سەرەکی » ئابووری » پیشه‌ی‌ هه‌نگه‌وانی‌ له‌ گونده‌كان

پیشه‌ی‌ هه‌نگه‌وانی‌ له‌ گونده‌كان

هه‌میشه‌ واوتراوه‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ گوندنشینان به‌پیشه‌ی‌ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه‌وه‌ سه‌رقاڵن و گونده‌كانیش جگه‌ له‌و جۆره‌ ئیشانه‌ كارێكیتریان نییه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان كاته‌كانی‌ خۆیانی پێوه‌ به‌سه‌ر به‌رن و ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كیش بۆ پاره‌داركردنی‌ گوندنشینان.
له‌ئێستادا هه‌نگه‌وانی‌ له‌هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه‌، هه‌ندێك له‌هاوڵاتیان وه‌ك حه‌زێك و هه‌ندێكیتریش وه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ پاره‌داركردن له‌پیشه‌كه‌ ده‌ڕوانن و هه‌نگداری‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌بۆنه‌ی‌ ده‌ستكاریكردنی‌ به‌رهه‌مه‌كه‌وه‌ زیان گه‌یشتۆته‌ پیشه‌كه‌ و هه‌موو كه‌سێك ناوێرێت هه‌نگوینی بازاڕه‌كانی‌ كوردستان بكڕێت كه‌ له‌گونده‌كانه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌.
تۆفیق محه‌مه‌د دارۆخانی‌ یه‌كێكه‌ له‌هه‌نگه‌وانه‌ ناسراوه‌كانی كوردستان و له‌ باره‌ی پیشه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ گوندستانی‌ نوێ دواو وتی: به‌روبومی هه‌نگ له‌گونده‌كانی‌ كوردستاندا زه‌حمه‌ته‌ كه‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌ربكات و سودی لێببینێت، ئه‌مه‌ش به‌بۆنه‌ی‌ به‌رهه‌می ئێرانییه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا هه‌نگوینێكی زۆر له‌ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت و بازاڕی هه‌نگوینی خۆماڵی‌ شكاندووه‌. دواجار مه‌سه‌له‌ی‌ به‌روبومی هه‌نگیش ساڵ بۆ ساڵ ده‌گۆڕێت، به‌تایبه‌ت ساڵی ڕابردوو به‌رهه‌مه‌كه‌مان زۆر كه‌م»
جۆرو ماركه‌ی‌ هه‌نگوینه‌كان له‌كوردستاندا وایكردووه‌ كه‌، هه‌نگوینیش وه‌ك هه‌ر به‌رهه‌مێكیترو وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كیتر له‌نێوان ئه‌سڵ و نائه‌سڵیدا دابه‌شبووه‌ و هاوڵاتیان ناوێرن هه‌موو جۆره‌ هه‌نگوینێك بكڕن به‌پاره‌یه‌كی زۆر و دواجار نائه‌سڵیش بێت.
تۆفیقی دارۆخان له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد : كوردستان چه‌ندان جۆر هه‌نگوینی بۆ دێت به‌ڵام هه‌نگوینی ئێران زیاتره‌ چونكه‌ هه‌رزانه‌، به‌ڵام هه‌نگوینی وڵاتانیتر گرانه‌و یه‌ك كیلۆی به‌ 100 دۆلاره‌، به‌ڵام هه‌نگوینی ئه‌سڵی خۆماڵی كوردیمان هه‌یه‌ كه‌ خۆم هه‌مه‌ كیلۆی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ 60 هه‌زار كه‌ كه‌سی بێگانه‌ ناتوانێت لێم بكڕێت.
له‌باره‌ی‌ جۆره‌كانی‌ هه‌نگیشه‌وه‌ له‌كوردستان، ئه‌و هه‌نگه‌وانه‌ وتی : هه‌نگی جۆراوجۆرمان هه‌یه‌، كه‌ڕه‌نۆڵی هه‌یه‌، ئیتاڵی هه‌یه‌ ئێرانی هه‌یه‌، پاشان هه‌نگی تایبه‌ت به‌كوردستانی‌ خۆمان هه‌یه‌، ئه‌وه‌یشی جۆره‌ باشه‌كه‌یه‌تی كه‌ ئیتاڵییه‌ و كاتی‌ خۆیشی ڕێكخراوه‌كان ئه‌و جۆره‌ی‌ هه‌نگیان دابه‌شده‌كرد به‌سه‌ر جوتیاران و گوندنشینانی كوردستاندا.
