سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » من و ماتریالیزمی دیالێکتیک!پەڕە 3

من و ماتریالیزمی دیالێکتیک!

ئەوکاتەی منیان لە پۆلێکی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران ڕێکخست، نە تەمەن و نە ئاستی ڕۆشنبیریشم هی ئەوەبوو لەو ریزبەندیەبم و لەگەڵ ئەوانە لە کۆبوونەوە دانیشم کە تەمەن و ئاستیان زۆر لەمن بەرزتربوو بەڵام چونکە بە خواستی خۆم بوو زۆر ئاسوودە و بێ گلەییش بووم.
شەوێک لە کۆبوونەوەیەک کە براکانیشم لەگەڵ بوون، ئەوانیش ئەندامی رێکخستن بوون بەڵام لەمن گەورەتر و بیرفراوانتربوون، بەرپرسیەکەمان دوو کتێبی دامێ و گوتی:
لە کۆبوونەوەی داهاتوو، سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو کتێبە لێت ئەپرسینەوە.
یەکێکیان نامیلکەیەکی سادە بوو بەناوی (کۆمۆنەی سەرەتایی) و ئەوەی تریش، (ماتریالیزمی دیالێکتیک)ی م.برایم جەلال بوو.
هەر چوومەوە ماڵ و بەخێرایی تەماشایەکم کردن و لەبەرخۆمەوە گوتم:
(وەی خۆ من هیچ لە کۆمۆنەی سەرەتایی و ئەو ماتریالیزم و شتە نازانم، هەر نەچمەوە کۆبوونەوە و شەرمەزارنەبم باشترە)!
ئەوشەوە هەر بیرم لە کۆبوونەوەی داهاتوو و پرسیار و وەڵامەکە ئەکردەوە!
ڕۆژی دوایی، ئێوارە باوکم لە دەوام هاتەوە، وەک هەمیشە هانام بۆ برد، گوتم:
باوە، دوێنێ شەو ئەوانەیان دامێ، نە قەت ئەو زاراوانەم گوێ لێبووە، نە ئەزانم ماناشیان چیە)!
ئەو بەحوکمی بەرزی ئاستی ڕۆشنبیریی و تێکەڵاوی لە جیهانی سیاسەت و زمانزانی و خوێندنەوەی بەردەوامی، بەشێوەیەکی سادە منی لە ناوەرۆکی کتێبەکان تێگەیاند کە لەگەڵ تەمەن و ئاستی ڕۆشنبیری ئەوکاتی من گونجاوبوو!
لەخوام دەویست زوو کۆبوونەوەکە بێتەوە، ئاخر وەک خوێندکارێکی زیرەک باش خۆم ئامادەکردبوو، کەچی لە کۆبوونەوەکە پرسیارێکیشیان لێم نەکرد.
دواتر بۆم دەرکەوت ئەوەی کتێبەکانی دامێ خۆشی مانای کۆمۆنەی سەرەتایی و ئەزموونەکەی لە فەرەنسا و ماتریالیزم و تەنانەت دیالێکتیکیشی نەدەزانی و هەر باوەڕیشی پێ نەبوو!
زۆربەی ئەوانەی ئەوکات هەوڵیان ئەدا ئێمەی (کەرەسەی خاو)ی ئەوێ ڕۆژێ بکەنە پەیژە بۆ سەرکەوتن و خۆدروستکردنیان؛ ئێستا پارە و پۆست و سەرمایە ڕایگرتوون و کردوونی بە سەرمایەدار و ئێمە و کۆمەڵە و ماتریالیزم و ئەو چینە پڕۆلیتاریا و شۆڕشەی باسیان ئەکرد; بەیەکەوەیان زیندەبەچاڵ کردین و خۆشیان بەرزفڕین و فشەیان بە ئێمە و بە ڕابردووی خۆشیان دێ.
خەریک بوو هی وەک منیش بکەنە دوژمنی بنەماڵەکەشمان، گوایە بنەماڵەیەکی بەگ و دەرەبەگین!
هەرباشبوو بەو چەکوش و داسەی سەر ئاڵاکە هەڵمان نەکوتا سەر کەس وکارمان بۆ سەرخستنی چینی پڕۆلیتار بەسەر دەرەبەگ!

 627 جار بینراوە