سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌ » كۆبوونەوەكەی نوێنەران دواخرا

بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە

كۆبوونەوەكەی نوێنەران دواخرا

بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە، كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین بە 8 وەزیری دیكەی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق دواخرا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش تەئكید لە ئیستحقاقی خۆی لە حكومەتی نوێی عیراقدا دەكاتەوە.

رێژەی یاسایی تەواونەكرا
دانیشتنەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران دوای دووجار گۆڕانكاریی لە كاتەكەی، سەرئەنجامیش بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی و ناڕەزایی دژی ژمارەیەك لە كاندیدەكان، «دانیشتنەكە دواخرا بۆ رۆژی پێنجشەممە». ئەمەش لەكاتێكدابوو كە هاوپەیمانیی سائیرون و فراكسیۆنی یەكێتی و چەند فراكسیۆنێكی دیكە بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد. هاوكات لە ژمارەیەك لە كەناڵەكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران بڵاوكرایەوە. هەروەك پێش دانیشتنەكەش سەرۆك وەزیران و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوونەوە، بەڵام بەپێی لێدوانی پەرلەمانتاران «كۆبوونەوەكە بێئەنجام بووە».

وردەكاریی متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ
شەوی 2\3/10/2018، سەرۆك كۆمار، د.عادل عەبدولمەهدی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، شەوی 24\25/10/2018ش ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ كۆبۆوە و لە كۆبوونەوەكەدا متمانە بەخشرایە د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و 14 وەزیری كابینەكەی، بەهۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانیشەوە، متمانەبەخشین بە 8 وەزیری دیكە تائێستا چەند جارێك دواخراوە. یەكێك لەو وەزارەتانەش وەزارەتی داد بوو، ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی لێدوانی ژمارەیەك لە لێپرسراوان و پەرلەمانتارانی عیراق «لە سەرەتای گفتوگۆ و دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، یەكەم وەزارەت كە یەكلاكرایەوە وەزارەتی داد بوو بۆ یەكێتی و كاندیدەكەشی دیاریكرابوو»، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت وەزارەتی داد یەكێكە لەو وەزارەتانەی كە تائێستا ململانێی لەسەرە و لێپرسراوانی یەكێتیش هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ «گەلەكۆمەكێ دژی یەكێتی»، تەئكیدیش دەكەنەوە «سازش لەسەر ماف و ئیستحقاقی كورد و یەكێتی ناكەین». ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیش لە كۆبوونەوەی رۆژی 1/12/2018دا، «پێداگریكرد لە وەرگرتنی پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی فیدرالی عیراق».
دوێنێش فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: زانیاریمان پێگەیشتووە كە هەوڵێك هەیە بۆ دوورخستنەوەی یەكێتی لە حكومەتی نوێی عیراق، لە كاتێكدا بەپێی كورسی پەرلەمانی بێت، یەكێتی لە وەزارەتی داد زیاتری بەردەكەوێت.

هەڵوێستی یەكێتی
لەبارەی هەوڵدان بۆ بێبەشكردنی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی عیراقدا، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئێوارەی دوێنێ لە لێدوانێكدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێمە پێمان وایە ئەمە گەلەكۆمەكێیە دژی یەكێتی، بۆیە قبووڵی ناكەین و بە كارێكی ناڕەوای دەزانین، «وەك یەكێتی تەئكید لە ئیستحقاقی خۆمان لە حكومەتی نوێی عیراقدا دەكەینەوە».
لەلایەکی دیکەوە، ماوەی سێ رۆژە وەفدێكی یەكێتی لە بەغدایە و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا كردووە. لە كۆبوونەوەكانیشدا «گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسیی عیراق و ناوچەكە و تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی نوێی عیراق و ئیستحقاقی كورد و یەكێتی و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان كراوە».
لەوبارەیەشەوە ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی وەفدی یەكێتی لە بەغدا، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان.

هەڵوێستی فراكسیۆنی سەوز
د.جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامی وەفدی یەكێتی لە بەغدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك وەفدی یەكێتی لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەك لە لێپرسراوانی باڵای حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا كۆبووینەوە و پەیامی یەكێتیمان پێڕاگەیاندن، وتیشی: بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر ماف و ئیستحقاقی كورد و یەكێتی ناكەین و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان.
زۆربەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد
هەرلەوبارەیەوە د.بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هاوپەیمانیی سائیرون و فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و نەوەی نوێ و چەند فراكسیۆنێكی دیكە، بایكۆتی دانیشتنەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد و بەوهۆیەشەوە رێژەی یاسایی تەواونەكرا و دانیشتنەكە دواخرا بۆ رۆژی پێنجشەممە. وتیشی: وەك فراكسیۆنی سەوز بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان و یەكلاكردنەوەی وەزارەتی داد بۆ یەكێتی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئامادەكاریی بۆ بودجەی 2020 دەكرێت

ئامادەكاریی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2020 دەكرێت. ...