سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » تێگەیشتن لە چەمکی ئازادیی و بەرەڵایی!پەڕە 3

تێگەیشتن لە چەمکی ئازادیی و بەرەڵایی!

نامەوێ بچمە ناو بابەتی فەلسەفی و قووڵ و سەر لە خوێنەر بشێوێنم، بەڵام یەکدوو نموونە باس ئەکەم لەسەر ئازادی و دیموکراسیەت و بەرەڵایی:
دوای ڕاپەڕین بە چەند مانگێک هەرچی لەو کوردستانە خۆی لە هەڵەیەک یا تاوانێک ئەدزیەوە دەیگوت:
(ئەدی دیموکراسیەت نیە، هەقت نیە قسەبکەی)!
لەبیرمە دوکانێکی فرۆشتنی ئامێری مۆسیقی لەبەرانبەر پەروەردەی هەولێربوو، دیاربوو گەنجە بەهرەوەرەکان شەوان تا درەنگ لەوێ خەریکی گۆرانی و تاقیکردنەوەی دەنگ و ئامێرەکان ئەبن، شەوێک دراوسێیەک لێیان دێتەدەنگ و ئەڵێ;
کاکە ناخۆشتانکرد، ڕەچاوی کات و دراوسێ و مناڵ و نەخۆش و بەتەمەن ناکەن، خەوتان نەهێشتووین.
گەنجێک ئەڵێ؛
جا بۆ پێت ناخۆشە، دیموکراسیەت نیە؟!
رۆژی دوایی دراوسێیەکە جامخانەی دوکانەکەیان بە بەرد بۆ دێنێتەخوار و ئەڵێ:
قسەنەکەن، ئەوەش دیموکراسیەتەکەی من بەهەمان نرخی ئێوە!
لەوکاتەوە و تا ئێستاش ئێمە ئازادی وا تێگەیشتووین، چیم پێخۆشە بە ئازادی و مافی ڕەوای خۆمی بزانم بۆ بەرانبەریشم بە هەڵە و تاوان.
* ژنێک ڕازیە کە بە ڕۆشنبیر و رۆح جوان ناوی ببەن بەڵام نابێ لە سەرپێچی یاسایی کەس لێپێچینەوەی لەگەڵ بکا و دەیان کەسیش بۆی ئەبێتە پارێزەر و هەر کۆمێنتێکیش بەشان و باڵیدا هەڵنەدا وەڵامی توندی بۆ هەیە.
* کابراش لەبەر ئەوەی بەرپرس یا پارەدارە، ئەبێ بە دڵی خۆی شەق شەقانە بەهەرچی هەیە بکا و کەسیش بۆی نیە ناوی بێنێ.
* بۆ ئەوەی بناسرێ و دەرکەوێ و هەر لەژێر ناوی ئازادیش، بەدار و بەرددا دێتەخوار و جنێوبارانیان ئەکا لە لایڤەکان و نابێ ڕەخنەشی لێبگرن.
هەستی بەرانبەری بریندارئەکا و بە سادەیی و خۆشگفتی ناوئەنێ.
ئازادی مانای سووکایەتیکردن بە خەڵکی تر یا پێشێلکردنی یاسا یا جنێودان یا خواردنی مافی بەرانبەرنیە، بۆچی ئەوەی بۆ خۆتت ناو ناوە ئازادی بۆ بەرانبەرەکەت بە بەرەڵایی و ناهەقی ئەزانی؟!
کێشەی ئێمە ئەوەیە تا ئێستا ئازادی لە بەرەڵایی جیاناکەینەوە بۆیە زۆرجار وەک بزن و مەڕ گێلانە لەدوای هەندێک کەس و لایەن ئەڕۆین و زۆر درەنگ گێلێتی خۆمان بۆ دەرئەکەوێ، لای ئەوانەش کە لەدوایان ڕۆیشتووین لە ساویلکە و نەزانێک زیاتر هیچی ترنین.

 291 جار بینراوە