سەرەکی » وەرزش » میسی به‌ باشترین یاریزانی وه‌رزی رابردووی خولی ئیسپانیا دیاری كرا

میسی به‌ باشترین یاریزانی وه‌رزی رابردووی خولی ئیسپانیا دیاری كرا

ده‌سته‌ی یانه‌كانی خولی ئیسپانیا به‌ هاوكاری رۆژنامه‌ی‌ ماركا ئاهه‌نگی باشترینه‌كانی وه‌رزی رابردووی خولی ئیسپانیای رێكخست و لیۆنێل میسی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی‌ بارسێلۆناش خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی پێدرا.
میسی وه‌رزی رابردوو توانی به‌ 34 گۆڵ ببێته‌ گۆڵكاری وه‌رزی رابردووی خولی ئیسپانیا و گۆڵكاری خوله‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌وروپا بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌دا خه‌ڵاتی پی چی چی پێدرا كه‌ ساڵانه‌ ماركا ده‌یدات به‌ گۆڵكه‌ری خولی ئیسپانیا.
میسی له‌وه‌ته‌ی‌ به‌شداری خولی ئیسپانیا ده‌كات پێنجه‌م جاریه‌تی نازناوی پی چی چی ده‌باته‌وه‌و پێویستیشی به‌وه‌یه‌ وه‌رزێكی تر خه‌ڵاته‌كه‌ بباته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كه‌ی‌ ایلمۆ زارای ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی‌ ئه‌تله‌تیك بیلباو یه‌كسان بكاته‌وه‌ كه‌ توانیویه‌تی 6 جار خه‌ڵاتی گۆڵكه‌ری خولی ئیسپانیا بباته‌وه‌.
له‌ پاڵ ئه‌و خه‌ڵاته‌ش میسی خه‌ڵاتی دی ستیفانۆی تایبه‌ت به‌ باشترین یاریزانی وه‌رزی رابردووی خوله‌كه‌ی پێدراو خه‌ڵاته‌كه‌ش له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌لایه‌ن خافێر تیباسی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی خولی ئیسپانیاوه‌ پێی درا.
دیاری كردنی میسیش به‌ باشترین یاریزانی وه‌رزی رابردووی خولی ئیسپانیا هه‌ر له‌ خۆوه‌ نه‌بوو به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌بوو كه‌ ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ له‌ بردنه‌وه‌ی‌ نازناوه‌كه‌ هه‌یبوو، كه‌ له‌ پاڵ تۆماركردنی 34 گۆڵ خاوه‌نی زۆرترین ئه‌سیستیش بوو.
به‌مه‌ش میسی بۆ جاری شه‌شه‌م له‌ ژیانی وه‌رزشی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی خولی ئیسپانیای برده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ناوی دی ستیفانۆی ئه‌فسانه‌ی‌ كۆچ كردوی ریاڵ مه‌درید ناونراوه‌
دوای ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی وه‌رزی رابردووی پێ به‌خشی خافێر تیباس دوپاتی كرده‌وه‌ میسی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیه‌و دوای وازهێنانیشی ساڵانه‌ خه‌ڵاتێكی تایبه‌ت ده‌كه‌ن به‌ناوییه‌وه‌.
یان ئۆبلاكی گۆڵپارێزی یانه‌ی‌ ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدیش بۆ سێیه‌م ساڵ له‌سه‌ریه‌ك خه‌ڵاتی زامۆرای پێدرا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ باشترین گۆڵپارێزی خولی ئیسپانیاو خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌درێت به‌و گۆڵپارێزه‌ی له‌ماوه‌ی‌ وه‌رزێك كه‌مترین گۆڵی لێده‌كرێت.
مارسیلینۆ گارسیا تۆرالی راهێنه‌ری یانه‌ی‌ ڤالانسیاش خه‌ڵاتی باشترین راهێنه‌ری وه‌رزی رابردووی پێدرا كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ یانه‌كه‌ی‌ پله‌ی چواره‌می خولی ئیسپانیای به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام ئه‌و راهێنه‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش ئاستی ڤالانسیای به‌رز كرده‌وه‌و دوای چه‌ند وه‌رزێك دابڕان یانه‌كه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ چامپیۆنس لیگ.
مارسیلینۆ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵاتی باشترین راهێنه‌ری وه‌رز له‌ ركابه‌ری به‌هێزدابوو له‌گه‌ڵ دیگۆ سیمیۆنی راهێنه‌ری ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید و دواجاریش توانی به‌ كۆكردنه‌وه‌ 69 خاڵ و به‌جیاوازی خاڵێك له‌گه‌ڵ سیمیۆنی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت.
یاگۆ ئه‌سپاسی یاریزانه‌ی‌ یانه‌ی‌ سێلتاڤیگۆش دوای ئه‌وه‌ی‌ وه‌رزی رابردوو له‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی گۆڵكاره‌ ئیسپانیه‌كان هات خه‌ڵاتی زارای برده‌وه‌ كه‌ ده‌درێت به‌و یاریزانه‌ ئیسپانیه‌ی زۆرترین گۆڵ بكات.
خه‌ڵاتی گۆڵی ئاڵتونیش درا به‌ مانوێل رۆدریگێزی یاریزانی یانه‌ی‌ لیفانتی كه‌ گۆڵه‌كه‌ی‌ كه‌ به‌رامبه‌ر ریاڵ سۆسیداد كردی به‌ جوانترین گۆڵی وه‌رز دیاری كرا.

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*