سەرەکی » ئابووری » دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دەسـەڵاتەكانی تردا

دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دەسـەڵاتەكانی تردا

تارق جەوهەر سارمەمی
پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنی ئاسایی ژمارە چوار خولی پایزەی خولی هەلبژاردنی چوارەم، پڕۆژەیاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی بەسەر دامەزراوە گشتییەكانی هەرێم پەسەندكرد. یاسای پەسەندكراو لە چوار مادە پێكهاتووە، گرنگترین مادەكان مادەی یەك‌و مادەی سێ-ن كە یەكەمیان تایبەتە بەدابەشكردنی ١٩ دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم بەسەر چوار بەشدا، ئەوانیش: سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران‌و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. بۆ ئاگاداربوونی كۆمەڵانی خەڵك لەجۆر‌و چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دەسەڵاتەكانی تر، ئەم بابەتە دەخەینە بەردەستی خوێنەران.
یەكەم: بەشی پەرلەمان لەمیراتی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم.
بەپێی بڕگەی سێیەم لەپڕۆژەیاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بڕگەكانی (1-2-14) لەمادەی دە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان پەیڕەودەكرێت:
بڕگەی یەكەم :
1-پێشنیاركردنی پڕۆژەیاسا‌و بڕیارەكانی تایبەت بەسەرۆكایەتی هەرێم بۆ پەرلەمانی كوردستان.
2-دەرچواندنی ئەو یاساو بڕیارانەی كە پەرلەمانی كوردستان دایاندەنێت، لەماوەی 15 رۆژدا لەبەرواری رۆیشتنی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان بۆی هەیە لەو ماوەیەدا ناڕەزایی لەسەر هەموو یان هەندێك لەو یاساو بڕیارانە دەرببڕێت‌و گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێداخشاندنەوەیان‌و بڕیاری پەرلەمان لەسەریان بنبڕدەبێت. ئەو یاساو بڕیارانەش بەدەرچوو دادەنرێن لەو حاڵەتەی كە سەرۆكی پەرلەمان لەماوەی ناوبراو دەرینەچواند‌و ناڕەزاییشی لەسەریان نەبوو، پەرلەمان رادەسپێرێ‌و لەڕۆژنامەی فەرمی بڵاودەكرێتەوە.
بڕگەی دووەم لە مادەی دەیەم تایبەتە بە: دەركردنی فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی كوردستانی عیراق‌و دیاریكردنی كاتەكەی لەماوەی 15 ڕۆژدا لەبەرواری هەڵوەشاندنەوەی، یان لانی كەم لەماوەی 60 ڕۆژ دوای هەڵوەشاندنەوەی یان 60 ڕۆژی پێش كۆتایی خولی هەڵبژاردنی رەتنەكات.
بڕگەی چواردەم لەمادەی دە: فەرمانی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر دەردەچوێنێ‌و داواشیان لێ دەكات لەئەرك‌و فەرمانی خۆیاندا بەردەوامبن تاوەزارەتی نوێ پێكدەهێنرێت.
دووەم: بەشی دەسەڵاتی دادوەری لەمیراتی دابەشكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم:
بەپێی بڕگەی چوارەم لەمادەی یەكەم لەپڕۆژەیاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پیادەكردنی ئەرك‌و دەسەڵاتی بڕگەكانی (12-13-16) لەمادەی 10 یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، درایە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، كەتایبەتن بە:
-بڕگەی دوانزە: دوای دەستنیشانكردنیان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بەپێكهێنانی وەزارەت لەماوەی 30 ڕۆژ لەمێژووی راسپاردنەكەیانەوە.
-بڕگەی سیانزەم: كاتێك پەرلەمان ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر لەمتمانە دەخات، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری فەرمانی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیان دەردەچوێنێ.
-بڕگەی شانزە: دامەزراندنی دادوەران‌و سەرۆك‌و ئەندامانی داواكاری گشتی، دوای پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەوە.
سێیەم: بەشی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەمیراتی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان:
بەپێی بڕگەی یەكەم لەمادەی یەكەمی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە گشتییەكانی هەرێم، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مادەكانی یەكەم‌و دووەم‌و بڕگەكانی (٢-٦-١٠-١١-١٥-١٨-١٩) ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە پەیڕەودەكات:
مادەی یەكەم: لەغیابی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەبێتە سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن‌و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سەرۆكی حكومەتیش هەندێك لەئەرك‌و دەسەڵاتەكانی خۆی بەجێگرەكەی خۆی دەدات.
بەپێی مادەی دووەم لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواركراو تا سەرۆكێكی تر بۆ هەرێم هەڵدەبژێردرێ، سەرۆكی حكومەتی هەرێم «لەسەر ئاستی ناوخۆو ئاستی دەرەوەش نوێنەرایەتییان دەكات‌و بەناویانەوە دەدوێت‌و هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵیەكان‌و دەسەڵاتەكانی هەرێمدا دەكات».
هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی بڕگەكانی (٢-٦-١٠-١١-١٥-١٨-١٩) لەمادەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پەیڕەودەكات كە پێكهاتووە لە:
بڕگەی دووەم: دەركردنی فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی كوردستان‌و دیاریكردنی كاتەكەی لەماوەی 15 رۆژدا لەبەرواری هەڵوەشاندنەوەی، یان لانی كەم لەماوەی 60 رۆژدا پێش كۆتایی خولی هەڵبژاردنی، بەمەرجێك رۆژی هەڵبژاردن لە 60 رۆژی دوای هەڵوەشاندنەوەی یان 60 رۆژ پێش كۆتایی خولی هەڵبژاردن ڕەتنەكات.
بڕگەی شەشەم: لێبوردنی تایبەت لەبەندكراوان، بەپێی یاسا.
بڕگەی دە: لەكاتی پێویستدا‌و بەڕەزامەندی پەرلەمانی هەرێم، رێگەدەدات بە هێزە چەكدارەكانی فیدراڵ بێنەناو هەرێمەوە.
بڕگەی یازدە: سەرۆكی حكومەت (هەرێم) بۆی هەیە بەڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت.
بڕگەی پازدە: دامەزراندن‌و لابردنی خاوەن پلە تایبەتییەكانی هەرێم لەسەر پێشنیاری یان ئیقتراحی وەزیری پەیوەندیدار‌و رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران.
بڕگەی هەژدە: بەخشینی نیشان‌و میدالیا بەپێی یاسا.
بڕگەی نۆزدە: سەرۆكی حكومەت هەر دەسەڵاتێكی تر، كە لەدەستوور‌و یاسادا هاتبێت، دەگرێتەدەست.
چوارەم: ئەو دەسەڵاتانەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پەیڕەودەكرێن:
بەپێی بڕگەی دووەم لەماددەی یەكەم لەیاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە گشتییەكانی هەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، كە لەبڕگەكانی (٣-٤-٥-٧-٨-١٧) مادەی دە هاتووە، پەیڕەودەكات، كە خۆی لەم دەسەڵاتانەی خوارەوە دەبینێتەوە:
بڕگەی سێیەم: لەماوەی ١٠ رۆژدا لەڕۆژی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەوە، فەرمانی بانگهێشتكردنی پەرلەمانی هەرێم بۆ خولی یەكەمی كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن دەردەچوێنێ، ئەگەر بانگهێشتی بۆ دەرنەكرا، ئەوا پەرلەمان لەڕۆژی دوای كۆتایی ماوەكە، كۆدەبێتەوە.
بڕگەی چوارەم: لەم حاڵەتانەی خوارەوە بە مەرسوم، پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە:
1-ئەگەر پتر لەنیوەی ئەندامەكانی دەستیانلەكاركێشایەوە.
2-ئەگەر لەماوەی ٤٥ رۆژ لەبانگهێشتكردنی بۆ كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن، ژمارەی یاسایی ئەندامان بەدەستنەهات.
3-ئەگەر پەرلەمان متمانەی بەئەنجومەنی وەزیران لەسێ پێكهاتەی وەزاری جیاوازی یەك لەدوای یەك، نەدا.
4-ئەگەر سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕاو خولی هەڵبژاردنیش شەش مانگ یان كەمتری مابوو.
بڕگەی پێنجەم: كاتێك هەرێمی كوردستان یان سیستمە سیاسییەكەی، یان ئاسایشی گشتی هەرێم، یان دامودەزگا دەستوورییەكانی، بكەونە مەترسییەكی ئەوتۆوە، هەڕەشە لە بوونی بكات‌و پەرلەمانیش نەتوانێت كۆبێتەوە، ئەوە لەو بارەدا سەرۆكی حكومەت (هەرێم) دوای راوێژ‌و رێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیارگەلێك دەردەچووێنێت، هێزی یاساییان هەیە بەمەرجێ ئەو بڕیارانە لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمدا بخرێتە بەردەمی، خۆ ئەگەرهاتو نەخرانە بەردەمی، یان خرانە بەردەمی‌و پەرلەمان پەسەندی نەكردن، ئەوا لەو بارەدا سیفەتی یاساییان نامێنێت.
بڕگەی حەوتەم: پەسەندكردنی حوكمی لەسێدارەدان، یان سووككردنی بۆ بەندی هەتاهەتا.
بڕگەی هەشتەم: جاڕدانی باری نائاسایی بەپێی یاسایەكی تایبەت.
بڕگەی حەڤدەم: بەخشینی روتبەی سەربازی بەئەفسەرانی هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو دەركردن‌و خانەنشینیان بەپێی یاسا رەچاوكراوەكان.
هەروەها بەپێی بڕگەی یەكەم لەمادەی سێیەم كاركردن بەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ هەمواركردن رادەگیرێت تا هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم‌و خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. هەروەها بەپێی بڕگەی دووەم ئەم یاسایە بەكاردێت تا هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم‌و خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی مادی پێنجەم، ئەم یاسایە لەماوەی ١٠ رۆژدا لەبەرواری پەسەندكردنی لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دەردەچوێندرێت‌و لەڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێدەكرێت‌و لەڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*