركرده‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ فه‌تح‌و نوری‌ مالكی‌ سه‌ركرده‌ی‌ هاوپه‌مانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا پێكیان هێناوه‌.
مشتومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كێ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ هه‌بێت له‌ په‌له‌ماندا‌و حكومه‌ت پێك بهێنێت هێنده‌ درێژه‌ی‌ كێشاو قوڵ بۆوه‌‌و ئاڵۆزیی تێكه‌وت، بابه‌ته‌كه‌ گه‌یشته‌ لای‌ دادگای‌ باڵا بۆ ئه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كلایی كرایه‌وه‌ ئه‌م جاره‌یان پێچه‌وانه‌ی‌ جاره‌كانی‌ تر‌و نه‌ریتی‌ باوی‌ سیاسی‌ له‌ عیراقدا كه‌ له‌ 2005ه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌ میكانیزمێكی‌ جیاوازتر سه‌رۆك وه‌زیر هه‌ڵبژێردرا، واته‌ میكانیزمی‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌سی‌ سیاسی‌ په‌یڕه‌و نه‌كرا، چونكه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ نوێی‌ عیراق كه‌سێكی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و ته‌كنۆكراته‌، سه‌ر به‌ هیچكام له‌ كوتله‌كان نییه‌.
له‌مه‌شیاندا مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌كان رۆڵی‌ گرنگیان هه‌بوو، تا بگه‌نه‌ له‌ جۆرێك له‌ سازان‌و رێكه‌وتن، چونكه‌ مه‌رجه‌عه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌م جاره‌یان كه‌سانێك هه‌ڵبژێرن ده‌موچاوی‌ تازه‌ بن‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سته‌بژێره‌ كۆن‌و باوه‌كه‌ بن، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سی‌ ئه‌زمواره‌‌و به‌ ئه‌زموون پێوستی‌ به‌ ئه‌زموون‌و تاقی‌ كردنه‌وه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ ئایینی‌ شیعه‌ بوو، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی‌ كه‌سێكی‌ وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ زۆر به‌ دڵی‌ موقته‌دا سه‌در ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ویش هه‌ر داوای‌ كردبوو حكومه‌تی‌ ئه‌م جاره‌ ته‌كنۆكرات بێت‌و توانای‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و تێپه‌ڕاندنی‌ تایه‌فه‌‌و تایه‌فه‌چێتی‌ هه‌بێت، به‌مه‌ش خواسته‌كه‌ی‌ هاته‌دی‌.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و شێوازی‌ پێشتر كاری‌ پێ ده‌كرا وه‌ك سیستمی‌ به‌شبه‌شێنه‌ی‌ پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایه‌فه‌گه‌ری‌، كه‌ ساڵانێكی‌ زۆر له‌ عیراق په‌یڕه‌و ده‌كرێت، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ ته‌كنۆكراته‌كان ئه‌ژمار ده‌كرێت‌و چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێ ده‌كرێت كابینه‌یه‌كی‌ ته‌كنۆكراتیش بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێك بهێنێت‌و پابه‌ند نه‌بێت به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ وه‌زیره‌كان له‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان، به‌ تایبه‌تیش كه‌ موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاند، ئه‌ندامانی‌ سائیرون به‌شداری‌ پێ ناكات له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ ده‌ڕه‌خسێنێ ئه‌و وه‌زیرانه‌ی‌ هه‌ڵیان ده‌بژێرێت كه‌سانی‌ ته‌كنۆكرات بن.
دووه‌میان، هه‌ڵبژاردنی‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌ سه‌رۆكی‌ كۆمار، كه‌ هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ به‌دیهێنانی‌ سه‌قامگیریی سیاسی‌ له‌ عیراقدا، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ زۆرینه‌ی‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان كۆكن له‌سه‌ری‌‌و به‌ كه‌سێكی‌ ته‌كنۆكراتی‌ ده‌زانن، هه‌رچه‌نده‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ناڕازییه‌‌و هه‌ر له‌به‌ر ناڕازیبوونیشی‌ له‌ دانیشتنی‌ ده‌نگدانه‌كه‌دا بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار كه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كرد، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ به‌ڵكو هێزه‌ ئیقلیمی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار گونجاوه‌، ئه‌مه‌ش مانای‌ وایه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌بێته‌ هۆكاری‌ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ عیراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ئیقلیمی‌‌و جیهانیشدا، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌و سێ كه‌سه‌ پێكه‌وه‌، واته‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆمار‌و عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیر‌و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبوسی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، پشتیوانی‌ له‌ عیراق ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ناسنامه‌ی‌ عوروبه‌‌و تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ی‌ به‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌، هه‌روه‌ك به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ئه‌لحه‌لبوسی‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ عه‌ره‌ب له‌ قاهیره‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر كرده‌وه‌.
هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م سێ سه‌ركرده‌یه‌، ره‌نگه‌ باشترین رێگه‌چاره‌ی‌ به‌رده‌ست بێت بۆ ده‌رچوون‌و ده‌ربازبوونی‌ عیراق له‌و قه‌یران‌و ته‌نگژه‌یه‌ی‌ تێی‌ كه‌وتووه‌‌و بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ عیراقی‌‌و سه‌رله‌نوێ پێداچوونه‌وه‌‌و رێز كردنه‌وه‌ی‌ بایه‌خبه‌ندییه‌كانی‌، كه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ ئه‌مڕۆی‌ عیراق، چونكه‌ ئه‌م سێ سه‌ركرده‌یه‌ سازانێكی‌ باش‌و رازیبوونێكی‌ لایه‌نه‌ ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كانی‌ له‌سه‌ره‌، به‌ڵام هێشتا ده‌ربازبوونی‌ عیراق له‌ دۆخی‌ سستبوونی‌ سیاسی‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رج‌و ئاسته‌نگ‌و كۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌وه‌ كه‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م، ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌ی‌ ژیان‌و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ تێكه‌وتووه‌‌و ئه‌و بارودۆخه‌ ئابوورییه‌ی‌ ئه‌مڕۆ عیراقی‌ تێدا ده‌ژی‌، كه‌ بووه‌ هۆی‌ هه‌ڵایسانی‌ شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زایی‌و تووڕه‌یی خه‌ڵكی‌ عیراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بایه‌خبه‌ندی‌ هه‌ره‌ گرنگی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق باش كردنی‌ ژیان‌و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ عیراق‌و زیاد كردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانه‌، به‌ تایبه‌تیش چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌ی‌ كاره‌با‌و ئاوی‌ خواردنه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان به‌ وڵاتدا بڵاو بۆته‌وه‌‌و وای‌ كردووه‌ عیراق له‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ بێت كه‌ تۆمارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئیداریی‌و داراییدا هه‌بێت، حكومه‌تیش ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بنێت، بێگومان رووبه‌ڕووی‌ ده‌سته‌بژێره‌ باوه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ سوودمه‌ند بوون له‌و گه‌نده‌ڵییه‌‌و لێناگه‌ڕێن گه‌نده‌ڵی‌ بنبڕ بكرێت.
دووه‌م، ده‌ربازبوون له‌ سستی‌ سیاسی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌رجی‌ ئاشته‌وایی نیشتمانیی عیراق‌و سارێژ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و برینانه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ جه‌سته‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌و چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌و درز‌و ناكۆكییه‌ گه‌ورانه‌ی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ نێوان رۆڵه‌كانی‌ ئه‌م وڵاته‌، به‌ تایبه‌تیش نێوانی‌ شیعه‌‌و سوننه‌‌و نێوانی‌ كورد‌و عه‌ره‌ب له‌ دوای‌ راپرسییه‌كه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ كه‌ له‌ 2017دا ئه‌نجام درا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌می‌ حكومه‌تی‌ نوێدا به‌دیهێنانی‌ پێكهاتنه‌وه‌‌و سازانی‌ نێوان هه‌موو رۆڵه‌كانی‌ عیراقه‌، بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ سازان‌و ئاشته‌وایی له‌ نێوان سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی‌ عیراقدا‌و پێكه‌وه‌ كاركردن له‌ پێناو كاركردنی‌ هاوبه‌ش‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئاسته‌نگه‌ ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی‌ پاراستنی‌ یه‌كێتی‌ خاكی‌ عیراق‌و سه‌روه‌ری‌ عیراقدا، هه‌روه‌ها له‌ پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژموونی‌ ده‌ره‌كی‌ هه‌ندێك له‌ هێزه‌ ئیقلیمی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ ململانێیان بوو له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركردایه‌تییه‌ك كه‌ وابه‌سته‌ به‌ خۆیان بێت.
