متمانە!

ساڵی 2010 ئەوکاتەی وانەی پراکتیکی شۆفێریم وەرئەگرت، مامۆستاکەم پیاوێکی بەتەمەنی زۆر قسەخۆش و ئارام بوو، رۆحی شادبێ.
شارۆچکەیەکی 45 دەقە دووری لەو شارەی ئێمە بۆ هەڵبژاردم بۆ ڕاهێنان.
ئێوارەیەکی هاوین ئەهاتینەوە، گوتی:
ئەوڕۆ بە ڕێگایەکدا ئەچینەوە شتێک لەسەر ڕێگا ئەبینی، دڵنیام بەدڵت ئەبێ و زووزووش داوائەکەی بەوێدا بچینەوە!
بیرم بۆ دیمەنی مەڕ و ئەسپ و کێڵگە و جۆگەلە چوو چونکە دەمزانی شارەزام بووە کە زۆرم حەزم لەو سروشتەیە!
گەیشتینە جادەیەکی باریک گوتی:
لێرە ڕاگرە و وەرە خوارەوە، ئەو سندووقانە ببینە!
زیاد لە 5 سندوق و سەبەتەی سەوزە دانرابوون، کەسیش لەوێ نەبوو، پرسیم:
ئەوانە چین و هی کێن و بۆ لێرەن؟
گوتی:
هی ئەو جوتیارانەی ئێرەن، بەو شێوەیە بەروبوومیان ئەفرۆشن بێ ئەوەی خۆیان لەلای دانیشن، ئەگەر هیچت ئەوێ، ئەتوانی هەڵگری و پارەشی بۆ دانێ ئەو سەبەتە بچووکە!
سارد بوومەوە و سەرم سوڕما لەو متمانەیەی کابرا هەیەتی و لەو هەموو پارەیەش کە خەڵک شتیان کڕیبوو و پارەشیان بۆ دانابوو!
منیش هەندێکم کڕی و پارەم دانا، مامۆستاکەم گوتی:
تۆ پارەی زۆرت دانا، لێرە هەرزانترە چونکە خۆی پارەی گومرگ و هاتوچۆی نادا.
گوتم:
وەک هاندانێک زیاترم بۆ دانا، با بزانێ ئەو چەند متمانەی داوەتە کڕیار، ئێمەش ئەوەندە ڕێز لە خۆی و متمانەکەی ئەگرین.
لای خۆشمان، بەرپرسەکانمان ئەوانەی لای بەشێکی ماستاوچی و شڕەخۆران دەروێشانە ئەیانپەرستن، ئەمانفرۆشن و قووتیشمان زەقنەبووت ئەکەن و منەتیشمان بەسەرەوە ئەکەن، ئەوانەش کە ماڵ بە ماڵ بۆیان ئەگەڕێین دەنگیان بۆ کۆئەکەینەوە و متمانەیان پێ ئەبەخشین، پێش هەمووشت مشووری موچە و خانەنشینی خۆیان ئەخۆن.
ئنجا وەرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو متمانەت بەکەس بمێنێ و بتوانیت ئیش بۆ دەرچوونی کەس بکەیت!

 379 جار بینراوە