سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ‎سێ پارچه‌ شیعر

‎سێ پارچه‌ شیعر

‎ئاوات حه‌سه‌ن ئه‌مین

‎روانین له‌ كونی ده‌رزییه‌وه‌

كورتبین مه‌به‌ هاوڕێ
سه‌ره‌تای تۆش
له‌ زۆر سه‌ره‌تای تر
باشتر نییه‌ .
ره‌نگبێ تۆ به‌خته‌وه‌ر بی
له‌وه‌ی .. هه‌ر زۆر زوو
فه‌رشی سووریان بۆ ڕاخستی.
وه‌لێ ئێمه‌ رێگاكه‌یان
دڕك ڕێژكرد ..
بۆیه‌ تۆ شیعره‌كانت
به‌ مه‌ره‌كه‌بی چینی
نووسی،
ئێمه‌ش به‌ خوێن..!

دووانه‌كان

‎باران زه‌وی ئه‌شواته‌وه‌
‎خوناوی تۆش ناخی من
‎دره‌خت هێلانه‌ بۆچۆله‌كه‌ چێئه‌كا
‎ئامێزی تۆش ماڵه‌ بۆ من
‎شیعر نه‌مری ئه‌به‌خشێ به‌تۆ و
‎تۆش سۆزو خۆشه‌ویستی به‌ من

‎دواین میوان

‎وه‌ره‌ ژوورێ
‎به‌بێ ده‌نگی.. زۆر به‌خشپه‌
‎خۆت به‌ ماڵه‌كه‌مدا بكه‌
‎به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س هه‌ستت پێ بكات
‎وه‌ره‌و له‌ ژووری كتێبخانه‌كه‌م دانیشه‌
‎ره‌نگبێ چایه‌كیشت بۆ تێبكه‌م
‎وه‌ك هه‌ر میوانێكی تر
‎كه‌ سه‌ردانی ماڵه‌كه‌م ده‌كا
‎چه‌ند ساتێ له‌سه‌رم بوه‌سته‌
‎بادوا نیگام به‌وجێگایه‌دا بگێڕم
‎كه‌ ساڵانێك
‎په‌یتوكه‌ی شیعرمی
‎له‌ ئامێز ده‌گرت
‎ئه‌وسا ئیتر پێكه‌وه‌
‎له‌و شوێنه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وین
‎وه‌لێ ته‌نها داواكاریم له‌ تۆ
‎ئه‌وه‌یه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی خێزان و كوڕه‌ كه‌م
‎له‌ خه‌و هه‌ڵسن
‎به‌ ئه‌سپایی
‎رۆحم بكێشه‌
‎چونكه‌ له‌وه‌ به‌سوێ تر نییه‌
‎كاتێ كه‌ گیانم ده‌رئه‌چێ
‎ئه‌وان ئاگایان لێی بێت

print

 113 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*