سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » ژن و ژان یا ژانی ژن!

ژن و ژان یا ژانی ژن!

لەو ماوەیە و لە پەیجی گرووپێک بەناو چینی پەروەردەکەری نەوە دوای نەوەیە، ژنێک بەحساب مامۆستایە و دایکیشە، لە کورتە پەیامێکدا ئەفەرموێ:
ئەگەر ژن ئیش بۆ خۆشی خۆی بکا و منداڵەکەی بباتە حەزانە، ئەوا هەقە منداڵەکەش لە داهاتوودا دایکی بباتە خەڵوەتگەی پیران!
لەو پەیامەی وردبوومە هەستمکرد:
پەروەردە لە کوردستان کەوتۆتە دەست کۆلکە خوێندەواری دواکەوتوو.
ژنێک بە ژنایەتی خۆی بیەوێ بە بیانووی منداڵ بەخێوکردن ژن بباتەوە کونجی ماڵ و وەک مریشک هەر جووجەڵە هەڵبێنێ و بەخێویان بکا، ژنێک کە مامۆستایە و نەوەیەک لەسەر ئەوە پەروەردە بکا لە داهاتوو دایکیان ببەنە خانەی پیران وەک سزایەک گوایا دایکەکە ئیشی کردووە و دەستی هاوسەرەکەی گرتووە بۆ ئیدارەدانی ماڵ و دابینکردنی پێداویستی ماڵ، ژنێک بە ژنێتی خۆی سووکایەتی بە ژن بکا و هەموو بەرپرسیارێتی ماڵ و مناڵ بخاتە ئەستۆی ژن، وەک بڵێی ژن مناڵی لە ماڵی باوکی خۆی هێنابێ و باوک هیچ بەرپرسیارێتیەکی نەبێ، ئەو ژنە (نا) مامۆستا کۆلکە خوێندەوارە چۆن ناو نەنێم ژان نەک ژن؟!
خۆ گلەیی لەو پیاوانە هەر ناکەم کە رۆژانە بە پۆستی سەیر و سەمەرە و بەناوی دین و بە ئایەت و حەدیس و وتەی پوشکە رۆشنبیران سوکایەتی بەژن ئەکەن، ئەوە کۆمەڵێک پیاوی تەنها خوێندەواری ناڕۆشنبیرن، گلەییان لێ ناکرێ بەڵام گلەیی لەو ژنیژگە و ژنۆکانە ئەکرێ کە هەرگیز رێز لە خۆیان و هەست و کەسایەتی خۆیان ناگرن، لای ئەوان گرنگ قسەکردنە، نازانن چەندی خۆیان بە کەم بزانن، وەک مێروولە هەر ئەکەونە ژێرپێ و کەس نایانبینێ.
هەرچی سووکایەتیە لەو کۆمەڵگا دواکەوتووە بەژن ئەکرێ، لە مناڵیەوە، ژن بەژنە، گەورە بە بچووک، بەدەل خوێن، دەستدرێژی، کچ بەشووئەدەن باوک و برا خوێنی کچەکەیان وەرئەگرن، کچ هەڵدەگرن، هەر باوک و برا پارە وەردەگرن( ئەوا ئەگەر نەیکوژن), کچ یا ژن سووکایەتی پێ ئەکرێ یا باوک و برا یا مێرد( ئەگەر ژنەکە بەمێرد بێ) پارەکەی وەرئەگرن( دیسان ئەگەر نەیکوژن، زۆرجار ئەشیکوژن و لە دانیشتنێکیش پارەکە وەرئەگرن وەک شتنەوەی شەرەف و تۆڵەسەندنەوەش)!
چ شتێک ماوە ئەو کۆمەڵە( گا) یە شانازی پێوەبکا، هەقە هەرچی ئەوە هەڵس و کەوت و بیر و ڕەفتاری بێ وەک کیسەڵ هەمیشە سەری لە قاوغەکەی دەرنەهێنێ و زماندرێژیش نەکا وەک داکۆکیکاری مافی کەس بێتەدەنگ!
ڕێزم بۆ بنەماڵە و هەر تاکێکی بیرفراوان و ڕۆشنبیر و بەڕێز.

 341 جار بینراوە