له‌باره‌ی‌ كه‌شوهه‌وای‌ كوردستانیشه‌وه‌ بۆ هه‌نگ و هه‌نگداری‌، تۆفیقی دارۆخان وتی : كه‌شوهه‌وای‌ گونده‌كانمان زۆر گونجاوه‌ بۆ هه‌نگداری‌ به‌ڵام به‌بۆنه‌ی‌ ئه‌و كشتوكاڵه‌ زۆره‌وه‌ له‌گونده‌كاندا ده‌كرێت زه‌ره‌ری له‌هه‌نگ داوه‌، چونكه‌ زه‌راعه‌ت به‌ده‌واو ده‌رمان به‌رهه‌م دێت، ئه‌و هه‌نگه‌یش حه‌زی له‌گوڵه‌و ئه‌چێت بۆ ئه‌و هه‌ڵاڵه‌یه‌ی له‌ناو ئه‌و زه‌رعاته‌دایه‌، به‌مه‌ش هه‌نگه‌كه‌ ناگاته‌ ماڵه‌وه‌ له‌ناو ده‌چێت.
هاوكات هه‌ندێكیتر له‌هه‌نگه‌وانه‌كان ئه‌م كاره‌ بۆ خۆشی و كاری‌ تایبه‌ت و جه‌وی خۆیان ده‌كه‌ن و هیچ به‌رهه‌مێكی لێنافرۆشن و هه‌رچی ئه‌و هه‌نگانه‌ به‌رهه‌می بهێنن بۆ خۆیانه‌ و نایبه‌نه‌ بازاڕه‌كان بۆ فرۆشتن.
محه‌مه‌د مه‌حموود هه‌نگه‌وانێكیتر بۆ گوندستانی‌ نوێ دواو وتی : من ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌ له‌گونده‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌ستم به‌كاره‌كه‌م كردووه‌ و ژماره‌ی هه‌نگه‌كانیشم ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان بگوازمه‌وه‌ بازاڕ و بیانفرۆشم، ئه‌م كاره‌ وه‌ك حه‌زێكی خۆم ده‌كه‌م و چاوم له‌قازانج و نرخی هه‌نگوین نییه‌.
محه‌مه‌د مه‌حموود وتیشی : ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌گونده‌كانیشه‌وه‌ خاكێكی باش نییه‌ بۆ هه‌نگداری‌ و به‌رهه‌مێكی ئه‌وتۆی نابێت، هه‌نگداری‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ باشه‌ كه‌ سه‌وزایی و گوڵ و باخچه‌ی‌ زۆری‌ لێیه‌ به‌ڵام له‌گه‌رمیاندا ئه‌مه‌ كه‌مه‌و به‌ئاسانی ده‌ست نادات.
ئه‌و هه‌نگه‌وانه‌ هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد: هه‌نگداری‌ ئه‌ركێكی قورسه‌ و ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌یشی باش بێت هێشتا نیوه‌ی ماندووبوونه‌كه‌مان نییه‌ و زه‌ره‌ری زۆرتر. ئێمه‌ ڕۆژانه‌ ده‌بێت پاسه‌وانی‌ هه‌نگه‌كان بكه‌ین له‌ترسی زه‌رده‌واڵه‌ و هه‌موو ئه‌و ته‌یرو باڵدارانه‌یتر كه‌ هه‌نگه‌كان ده‌خۆن.
محه‌مه‌دی هه‌نگه‌وان وتیشی : ئه‌م كاره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌حه‌زی مرۆڤه‌كانه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای كاروباره‌ جیاوازه‌كانمان له‌گونددا و دووره‌ ده‌ستیمان له‌شار بۆ هه‌ندێك پێویستیمان بۆ هه‌نگه‌كان ، ئه‌گه‌ر بیر له‌ماندوبوونمان بكه‌ینه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌رهه‌می هه‌نگه‌كاندا، ئه‌وا ناتوانین یه‌ك ڕۆژیتر خه‌ریكیان بین و له‌ناویان ده‌ده‌ین. چونكه‌ ماندووبوونه‌كه‌مان چه‌ندجاره‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌سودی به‌رهه‌می هه‌نگه‌كان.
ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ته‌ كێشه‌ی‌ هه‌نگه‌وانه‌كانی‌ كوردستان، وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكیتر، هێنانی‌ هه‌نگوینی ده‌ره‌كییه‌ بۆ بازاڕه‌كانی‌ كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ نرخی هه‌نگوینه‌ خۆماڵییه‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌جۆرو گرنگی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ دڵنیایی بدرێت و به‌فلته‌ری پێویست و ته‌ندروستدا تێببه‌په‌ڕێت.

 229 جار بینراوە