سەرەکی » ئابووری » عیراق داوای دەسەڵاتی بەنداو و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم دەكات

عیراق داوای دەسەڵاتی بەنداو و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم دەكات

لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی كە حكومەتی عیراق گرتویەتیەبەر، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەیەوێت دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر بەنداوەكان و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق كردووە، بە زووترین كات پلانێك بۆ ئەو بابەتە ئامادە بكەن.
لەگەڵ توركیا تاوتوێكراوە
رۆژنامەی (سەباح)ی زمانحاڵی رەسمی حكومەتی عیراق رایگەیاندووە: سەرەتای ئەم هەفتەیە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئامادەی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق بووە و گفتوگۆ كراوە لەبارەی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر بەنداوەكان و سەرچاوەكانی ئاوی عیراقدا.
رۆژنامەكە نوسیویەتی: «بابەتی گێڕانەوەی بەنداوەكان بۆ ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی عیراق، لە سەردانەكەی ئەم دواییەی عەبادی بۆ توركیاش باسی لێوەكراوە و لەوچوارچێوەیەشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەو سەردانەدا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی رایگەیاندوە كە پڕۆژەی دروستكردنی بەنداوێكی نوێی لەگەڵ عەبادی تاوتوێكردووە بۆ ئەوەی هەردوو وڵات سودمەند بن لە سەرچاوە ئاوییەكان».
دەخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی عیراق
لەبارەی رێوشوێنەكانی حكومەتی عیراقەوە سەبارەت بە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بە كەناڵی كوردسات نیوزی راگەیاندوە: پێشتریش حكومەتی عیراق داوای كردووە بەنداوەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەڕێوەببرێن، بەڵام حكومەتی هەرێم وەڵامی ئەو داواكارییەی عەبادی نەداوەتەوە.
دوای ئاڵۆزبوونی رەوشەكە، حكومەتی بەغدا دەیەوێت تاك لایەنە هەنگاو بنێت بۆ گێڕانەوەی بەنداوەكان بۆ ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی عیراق، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان و كۆگاكانی ئاو راشیگەیاندوە: ئەگەر ئەو هەنگاوە جێبەجێ بكرێت، ئەوا بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان دەخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی عیراق.
بەپێی دەستووری عیراق
عەبادی لە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەنداو و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان پشتی بە مادەی ١١٠ی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ی عیراق بەستووە كە دەڵێت حكومەتی فیدراڵی بە تەنها خۆی مافی دارشتنی ئەو سیاسەتانەی هەیە كە پەیوەستن بە سەرچاوەكانی ئاوی دەرەوەی عیراقەوە.
print

 27 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*