سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » كورد لە هاوكێشەكەدا

راستییەکەی

كورد لە هاوكێشەكەدا

لەسەروبەندی جەنگی جیهانی زۆر لە میللەتانی ژێر دەستەی جیهان بەخۆ كەوتن و كەوتنە جوڵەی خۆیان بۆ رزگاری نیشتمانەكەیان . كوردستان بەشە زۆرەكەی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، دەوڵەتی عوسمانیش بەشێكی سەرەكی جەنگ بوو لە پاڵ وڵاتانی سوێندخۆر . لەوكاتەدا كورد هیچ جوڵە و خۆڕێكخستنێكی ئەوتۆی نەبوو ، جگە لە بوونی سەركردەیەكی ژیر و دووربینی سەردەم كەوا بتوانێ‌ خۆی لەگەڵ رەوتەكەدا بگونجێنێ‌ و شتێك بەدەست بهێنێ‌ وەك ئەوەی عەرەب كردیان لە نیمچە دوورگەی عەرەبی بەسەرۆكایەتی حسێنی كوڕی شەریفی مەككە. ئینگلیز لە 17/11/1918دوای 6 رۆژ لە وەستانی جەنگ هاتنە سلێمانی و ئیدارەیەكی كوردیان بەسەرۆكایەتی شێخ مەحمود راگەیاند. ئەوكات هێشتا دەوڵەتی عێراق بوونی نەبوو لەسەر نەخشە و تەنانەت لە كۆڕو كۆبوونەوەكانیش ، بەداخەوە جا هەڵەی ئینگلیز بوو یان كەم پشوویی شێخ مەحمود و دەورووبەرەكەی بوو نەیان توانی لەگەڵ كەشەكە هەڵبكەن و درێژەی پێبدەن و تا سەر بیبەن بۆ ئەوەی دەستكەوتی زیاتری بەدواوە بێت .
دوای ئەوەی ئیدارەكەی شێخ مەحمود نەما ئینگلیز دەوڵەتی عیراقی دروستكردو كوردستانی خستە ناو ئەو نەخشەیە . لەو كاتەوە كورد دۆڕاندی هەرچی كردویەتی لە بازنەی خۆماڵی بووە تاكو ئەوەی لە ساڵی 1991 دەستی كەوت لە ئەنجامی هەلەیەكی رژێمی بەعس كە هەلسا بەداگیركردنی كوێت و كۆتایی هاتنی جەنگی سارد و بوونی یەك جەمسەری دونیا كوردستانی باشور دەستی لە قەوارەیەك گیربوو .
بە دوای ئەودا رووداوی 11ی سێبتەمبەر هاتە كایەوە و پەرچە كرداری ئەمریکا ئەوەبوو رژێمی بەعسی رووخاند كورد زیاتری دەستكەوت لە رووی سیاسی و ئابووری و جوگرافی و سەربازی گەشەی زۆر باشی كرد . لە ئەنجامی سەرهەڵدانی تیرۆرستانی داعش كورد زیاتر لە شوێنی خۆی چەسپا، بەڵام كورد هەرخۆی لەسەر ئەم دەستكەوتانە ئارامی نەگرت و ئەوەبوو دەستی بۆ كارێكی بێ سوود برد ، ئەویش ریفراندۆم بوو ،ئەنجامی ریفراندۆم لە قازانج سفر بوو بەڵام لە زیان یەكجار زۆر بوو .
كێشەی كورد زۆر چۆوە دواوە ، لە ئێستاشدا ئەوەی جڵەوی كێشەی كوردی لە دەستە دوربین نیە بۆ هاوكێشە نێودەوڵەتیەكە ، ئایا بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات ، كورد خراپ لە پێشهاتەكان گەیشت پێی وابوو نەخشەی جوگرافی ناوچەكە بەم رووداوانە دەگۆڕدرێت، بەڵام بە دەركەوت وڵاتانی زلهێز تاكو ئێستا هەوڵیان بۆ ئەوەیە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكو خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری نەكرێت‌ ، بۆیە كورد ئەگەر ووریا نەبێـت لەوانەیە ئەوەندەی ماویەشیەتی لە دەستی بدات بە راستكردنەوەی ئەو هەڵە هەرێمیەی كە سەدام حسێن لە ساڵی 1990 كردی لە ناوچەكەدا.

print

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*