سێیه‌م، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كه‌سانی‌ ته‌كنۆكرات هه‌نگاوێكی‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌ربازبوون له‌ به‌شبه‌شێنه‌ی‌ تایه‌فی‌، به‌ڵام عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ پشتیوانێكی‌ حزبی‌ نییه‌، وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی‌ پێشوو كه‌ سه‌ر به‌ حزبی‌ ده‌عوه‌ بوون‌و ئه‌و حزبه‌ش ساڵانێك وڵاتی‌ به‌ڕێوه‌ بردووه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ له‌ عیراقدا حزب ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام پشتیوانی‌ خه‌ڵكی‌ عیراق‌و ریز كردنه‌وه‌ی‌ بایه‌خبه‌ندییه‌كان‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌، ره‌نگه‌ بتوانن پشتیوانێكی‌ باش بن بۆ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق، تا بتوانێ خۆڕاگر بێت له‌به‌رده‌م فشاره‌كانی‌ ده‌سته‌بژێری‌ باو‌و كۆنه‌كه‌ی‌ عیراقدا.
چواره‌م، ده‌ربازبوون له‌ سستیی سیاسی‌ په‌یوه‌ستیشه‌ به‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ بایه‌خبه‌ندی‌ عیراق‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ر‌و ئاواره‌كانیشه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی‌ له‌ ناوچه‌ سونییه‌كان، كه‌ شه‌ڕ‌و وێرانكاریی زۆری‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشی‌ تیرۆریسته‌وه‌، هه‌روه‌ها پێویستی‌ به‌ به‌هێز كردنی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ئاسایش هیه‌ بۆ رێگرتن له‌ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داعش، جگه‌ له‌وه‌ش عیراق پێویستی‌ به‌ بایه‌خبه‌ندی‌ نوێی‌ تایبه‌ت به‌ ده‌ستوور‌و ده‌ستكاری‌‌و هه‌موار كردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن‌و گۆڕینی‌ هه‌یكه‌لی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ گرنگی‌ به‌ هاووڵاتیبوونی‌ یه‌كسان بدرێت، له‌ نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كاندا، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌موان یه‌كسان بن له‌ ماف ‌و ئه‌ركه‌كانیاندا، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ تا ئێستا كراوه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌شبه‌شێنه‌ی‌ تایه‌فی‌ بووه‌‌و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای‌ كردووه‌ عیراق بكه‌وێته‌ گێژاوی‌ ئه‌و هه‌موو كێشه‌ سیاسی‌‌و ئابووری‌‌و ئه‌منییه‌وه‌.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باس كران، هه‌ڵبژاردنی‌ به‌رهه‌م ساڵح‌و عادل عه‌بدولمه‌هدی‌‌و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبوسی‌ به‌ هه‌نگاوێكی‌ گرنگ ئه‌ژمار ده‌كرێت به‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌قامگیریی سیاسی‌‌و ئابووری‌‌و ئه‌منی‌ له‌ عیراقدا، به‌ڵام به‌س نییه‌‌و هه‌نگاوی‌ تریشی‌ ده‌وێ، له‌ سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ ره‌خساندنی‌ ژینگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ عیراق خۆی‌ ته‌رخان بكات بۆ گه‌شه‌پێدان‌و به‌كارهێنانی‌ سامان‌و داهاته‌ ئابووریی‌و نه‌وتییه‌كانی‌ له‌ پێناو باش كردنی‌ ژیان‌و گوزه‌رانی‌ گه‌لی‌ عیراق‌و مسۆگه‌ر كردنی‌ سه‌ربه‌خۆیی عیراق له‌ بڕیاره‌كانیدا‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ عیراق بۆ چوارچێوه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش په‌یوه‌ستن به‌ ئاستی‌ تێگه‌یشتنی‌ ده‌سته‌بژێری‌ سیاسی‌ باو له‌ قه‌باره‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ بۆ عیراق له‌ بۆسه‌دان، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتن له‌ ئاستی‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ كه‌ ده‌كرێ سه‌ركرده‌ تازه‌كان به‌ده‌ستی‌ بهێنن.

*پسپۆڕی‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دامه‌زراوه‌ی‌ ئه‌هرام
سه‌نته‌ری‌ ئه‌هرام بۆ لێكۆڵینه‌وه‌

 137 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*