سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: هیچ كات لەناو یەكێتی كێشە لەسەر پۆست ‌و پێگەی داهاتووی ״من״ نەبووە و نییەپەڕە 2

قوباد تاڵەبانی: هیچ كات لەناو یەكێتی كێشە لەسەر پۆست ‌و پێگەی داهاتووی ״من״ نەبووە و نییە

لەدیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەندێك بۆچوون‌و قسەو باسی لەسەر ئێمە خستۆتەڕوو. لەگەڵ رێزماندا بۆ كاك فازڵ میرانی، ئەم ڕوونكردنەوەیەمان بەپێویست زانی:
بەندە كەسێكی كوردستانیم‌و كوڕی رابەرو دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مام جەلال تاڵەبانی-م‌و نیوەم هی هیچ حزبێكی تر نییە‌و موڵكی كەسیتر نیم، تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیم‌و هەرگیز نە پارتی بووم‌و نە دەبم. ئەو هاوئاهەنگی‌و پەیوەندییە باشەشی لەگەڵ هەڤاڵانی پارتیدا هەمبووە لە چوار ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسۆنگەی پەرۆشی‌و دڵسۆزی بووە بۆ فەراهەمكردنی ئارامی‌و برەودان بە كاری پێكەوەیی لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان‌و تێپەڕاندنی گرژییەكانی رابردوو، بۆیە هیچ شیاو نییە خراپ كەڵكی لێوەربگیرێت‌و بەلاڕێدا ببرێت‌و هەوڵ بدرێت بۆ ئامانجی تر بەكاربهێنرێت.
من شەرەفی ئەوەم پێبڕدرا سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی بم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەر پۆست‌و پلەو پایەیەكیش وەربگرم لەقۆناغی داهاتوودا لەسەر داواو پێشنیارو بڕیاری تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت نەك هیچ كەس‌و لایەنێكی تر.
هیچ كات لەناو یەكێتی كێشە لەسەر پۆست‌و پێگەی داهاتووی «قوباد تاڵەبانی» نەبووەو نییە، ئەگەر هەر گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوەیەكیش لەسەر شێوازی بەشداریكردنی یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هەبێت، بابەتێكی ناوخۆیی حزبییەو هیچ بوارێكی تێدا نییە بۆ ئەوەی لایەنی تر قسەی تێدا بكەن‌و ئەو بابەتانە لەچوارچێوەی سەركردایەتی‌و بنكەی جەماوەریی یەكێتی یەكلایی دەكرێنەوەو بڕیاری پێویستیان لەبارەیەوە وەردەگیرێت وەك چۆن لەپێشتریش هەر وا كراوە.

قوباد تاڵەبانی

 144 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*